توركيا نایەوێت لە ئەفغانستان بچێتەدەرەوە تورکیە

نوچەنێت:

بزووتنەوەى تاڵيبان بەردەوامە لە هەڕەشەكانى، توركياش مانەوەى سەربازەکانى خۆى لە ئەفغانستان بەئامانجى دەستبەركردنى ئاسايش و سەقامگيرى بۆ گەلى ئەفغانى دەزانێت.

ئەمرۆ چوارشەممە (١٤)ى تەمووزى (٢٠٢١) ماڵپەڕى رۆژنامەى (شەرقولئەوسەت) بڵاويكردەوە، خەلوسى ئاكار وەزيرى بەرگرى توركيا رايگەياند، "هەفتەى رابردوو لەگەڵ لويد ئۆستنى وەزيرى بەرگى ئەمريكا گفتوگمان لەسەر چەند خاڵێكى پێشنيازەكانى توركيا كرد بۆ بەگەڕخستنى فڕۆكەخانەى كابول، تائێستاش گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئەمريكا بەردەوامە  و ئەرێنى بووە، ئەوەش لەپێناو سەقامگيرى و ئاسايشى گەلى ئەفغانييە".

ئاكار ئاماژەى بەوەشكرد، "بەو برا ئەفغانيانەمان دەڵێم، كە پەيوەندیى مێژوويى و رۆشنبيرى نێوانمان دەبينن، هەرشتێكمان كردبێت لەپێناو چەسپاندنى ئاشتەواوى و سەقامگيرى و ئاسايشى گەلى ئەفغانى بوو، لە داهاتووش لەسەر ئەم رێگەيە بەردەوام دەبين".

ئاكار جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە، "چەند وڵاتێكى تر دەيانەوێت هاوكارى ئەفغانستان بكەن، چونكە ئەو پرۆسەيە چەند رەهەندێكى هەيە، ئەو كارەش بەهەماهەنگى لەگەڵ ئەفغانستان و ناتۆ و يەكێتى ئەوروپا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت".

دەشڵێت، "ماوەى (٢٠) ساڵە لە ئەفغانستانين ئەركەكانمان لەچوارچێوەى راوێژكارى و ئاوەدانكردنەوە بوو، لەداهاتووش ماوەى شەش ساڵ ئەركى بەگەڕخستنى فڕۆكەخانەى كابول دەگرينە ئەستوو، بەگەڕخستنى فڕۆكەخانە و مانەوەمان لە ئەفغانستان كراوەيە، ئە گەر فڕۆكەخانەى ئەفغانستان كارنەكات نوێنەرانى وڵاتان و ديپلۆماتكاران ناتوانن لەو وڵاتە بمێننەوە".

لەماوەى رابردوو چەند جارێك بزووتنەوەى تاڵيبان داواى لە توركيا كردووە هێزەكانى لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە، لەبەرانبەردا توركيا بەردەوامە لەگفتوگۆكانى بۆ مانەوەى لەو وڵاتە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین