ئۆپۆزسیۆن داوا دەكات ئەردۆغان دەستبەردارى سیستەمى سەرۆكایەتى بێت تورکیە

نوچەنێت:

شەش پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیا داوا لە سەرۆكى توركیا دەكەن دەستبەردارى سیستەمى سەرۆكایەتى بێت و بگەڕێتەوە بۆ سیستەمى پەرلەمانى.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دووى تشرینى دووەمى (2021) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاویكردەوە، بەهۆى ئەو قەیرانەى رووبەڕووى بەهاى لیرەى توركى بۆتەوە، شەش پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیا هەڵوێستەكانیان یەكدەخەن، بۆ ئەوەى داوا لە سەرۆكى توركیا بكەن دەستبەردارى سیستەمى سەرۆكایەتى بێت و بگەڕێتەوە بۆ سیستەمى پەرلەمانى.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ئەو هەنگاوە ئێستا سەرقاڵى گفتوگۆى چڕن لەسەر پرسى سیستەمى سەرۆکایەتیى و هەڵبژاردنەكانى (2023)، بەگوێرەى ئەو دەرفەتانەى بۆیان دەڕەخسێت پلان دادەنێن، ئەو دەستپێشخەرییشەیان یەكێكە لە پلانەكانى هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنەكانى داهاتوو.

سەبارەت بە رێكارەكانیش كەریم هاس چاودێرى سیاسى رایگەیاند، "پێویستە ئەو شەش پارتە بۆ قەیرانەکانى ئێستاى تورکیا دەستپێشخەرى نوێ بكەن، سەرەتا راگەیێندراوێك بڵاوبكەنەوە، كە ئاماژە بەوە بكەن بەڕێوەبردنى ئێستاى وڵات پێویستى بە چاكسازى هەیە". 

دەربارەى كاریگەرى ئەو دەستپێشخەرییەى ئۆپۆزیسیۆن، هاس دەڵێت، "ڕەنگە كاریگەرى هەبێت بۆ دەربازكردنى توركیا لەو تەنگەژەیە، چونكە ئێستا سەرۆكى ئەو وڵاتە دەسەڵاتێكى فراوانى هەیە، ئەوكاتە دەسەڵاتەكانى سنووردار دەبێت".

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان داوا دەكەن، توركیا لە سیستەمى سەرۆكایەتى بگۆڕن بۆ سیستەمى پەرلەمانى، بەڵام تا ئێستا ئاكپارتى كە زۆرینەى پەرلەمانییە ئەو داوایە ڕەتدەكاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین