سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: دەبێت لەماوەى ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەمیانى سەردانیکردنى بریندارانى تەقینەوەکەى سلێمانى و بەشداریکردنى پرسەى قوربانییەکان ڕاگەیاند، “ئه‌مڕۆ ئێمه‌ بۆ ده‌ربڕینی سه‌ره‌خۆشی هاتووین بۆ شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ جه‌نابی پارێزگار به‌شداریمان كرد له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا و په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی خۆمان پێگه‌یاندن. ڕووداوێكی ناخۆش بوو."

ئەمڕۆ شەممە (19/تشرینى دووەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سلێمانى به‌شدارى له‌ پرسه‌ى قوربانییانى ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌دا كرد كه‌ شه‌وى پێرێ پێنجشه‌ممه‌ 2022.11.17 به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى تانكییه‌كى گازى شل، پازده‌ كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ش بریندار بوون.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، "له‌ پرسه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى قوربانییان كرد و هاوسۆزى و هاوخه‌میى قووڵى خۆى له‌گه‌ڵیاندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها هیواى خواست خواى مه‌زن گیانى قوربانییان به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وایى به‌ خێزان و كه‌سوكاریان و هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت."

لەمیانى سەردانییەکەى بۆ سلێمانى، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شار‌ برینداران و به‌ركه‌وتووانى ڕووداوه‌كه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوونى بۆ ڕه‌وشیان كرد، هه‌روه‌ها هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ خواستن و ئاماده‌یى بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌موو هاوكارى و پێویستییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنیان ده‌ربڕى."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا روونکردنەوەى زیاترى دا لە بارەى سەردانییەکەى بۆ سلێمانى و ڕاگەیاند، "هاتنی ئێمه‌ بۆ شاری سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌خۆشی بوو له‌ كه‌سوكاری ئه‌و قوربانییانه‌ی به‌هۆی كاره‌ساتێكه‌وه‌ له‌و شاره‌ ڕوویدا. به ‌ڕاستی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، هه‌موو كوردستان هه‌ر له‌ زاخۆ تا ده‌گاته‌ خانه‌قین و هه‌موو شوێنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، هه‌موومان خه‌مبار بووین و هه‌ر یه‌ك له‌ ماڵی خۆیه‌وه‌ خاوه‌نی ئه‌م پرسه‌یه‌."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، "ئه‌مڕۆ ئێمه‌ بۆ ده‌ربڕینی سه‌ره‌خۆشی هاتووین بۆ شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ جه‌نابی پارێزگار به‌شداریمان كرد له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا و په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی خۆمان پێگه‌یاندن. ڕووداوێكی ناخۆش بوو، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی جه‌نابی پارێزگار بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گوێبیستی بووم كه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌پرسیاریه‌تی كه‌ هه‌موویان شاهێدی ئه‌وه‌ن هه‌م جه‌نابی پارێزگار و هه‌م نه‌خۆشخانه‌ی شار و دكتۆر و هه‌موو ستافی نه‌خۆشخانه‌، به‌رگریی شارستانی، پۆلیس، شاره‌وانی، ئاسایش و خه‌ڵكى خۆبه‌خشی ئه‌م شاره‌ هه‌ر هه‌موویان، ئه‌ركى خۆیان به‌جێهێناوه‌."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕاشیگەیاند، "ئه‌م ڕووداوه‌ سۆزێكی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان دروست كرد كه‌ ئه‌مه‌ جێی شانازییه‌ بۆ هه‌موومان كاتێك ڕووداوێكی وا ڕووده‌دات هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین یارمه‌تیده‌ر بین. سوپاسی یه‌ك به‌یه‌كه‌یان ده‌كه‌م كه‌ به‌شدار بوون و خزمه‌ت و كاریان كردووه‌ و ده‌ستیان ده‌گوشم و سوپاسیان ده‌كه‌م. ئێمه‌ هاوبه‌شی خه‌می ئه‌و خێزانه‌ین، هیوادارین حكوومه‌تیش به‌دواداچوونی پێویست بكات تا به‌ وردی بزانین سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ له‌كوێ بووه‌ و بۆچى ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌؟ بێگومان ئه‌وه‌ ده‌بێت ببێته‌ وانه‌یه‌ك تا هه‌وڵ بده‌ین له‌مه‌ودوا ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ هێمنایی و ئه‌منییه‌ت و سه‌لامه‌تی، وردتر له‌سه‌ری بوه‌ستین."

هاوکاریکردن و بە هاناوەچوونى زیانلێکەوتوانى رووداوەکە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەشدارى هەموانى بەگرنگ زانى و گووتى، "ئه‌وه‌ی‌ پێویست بێت بۆ ئه‌م خێزانه‌ ئه‌نجامی بده‌ین و بێگومان حكوومه‌تیش ئه‌ركى خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت كاری خێرخوازی بكات، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر حزبێك و هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك بێت، ئێمه‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین، پێخۆشحاڵ ده‌بین".

لە بەشێکى ترى قسەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دەربارەى بەشداریکردنیان لە پرسەى قوربانییەکان و ڕێوشوێنه‌كان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی هاوشێوه‌، ئاشكرای كرد، "به ‌ڕاستی ڕووداوێكی تا بڵێی ناخۆش بوو، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان دوور له‌وه‌ی كه‌ به‌پرسیاریه‌تیی من یان به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌وی دیكه‌ چییه‌، هه‌موومان خه‌مبارین و ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو ماڵێك تازیه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ ڕوویدا، به‌ ئه‌ركى خۆمان زانیوه‌ سه‌ردانیان بكه‌ین تا له‌ نزیكه‌وه‌ بیانبینین، بێگومان هه‌رچییه‌كیش پێویست بێت بۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

 

هەر دەربارەى لێکۆڵینەوە کرد لە رووداوەکە، ئەو گووتیشى، "مه‌سه‌له‌كه‌ سه‌لامه‌تییه‌، بێگومان حكوومه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ڕووداوه‌ ده‌كات و ده‌بێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ زیاتر پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاوڵاتییان بنرێن، چونكه‌ كاری حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، بۆیه‌ بێگومان وه‌ك هه‌ر شتێكی دیكه‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌وه‌ستێت و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌رچی پێویست بێت له‌ ڕێنمایی و گۆڕینی یاسا و هه‌رچییه‌ك پێویست بێت جێبه‌جێی ده‌كات."

لەسەر دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بەوەشکرد، "سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن، پێشتریش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌ركی خۆم نامه‌م بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ناردووه‌ و هیوادارم حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ڕێككه‌ون. ئێستا ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵێك و بێگومان ده‌بێت له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەسەر ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى گووتى، "ئه‌وه‌ی وه‌ك بنه‌ما ڕوون و ئاشكرایه‌، ئێمه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كده‌نگ بین، بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بین و بێ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێك بین، ناتوانین هیچ ده‌ستكه‌وتێك بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ و بۆ ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنین. تاكه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنمان یه‌كده‌نگییه‌. بێگومان ئێمه‌ حزبی جیاوازین و ‌حزبه‌ جیاوازه‌كانیش بیروبۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ و ناكرێت ئێمه‌ بڵێین ده‌بێت هه‌موومان وه‌ك یه‌كتر بیر بكه‌ینه‌وه‌."

سەرۆ ک نێچیرڤان بارزانى جەختى لەوەکردەوە، "ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت یه‌ك شت له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موو حزبایه‌تی و هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێمه‌ ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و گه‌ر له‌ به‌یاننامه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆنگره‌ ورد ببنه‌وه‌، ده‌ڵێن لاپه‌ڕیه‌كی نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ست به‌ دانوستان و سه‌ردانی حزبه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌وڵی جددی ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان به‌ شێوه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن. بێگومان سه‌ردانی یه‌كێتی و حزبه‌كانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین