ئۆرهان پاموك: توركيا دەگەڕێتەوە بەرەى ڕۆژئاوا تورکیە

نوچەنێت:

هەرچەندە لە ماوەى رابردوو، حكومەتى توركيا زۆر دژايەتى وڵاتانى رۆژئاواى دەكرد، بەڵام هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، دەرفەتێكى تازەى بۆ ئەنقەرە رەخساندووە بۆ ئەوەى بيسەلمێنێت هاوپەيمانێكى دڵسۆزى ناتۆيە.

ئۆرهان پاموك رۆمانووسى بەناوبانگى تورك رايگەياند، "هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا دەرفەتێكى گرنگى بۆ توركيا رەخساندووە بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ ناتۆ و بيسەلمێنێت ئەنقەرە هاوپەيمانێكى دڵسۆزى ناتۆيە، هەرچەند ئەردۆغان بە دەنگى بەرز ئەو قسەيە ناكات، بەڵام ئەوەى سەيرى رۆژنامەكانى توركيا  بكات، بەڕوونى ئەوە دەبينێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەيە دەنگى هەندێك لەو ئيسلامييانەى دژ بە رۆژئاوا  لەدەست بدات."

لەگەڵ دەستپێكردنى هێرشەكان بۆ سەر ئۆكراينا، توركيا سەركۆنەى ئەو هێرشانەى كردووە، بەڵام نەگەيشتۆتە ئاستى سەپاندنى سزا بەسەر رووسيا، ئەو هەنگاوەى ئەنقەرە جياوازە لە هەنگاوى وڵاتانى ناو هاوپەيمانى ناتۆ، بەڵام توركياش جەخت لەسەر يەكپارچەيى و سەروەرى خاكى ئۆكراينا دەكات.

توركيا پارێزگارى لە ئەندامێتى خۆى لە هاوپەيمانى ناتۆ و پەيوەنديەكى باش لەگەڵ ئۆكراينا و رووسيا دەكات، چەند جارێك ئامادەيى خۆشى دەربڕيووە بۆ ئەوەى نێوەندگيرى هەردوو لايەنى شەڕكەر بكات.

پاموك لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "توركيا لەو ململانێيە دەچێتە بەرەى رۆژئاوا، بەڵام ئەردۆغان ڕايناگەيێنێت."

سەبارەت بە كەسايەتى سەرۆكى رووسيا پاموك پێى وايە، "پۆتين تا ئێستا لە سەدەكانى ناوەڕاست دەژيت، لە كۆتايشدا ئەو جۆرە سەرۆكە زيانى درێژخايەن لە وڵاتەكەى دەدات"

دەربارەى رۆمانى (شەوانى پەتا) ئۆرهان روونى دەكاتەوە، "باس لە چيرۆكى كەسانێك دەكات زەمەنێكى زۆر پێش ئێستا لە سەردەمى ئيمپڕاتۆرى عوسمانى لە دوورگەيەكى خەياڵى ژياون، هەوڵى لەناوبردنى پەتايان داوە."

پاموك لە رۆمانەكانى  بابەتەكان بە رووداوەكانى ئێستا دەبەستێتىەوە، لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "پەتا لە سەدەكانى ناوەڕاست و پۆتين لە سەدەكانى ناوەڕاست، منى بردەوە بۆ چەند بابەتێكى ئەمبێرتۆ ئيكۆ دەربارەى گەڕانەوە بۆ سەدەكانى ناوەڕاست، كە پێويستە بيخوێنينەوە."

سەبارەت بە رووخانى يەكێتى سۆڤيەت زۆربەى وڵاتەكان بە خواستى خۆيان سيستەمى ديموكراسى رۆژئاوا پەيڕەو دەكەن، ئەو رۆمانووسە دەڵێت، "پەيڕەوكردنى سيستەمى ديموكراسى و نزيكبوونەوەى ئەو وڵاتە لە سيستەمى رۆژئاوا هۆكارى راستەقينەى هێرشەكانى ئێستاى ڤلاديمێر پۆتينە بۆ سەر ئۆكراينا، بەڵام لەو هێرشەش شكست دەهێنێت."

دەربارەى دۆخى ئازادى لە توركياش رەخنە لە حكومەتى ئەردۆغان دەگرێت، چونكە ئازادى رادەربڕينى لە توركيا بەرتەسکردۆتەوە، كە خەريكە لە توركيا شتێك نەمێنێت ناوى ئازادى ڕادەربڕين بێت، سەرجەم ئەو رۆژنامە و دەزگا راگەياندنانەى لەو وڵاتە هەيە ئەردۆغان كۆنتڕۆڵى كردوون، دادگا و گرتووخانەكانى توركيا پڕە لەو كەسانەى رەخنەيان لەسەرۆكى توركيا گرتووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین