وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق كۆبوونه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا شاندێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و هاوكارى یه‌كتر كراوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى ئه‌منى.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/ تشرینى دووه‌م/2022 شاندێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى فه‌ریق روكن عیسا عوزێر سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانى به‌غدایان كرد و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق كۆبوونه‌وه‌.

فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ له‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ، "قه‌یس محه‌مه‌داوى جێگرى فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان پێشوازى له‌ فه‌ریق روكن عیسا عوزێر سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ كرد، به‌ یه‌كه‌وه‌ تاوتوێى چوارچێوه‌كانى هاوئاهه‌نگى و هاوكارى ئه‌منیان كرد، له‌گه‌ڵ كاركردنى هاوبه‌ش".

راگه‌یێندراوه‌كه‌ باس له‌وه‌یش ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسى ئاسته‌نگه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌ و هه‌روه‌ها باسى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ هاوكارى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ به‌دیهاتوون، جگه‌ له‌مه‌یش تاوتوێى پێشخستنى ناوه‌نده‌كانى هاوئاهه‌نگیش كراوه‌.

له‌ كارنامه‌ى حكومه‌تى سوودانى هاتووه‌، ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق هاوئاهه‌نگى زیاتر بكه‌ن بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌و ناوچانه‌ى بۆشایى ئه‌منییان تێدایه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین