له‌باره‌ى كه‌ركووك زانیارى ترسناك به‌ كازمى دراوه‌

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ده‌ڵێ كه‌ركووك و دیاله‌ له‌ بازنه‌ى مه‌ترسیدارن و پێشبینى ده‌كرێت رێكخراوى تیرۆریستى داعش هێرشێكى به‌رفراوانیان بكاته‌ سه‌ر، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانمان له‌ مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر ئه‌و دوو شاره‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م نۆى شوبات رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ جموجۆڵه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ى كه‌ هێزه‌كانى عێراق به‌ناوى "تۆڵه‌ى شه‌هیدان" چه‌ند  رۆژێكه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ر دوو شارى كه‌ركووك و دیاله‌ له‌ژێر مه‌ترسى رێكخراوى تیرۆریستى داعشدان.

عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌رى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر لیژنه‌كه‌یان كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بووه‌، ده‌ڵێ، "به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانمان راگه‌یاندووه‌، داعش پیلانى هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى هێرشێكى فراوان بكاته‌ سه‌ر كه‌ركووك و دیاله‌".

شه‌مه‌رى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆى زانیارى هه‌واڵگرییه‌وه‌ هه‌ستیان به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كردووه‌.

دوێنێ سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، جموجۆڵى داعش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌زیادبووندایه‌ هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ بۆشایى ئه‌منى به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین