له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ته‌عریب داواى نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك له‌ سوودانى ده‌كرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه‌، له‌ ناوچه‌ى خانه‌قین 52 گوندى كورد چۆڵكراون و له‌ شوێنى ئه‌وان خێزانى عه‌ره‌ب نیشته‌جێ كراون، بۆیه‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و بۆ ئه‌وه‌ى داواى نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ له‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق بكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌مى 2022 رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌ر ئه‌مڕۆ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانى باسى چه‌ندان كێشه‌ بكات، كه‌ دیارترینیان ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌.

رۆژنامه‌كه‌ زانیارى ئه‌وه‌ى وه‌رگرتووه‌ شاڵاوێكى ته‌عریبكردنى توند رووى له‌ ناوچه‌كانى خانه‌قین كردووه‌، له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌هۆى فشاره‌وه‌ 52 گوندى كوردنشین له‌ ناوچه‌كانى خانه‌قین چۆڵكراون و له‌ شوێنى ئه‌وان خێزانى عه‌ره‌ب نیشته‌جێ كراون. 36 گوندیان سه‌ربه‌ خانه‌قین و ئه‌وانى تر ده‌كه‌ونه‌ ناحیه‌كانى سه‌عدیه‌ و گوڵاله‌ و قه‌ره‌ته‌په‌.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ نیگه‌رانى بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم چونكه‌ ئه‌مه‌ى رووده‌دات پرۆسه‌ى راگواستنى كورد و جێنشینكردنى خێزانه‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى حكومى به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، له‌ ناوخۆى خانه‌قین له‌ ساڵى 2021وه‌ تا ئێستا 500 خێزانى عه‌ره‌بى له‌ گونده‌كانى خانه‌قینه‌وه‌ تۆمارى ناسنامه‌ى خۆیان بۆ ناو خانه‌قین گواستووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق بووه‌.

محه‌مه‌د شیاع سوودانى كه‌ له‌ 27ى مانگى رابردوو كارنامه‌كه‌ى له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرا، له‌ یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانى باسى له‌ زیندووكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ى كردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین