سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پشتیوانیى خۆى حکومەتى نوێى عێراق دەردەبڕێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق دەڵێت، "هیوادارین ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە، سەرەتای کۆتاییی مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق و ده‌سپێکێکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌ و قەیرانەکان."

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە (27/تشرینى یەکەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق ڕایگەیاند، "بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی کارنامە و هێنانەدی بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنین."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

په‌یامی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی حکوومه‌تی فیدراڵیی عێراقه‌وه‌

بە بۆنەی پەسەندکردنی کارنامە و متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقه‌وه‌، بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگە لە هەموو عێراقییه‌کان دەکەین.

پیرۆزبایی تایبەتیمان بۆ سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سوودانی و ئەندامانی کابینەکه‌ی لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هه‌موویان لە ئەرکه‌که‌یاندا.

هیوادارین ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە، سەرەتای کۆتاییی مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق و ده‌سپێکێکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌ و قەیرانەکان، گەشەی ئابووری، پەرەپێدانی خزمەتگوزاری، سەقامگیری و ئاسایش، ڕاستەڕێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی، چارەسەری دەستورییانەی کێشەکانی هەولێر – به‌غدا و گەڕانەوەی متمانەی گەل بە دامەزراوەکان و ئاوەڕدانەوەی جددی حکوومەت لە داخوازییە ڕەواکانی هاووڵاتیان.

بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی کارنامە و هێنانەدی بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنین. وەک هەمیشە ئامادەییی خۆمان بۆ چارەی هەموو گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا دووپات دەکەینەوە.

جارێکی دیکەش جەخت لەو ڕاستییە دەکەینەوە کە چارەی گرفت و کێشە جۆراوجۆرەکانی عێراق و تێپەڕاندنی سەختییەکانی قۆناغەکە، ئەرک و بەرپرسییاریه‌تیی هاوبەشی هەموو لایەکمانە، بەرژەوەندیی عێراقییه‌کان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لێمان دەخوازێ هەمووان لە ئاستی ئەو بەرپرسییارییه‌تییەدا بین.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٢/١٠/٢٧

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین