‌سەردار عەزیز: سعودیە لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ چین دەیەوێت سەرکردایەتی وڵاتانى عەرەبیش بکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

چاودێرێکى سیاسى کورد، بەڕێوەچوونى لووتكه‌ی عه‌ره‌بی - چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن، بە ئادەبوونى محەممەد بن سەلمان، شازادی جێنشینی سعودیە و شی جی پینگ، سەرۆکی چین، بە جۆرێک لە سەرکێشى ڕیاز بەرامبەر بە ئەمەریکا ناودەبات.

سەردار عەزیز، لێکۆڵەر و چاودیرى سیاسیى کورد، لە نووسینێکدا لەبارەى لووتكه‌ی عه‌ره‌بی - چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن دەڵێت،  "سعودییە سەرکەشی دەکات، یان لە ڕاستیدا محمەد بن سەلمان سەرکێشی دەکات، بەوەی چین وەک دێوزمەیەک پێشانی ئەمریکا دەدات، بەڵام هێشتا ناوێرێت بچێتە بواری ئاسایشەوە. ئەمە کرۆلی دڵەڕاوکێی سەردەمی نوێیە. دەبێت لە نێوان زلهێزەکاندا هەڵبژێریت یان دەتوانیت هەژەمۆنیەتی هەردوولا بپارێزیت؟ ئەزمونێکی نوێیە!"

لە لووتكه‌ی عه‌ره‌بی – چینی، کە چەندین سەرۆکى وڵاتانى عەرەبى تێیدا بەشدار بوون، سەردار عەزیز جەخت لەوەدەکاتەوە، "سعودیە نەک تەنها خۆی بەڵکو کەنداو و عەرەبیشی لە گەڵ خۆیدا راپێچی ئەم رێچکەیە کردووە. بەمجۆرە سعودیە لە ڕێگای پەیوەندی لە گەڵ چیندا دەیەوێت سەرکردایەتی عەرەبیش بکات."

لە نووسینێکدا، کە لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، ئەو لێکۆڵەرە کورد دەڵێت، "ئێران لەوێ نەبوو، بەڵام وەک دێوێک ئامادەبوو. بەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەکە جێگای ناڕەزایی ئێران بوو، نائومێد بوونی ئێران چاوەڕوانکراوە بوو. ئێران خۆی زۆر بە گرنگ دەزانێت لە پەیوەندی لە گەڵ چیندا. ئەم خۆ بە گرنگیزانە بە ئاستێکە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر عێراقی شیعی هەیە، بەڵام چین بەوجۆرە پەیوەندییەکە نابینێت."

محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق یەکێک لە بەشداربوونى لە لووتكه‌ی عه‌ره‌بی – چینی، بە بۆچوونى سەردار عەزیز، "عێراق لە کرۆکی ئەم دۆخەدایە، سودانی دەڵێت دەتوانن ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کۆبکەنەوە، ئەمە بەشێکە لە یاریی ئەم ئیدارەیەی سودانی بەوەی چۆن فشارەکان کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی پارەی زۆری نەوت بخورێت، بەڵام عێراق گۆڕەپانە نەک یاریکەر."

سەبارەت بە کاریگەریى ئێران لەسەرر عێراق و ناوچەکە نووسیویەتى، "ئێستا ئێرانییەکان نیگەرانن لە چین ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت سەر عێراق. چین دزێکی گەورەیە لە عێراق. بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکات، 700 ملیون دۆلار لە دروستکردنی 1000 قوتابخانە بۆ خۆی دەبات، لە کاتێکدا قوتابخانەکان بە پارەی عێراق خۆی دروست دەکرێت، بە دەستی کاری عێراق خۆی، ئەوەی هەیە چین سودمەند بووە و سوودی لێبینراوە." 

ڕۆژى (10-12-2022) ‌لووتكه‌ی عه‌ره‌بی - چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن لە ریاز پایتەختى سعوودیە بەڕێوەچوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین