سوودانى به‌سه‌ر پێوه‌ره‌كه‌ى سیستانى باز ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د شیاع سوودانى زۆرێك له‌ به‌رپرسانى پێشووى دووباره‌ وه‌ك وه‌زیر له‌ كابینه‌كه‌ى داناوه‌ته‌وه‌، ره‌چاوى ئه‌و پێوه‌ره‌ى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ى له‌ عێراق نه‌كردووه‌، كه‌ ده‌ڵێ، "كه‌سى تاقیكراوه‌ دووباره‌ ناكرێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27 /تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 ناوى ئه‌ندامانى كابینه‌كه‌ى حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌یان به‌رپرس و وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانى ئێستا و پێشوون، دووباره‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ دانراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى ئه‌و پێوه‌ره‌یه‌ كه‌ عه‌لى سیستانى و موقته‌دا سه‌در و شه‌قامى شیعه‌ به‌ گشتى داواى ده‌كات. كه‌ نابێت به‌رپرسانى تاقیكراوه‌ دووباره‌ پۆستیان پێبدرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و لیسته‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌م ناوانه‌ى دووباره‌ن كه‌ هه‌ندێكیان پێشتر له‌ حكومه‌ته‌كانى تر وه‌زیر بوون له‌وانه‌: خالید به‌تال وه‌زیرى بازرگانى، محه‌مه‌د ته‌میم وه‌زیرى پلاندانان، ساڵح مه‌هدى وه‌زیرى ته‌ندروستى، فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، ئبڤان فایه‌ق وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌ران، خالید شوانى وه‌زیرى داد، كه‌ ئێستا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم وه‌زیره‌.

هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كانى تر به‌رپرسیارێتى باڵایان هه‌یه‌، یان ئێستا په‌رله‌مانتارن وه‌ك: ره‌زاق محێبس وه‌زیرى گواستنه‌وه‌، ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایى، نه‌عیم عه‌بودى وه‌زیرى خوێندنى باڵا، عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌رى، حه‌یان عه‌بدولغه‌نى وه‌زیرى نه‌وت.

له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌ له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمارى عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپارد، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ به‌ كابینه‌كه‌ى بدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین