لە ماوەى ساڵێکدا (40) هەزار کەس سەردانى کتێبخانەکانى هەرێمى کوردستانیان کردووە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لە بە دواداچوونێکى ماڵپەڕى نوچەنێت سەبارەت بە ژمارەى ئەو کەسانەى سەردانى کتێبخانە گشتییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە، بەڕێوەبەرى گشتیى کتێخانەى گشتیى سلێمانى ڕایدەگەیێنێت، "ئەمساڵ زیاتر لە (10) هەزار کەس سەردانى کتێبخانەیان کردووە."

ماڵپەڕى نوچەنێت بۆ زانینى ژمارەى ئەو کەسانەى ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان سەردانى کتێبخانە گشتییەکان کردووە، لە بەدواداچوونێکدا پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرى سەرجەم کتێبخانەکانەوە کرد، تەنیا بەڕێوەبەرى گشتیى کتێبخانەى هەولێر، دواى چەندین جار پەیوەندیکردن، وەڵامى پەیوەندییەکانى نوچەنێتى نەدایەوە.

ئالان رەئووف بەڕێوەبەری گشتیى کتێبخانەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، "(10621) کەس بووە، کە (5527) کەس لە رەگەزی نێر بووە، (5094) کەسیش لە رەگەزی مێ بوون، کۆی گشتی سەردانیکەرانی شار و شارۆچکەکانی سەربە کتێبخانەی گشتی سلێمانی، (24443)کەس بووە، (12927)هەزار کەس رەگەزی نێر، (11516) هەزار کەس رەگەزی مێ بوون، لە مساڵیشدا بەڕێوەبەری گشتیى کتێبخانەی سلێمانی (844) ژمارەی سپاردنى بەخشیوە بە بڵاوکراوەکان، وە ئەمساڵ (1199) داوى خواستنى کتێبیان کردووە."

سەبارەت بە کەمی سەردانیکەرانی کتێبخانە گشتییەکان ئالان رەئووف گووتیشى، "خوێنەران سەردانى کتێبخانە دەکەن، بەڵام رەنگە رێژەکە لە ئاستی پێویستدا نەبێت، ئێستا کتێبخانەی تر هەیە لە زانکۆکان، پەیمانگاکان، کافتریاکان هەموو ئەوانە کتێبخانەیان هەیە، ئەوانە هەمووی کاریگەری هەیە کە کتێبخانە زۆرە جاران یەک کتێبخانە بوو، ئێستا زۆر بووە."

پارێزگاى دهۆک بەراورد بە شارەکانى تر خوێنەران هەندێ زیاتر سەردانى کتێبخانەیان کردووە، هەروەک مەسعود خالید، بەڕێوەبەى گشتیى کتێبخانەی دهۆک دەڵێت، "شاری دهۆک (4532) هەزار کەس، زاخۆ (3445) هەزار کەس، ئامێدی (735)، ئاکرێ (733)، شێخان (88)کەس کۆی گشتی دەکاتە (9533) سەردانی کتێخانەیان کردووە."

مەسعود خالید هۆکارى کەمى هاتنى خوێنەران بۆ کتێبخانەکان پێیوایە، "خەڵک زیاتر بە سۆشیال میدیاوە سەرقاڵ بووە، ئێستا بە دەیان هەزار کتێب لەناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاوبوونەتەوە، هەر زانیارییەک ئەوان حەزیان لێبێت بیزانن، بە دەنگ و رەنگەوە دەیبینن و دەیبیستن، هەروەها پەروەردە گرنگی نادات بە کتێب خوێندن و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە لەلایەن قوتابیانەوە، چونکە بەداخەوە کەسایەتی مامۆستا و نووسەر لەلایەن حکومەتەوە کەمبەها کراوە، بۆیە خەڵکی حەز ناکەن وەکو رابردوو خوێنەری باشبن، چونکە هەم بەهایەن کەمبووتەوە هەمیش گیرفانیان خاڵییە".

سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیى کتێبخانەى راپەڕین بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لە راپەڕین (1685)، قەڵادزێ (994)، چوارقوڕنە (694)، حاجیاوا  (512)، سەروچاوە (316)، ژاراوە (299) سەنگەسەر (273) هەڵشۆ (252) بنار(702) بنگرد (150) سەید ئەحمەد بۆ منداڵان (2319)."

بەڕێوەبەری گشتیى کتێبخانەى راپەڕین ئاماژە بەوەشدەکات، "ژمارەى خوێنەران وەک ساڵانی رابردوو نەماوە، خەڵکی ژیان و گوزەرانی زۆر خراپە، مووچە و باری مادییان زۆر کەمە. دواتر لە پشدەر و بتوێن و قەڵادزێ یەک کەس نەماوە هەموو گەنجەکانمان رۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات، لە زۆربەی شارەکانی دیکەش رۆیشتوون هۆکارەکەش رەخنە و گلەیی زۆریان هەبووە لە حکومەت هەر بۆیە دەڕوات و وڵات بەجێدەهێڵێت و خوێنەریش کەم دەبێت."

ئەو زیاتر روونیکردەوە و دەشڵێت، "حکومەت لە (2013 بۆ 2014) تا ئێستا یەک کتێبی نوێی بۆ کتێبخانەکان نەکڕیوە، ساڵانی رابردوو هەر کتێبێک چاپکرایە حکومەت یەکسەر دەیناردنە کتێبخانەکان، ئێستا رۆژنامەیەکیشمان بۆ نانێرێت کە بە هەزار دینارە، بۆیە خوێنەرمان کەمە داوای ئەو کتێبەی دەیکات بەردەست نییە، جارێک یان دووان ئیتر دەزانێت کە دەست ناکەوێت نایەتەوە بۆ کتێب، تەنیا ئەو کتێبانە نەبێت کە نووسەرەکان چاپی دەکەن، چونکە دەزگاکان رێژەیەکی کەم دەدەنە نووسەرەکان ئەوی تر بۆ خۆیان دەیفرۆشنەوە. هەر بۆیە کەمێک لە نووسەرکان کاتێک کتێب چاپ دەکەن دابەشی دەکەن بەسەر کتێبخانەکاندا، ئێمە بەس ئەوانەمان بەدەست دەکەوێت ئەویش زۆر نییە، سێ بۆ چوار مانگ (100) کتێبێکمان بۆ دێت."

عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی هەڵەبجە هۆکاری کەمى سەردانى خوێنەران بۆ کتێبخانە گشتییەکان بە نوچەنێتى راگەیاند، "هۆکارەکەی پەیوەندی بە پێشەوە چوونی تەکنەلۆژیاوە هەیە، کە لە ئێستادا کۆمپیوتەر و تەلەفوون سۆشیال میدیا ئەوانە هەیە، بۆیە سەردانی و خواستی خوێنەرانی کتێب کەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە لەسەرەتای ئەمساڵەوە سەردانی کردنی کتێبخانەکەمان باشە، لە ئاستێکی باشدایە بە تایبەتی، قوتابخانەکان و باخچەکان مامۆستاکان سەردانیمان دەکەن رێژەیەکی باشبووە وەکو هەڵەبجەی شەهید."

سەبارەت بە ئاماری سەردانی کردنی کتێبخانەی هەڵەبجە لەمساڵدا عومەر محەمەد دەڵێت، "لەسەرەتای ئەمساڵدا (1199)کەس سەردانی کتێبخانەی کردووە، بە ژمارەى ئەو کەسانەى داواى کتێبیان کردووە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین