له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ى سلێمانى 15 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى دوایین ئامارى فه‌رمى ژماره‌ى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌ى ته‌نكى گاز له‌ ماڵێكى گه‌ڕه‌كى كازیوه‌ى سلێمانى، 15 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 12 كه‌سیش بریندارن.

ئێواره‌ى دوێنێ 17/تشرینى دووه‌م/ 2022 كاتژمێر 7:38 له‌گه‌ڕه‌كى كازیوه‌ دووى سلێمانى له‌ ماڵى حاجى مه‌زهه‌ر سێرى تانكى گازى ماڵه‌كه‌یان ته‌قیه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ رووداوێكى مرۆیى نه‌خوازراو دروست بوو.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ بۆنه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌سوكارێكى زۆر له‌ ماڵى حاجى مه‌زهه‌ر كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌یشدا وه‌ستایه‌ك خه‌ریكى چاككردنى سیسته‌مى گازى ماڵه‌كه‌ بووه‌، بۆیه‌ له‌و كاته‌دا ته‌قینه‌وه‌یه‌ك رووده‌دات.

زانیارى فه‌رمى و نافه‌رمى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتى ته‌قینه‌وه‌كه‌ 27 كه‌س له‌ ماڵه‌كه‌ بووه‌،  15 كه‌سیان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، 24 كه‌سیش بریندارن. ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ جیا له‌ زیانه‌ گیانییه‌كان، زیانێكى زۆریشى به‌ر خانوو و ئۆتۆمبیلى نزیك له‌ رووداوه‌كه‌ گه‌یاندووه‌.

ئه‌و رووداوه‌ مرۆییه‌ هه‌موو به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانى هێنایه‌ سه‌رخه‌ت، له‌وانه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى كردووه‌، به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتویه‌تى، "بیر و دڵم لای خێزان و که‌سوکاری قوربانیانی رووداوی ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئیمشه‌وی سلێمانییه‌. سه‌ره‌خۆشییان لێده‌که‌م، هاوخه‌میانم. خوای مه‌زن گیانی قوربانیان به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بکات، ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هیوای زووچاکبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازم."

جگه‌له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، ئاماده‌یى خۆیان نیشانداوه‌ بۆ پێشخستنى پرۆسه‌ى به‌هاناوه‌چوون و رزگاركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى تا ئێستا ماونه‌ته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین