راگەیێندراوێک لەبارەی دوو سەردانەکەی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان بۆ بەغدا کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی لەسەر سەردانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بڵاوكردەوە و تێیدا بە بەرپرسانی بەغدای رایگەیاندووە، "هه‌رێمى كوردستان خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێز له‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش."

ئەمڕۆ دووشەممە (28/تشرینی دووەم/ 2022) سەرۆكایەتی راگەێندراوێكی بڵاوكردەوە، لەو راگەێندراوە هاتووە، سەرۆك نێچيرڤان بارزانى دووجار لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زيرانی عێراق کۆبووەوە؛ لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە تەواوی هاوڕابوون كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ک رێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت." 

لەبەشێكی تری راگەێندراوەكە هاتووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، وه‌ک هه‌ميشه‌ هاوكارى و يارمه‌تى پێشكێشی په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام "رێگه‌ به‌ بوونى گرووپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت، بۆيه‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ته‌واوى هاريكارى و هاوئاهەنگی ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنووره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و هاوئاهەنگ ده‌بن و رێكارى پێويست ده‌گرنه‌ به‌ر."

 دەقی راگەیێندراوەکەی سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ ميانى دوا سه‌ردانه‌کانیدا بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانی عێراقی فیدراڵی و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى و سياسيى وڵاتيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌ بۆ پشتگيرى له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى نوێى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا له‌ ماده‌ی (140)، بودجه‌ و شایسته‌ دارایییه‌کان، دۆخی شه‌نگال و کێشه‌کانی وڵات به‌گشتی به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى به‌ ته‌واوى هاوڕا بوون و دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێگه‌ به‌ بوونى گرووپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت، بۆيه‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ته‌واوى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنووره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و ڕێكارى پێويست ده‌گرنه‌ به‌ر. 

سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى دڵنيايى دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ش به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزله‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش. هاوکات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌شتن و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ببه‌ستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵێكی ئه‌رێنی و بنیاتنه‌رانه‌ لەمبارەیەوە بگێڕێت.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین