یۆنان لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا لەدژی توركیا تۆمار دەكات تورکیە

نوچەنێت:

بەتۆمەتی پێشێلكردنی رێككەوتنی نێودەوڵەتی لە دەریای ئیجە و دوورگەكانی ئەو ناوچەیە، یۆنان لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا دژ بە توركیا تۆمار دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە (29/ئایار/2022) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاویكردەوە چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی رایانگەیاندووە، "بەهۆی هەڵوێستی توركیا بەرانبەر ڕێككەوتنی یۆنان و توركیا، حكومەتی ئەسینیا دژ بە توركیا نامەیەك ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گوترێس، سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان  دەكات." 

لەو نامەیەدا هاتووە حكومەتی توركیا بە گوێرەی رێككەوتنی لۆزان لە (1923) و پاریس لە (1947) بانگەشەی ئەوە دەكات بەشێوەیەكی واقیعی و مێژوویی و یاسایی یۆنان دەسەڵاتی بەسەر رۆژهەڵاتی دەریای ئیجەدا نییە.

لە بەشێكی تری ئەو نامەیە هاتووە، ئەنقەرە گومان دەخاتە سەر پەیڕەوكردنی سەروەری مافەكانی یۆنان لەو ناوچە دەرییانە.

ناوەڕۆکى نامەکەى یۆنان، وەڵامی رێككەوتنی پاریس دەداتەوە لە ساڵی (1947) سەبارەت بە داماڵینی چەك لە دوورگەی دودیكانیسیا بە پشت بەستن بە باردۆخی دوورگەی ئالاند. 

هەروەها یۆنان لە نامەکەیدا دەڵێت، سووربوونی توركیا لەسەر وروژاندنی ئەو پرسە لە بنەڕەتەوە پرسێكی یاسایی نییە، توركیا بەردەوامە لەسەر بەهێزكردنی پێگەی سەربازی و هەڕەشەكانی.

لە كۆتایی ئەو نامەیە هاتووە، یۆنان داوا دەكات لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی توركیا ئەو هەنگاوانە بوەستێنێت بەشدار بێت لە چارەسەری ئاشتیانە سەبارەت بە دیاریكردنی سنووری دوورگەكان و ناوچەی ئابووری، ئەوەش لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی.

لە چەند رۆژی رابردوو جارێكی تر پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یۆنان ئاڵۆز بووەوە، سەرۆك وەزیرانی یۆنان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا داوای كرد واشنتن چەك بە توركیا نەفرۆشێت، لە بەرانبەردا توركیا كۆڕبەندی ئەنجومەنی كاری یۆنان توركیای راگرت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین