هێرشه‌كانى سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا دوو په‌یامیان هه‌یه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى سه‌ر بنكه‌ى زلیكان كه‌ بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى توركیایه‌ لە باکووری مووسڵ زیادیان كردووه‌، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، "دوو په‌یام له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌ن كه‌ یه‌كێكیان په‌یامى ئێرانه‌ و ئامانج لێى دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ژموونى توركیایه‌ له‌ مووسڵ".

له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردوودا پێنج هێرشى مووشه‌كى كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى توركیا له‌ باشیک كه‌ به‌ بنكه‌ى زلیكان ده‌ناسرێت. سێ له‌و هێرشانه‌ له‌م مانگه‌ بوون، یه‌كه‌میان له‌ سێى كانوونى یه‌كه‌م، دووه‌میان له‌ چوارى كانوونى یه‌كه‌م، سێیه‌میش له‌ حه‌وتى كانوونى یه‌كه‌م بوو.

له‌م هێرشانه‌ كۆمه‌ڵێك گرووپ تۆمه‌تبار ده‌كرێت له‌وانه‌ :حه‌شدى شه‌به‌ك: عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، كه‌تائیبى حزبوڵا، كه‌تائیبى ئیمام عه‌لى و ئه‌مه‌ گه‌ له‌ په‌كه‌كه‌. یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان باسى له‌وه‌ كردووه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ یه‌كێك له‌ هێرشه‌كان له‌ لایه‌ن گرووپێكى سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام دراون.

شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئەمڕۆ 13 کانوونی یەکەم 2022 باسى له‌وه‌ كردووه‌، دوایین هێرش له‌لایه‌ن چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام دراون. گرووپێكى تریش به‌ ناوى لیواى ئه‌حرارى عێراق گوایه‌ سه‌ر به‌ مقاوه‌مه‌ى ئیسلامییه‌ به‌رپرسیارێتى یه‌كێك له‌ هێرشه‌كانى له‌ ئه‌ستۆگرتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گرووپه‌ ناسراو نییه‌ و گومان ده‌كرێت سه‌ربه‌ حه‌شدى شه‌عبى بێت.

چاودێرانى سیاسى به‌ دوورى نازانن ئێران له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌ بێت، عه‌لا نشوع كه‌ شاره‌زاییه‌كى سه‌ربازییه‌ و له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌مانه‌ هه‌وڵى ئێرانن بۆ دوورخستنه‌وه‌ى توركی له‌ پارێزگاى مووسڵ".

به‌گوێره‌ى  راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید، جگه‌ له‌ ئێران په‌كه‌كه‌یش له‌و هێرشانه‌ په‌یامى خۆى ده‌بێت و مه‌به‌ست لێى سنوورداركردنى هه‌وڵه‌كانى توركیایه‌ له‌ ناو خاكى عێراق.

بنكه‌ى سه‌ربازى زلیكان له‌ باشیك دانراوه‌ كه‌ به‌ دوورى 30 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى مووسڵ، ئه‌و بنكه‌یه‌ له‌ كانوونى دووه‌مى 2015 دامه‌زراوه‌، ژماره‌یه‌كى سنووردار سه‌ربازى توركیاى تێدا جێگیركراوه‌، گوایه‌ وه‌ك به‌شدارییه‌ك له‌ شه‌ڕى رێكخراوى تیرۆریستى داعش و  بۆ هاوكارى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، هه‌روه‌ها بۆ پاسه‌وانانى نه‌ینه‌وا كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌سیل نه‌جه‌فى پارێزگارى پێشووترى مووسڵن، دانراون. حه‌یده‌ر عه‌بادى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو، ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و بنكه‌یه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق له‌وێ دانرابێت و بوونى هێزه‌كه‌ى توركیاى به‌ "ناڕه‌وا"ده‌زانى.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین