دژه‌ تیرۆرى كوردستان : دوور و نزیك په‌یوه‌ندیمان به‌ ئامانجگرتنى قاسم سلێمانى نه‌بووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

له‌ وه‌ڵامى راپۆرتێكدا كه‌ له‌ چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى جیهانى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ ئه‌ندامانى دژه‌ تیرۆرى كوردى به‌ كورتكراوى ناوى " CTG" به‌شدارییان له‌ ئۆپۆاسیۆنى كوشتنى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران كردووه‌، دژه‌تیرۆرى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندیان به‌و ئۆپراسیۆنه‌وه‌ نییه‌.

شه‌وى رابردوو راپۆرتێك له‌ ماڵپه‌ڕى یاهو نیوز و چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى ترى به‌ناوبانگى وه‌ك رۆژنامه‌ى ده‌یلى مایلى به‌ریتانى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ هه‌ندێك ورده‌كاریى كوشتنى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌ به‌غدا ده‌كات.

ئه‌وه‌ى به‌لاى كورده‌وه‌ جێى سه‌رنج بێت له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ چه‌ند كه‌سێكى سه‌ر به‌ ده‌زگاى دژه‌ تیرۆرى كوردى به‌شدارییان له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ كردووه‌ و ئه‌ركیان ئه‌وه‌ بووه‌ دووپات له‌سه‌ر بوونى سلێمانى له‌ ناو فڕۆكه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌دا ناوى دژه‌ تیرۆرى كوردى به‌ كورتكراوه‌ى " CTG" هاتووه‌، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و ناوه‌ كورتكراوه‌ى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆرى یه‌كێتییه‌.

به‌ر له‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ نۆى ئایار، دژه‌ تیرۆرى یه‌كێـتى روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و وێراى ئه‌وه‌ى ره‌تى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئۆپراسیۆنى كوشتنى قاسم سلێمانى به‌شدار بووبێت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ دوو ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، به‌گوته‌ى راگه‌یێندراوه‌كه‌ى دژه‌ تیرۆر نازانرێ، " كه‌ نووسه‌رانی راپۆرته‌كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ كام هێزی دژه‌ تیرۆره‌ له‌ كوردستان".

به‌ڵام دواى به‌ دواى ئه‌م روونكردنه‌وه‌ى دژه‌ تیرۆرى یه‌كێتى، دژه‌ تیرۆرى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ وباسى له‌وه‌ كردووه‌ كورتكراوه‌ى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر CTD نه‌وه‌ك CTG هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ى دژه‌ تیرۆرى كوردستان هاتووه‌، " گرووپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان – عێراق".

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداربوونیش له‌ ئۆپراسیۆنى كوشتنى قاسم سلێمانى دژه‌ تیرۆرى كوردستان ده‌ڵێ، "لێرەوە بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، دژەتیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD و دوور و نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێئاگایە".

قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌ به‌ره‌به‌یانى سێى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2020 له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تى ئه‌مریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى عێراقى كوژران.

دۆناڵد تره‌مپ كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى ئه‌مریكى بوو به‌ فه‌رمى رایگه‌یاند، كه‌ له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تى ئه‌مریكا ئه‌و هێرشه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و ئه‌مه‌یشى به‌ ده‌ستكه‌وتى ئه‌مریكا زانى.
 


دەقی روونکردنەوەکەی دژەتیرۆری کوردستان:

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا ناوی دژەتیرۆری کوردستان هاتووە، لێرەوە بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، دژەتیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD و دوور و نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێئاگایە.

گرووپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان - عێراق.

لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکەی یاهوو نیوزدا بە روونی باس لەم تێوەگلان و بەشدارییەی هێزەکانی CTG دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە راپۆرتەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە لاوێن ئازادی گوتەبێژی لاهوور جەنگییەوە کردووە بۆئەوەی روونکردنەوە لەسەر بەشداریی و تێوەگلانیان لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا بدەن.

ئێمە دووبارە رایدەگەیەنین کە دژەتیرۆری کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە.

پێشنیار دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین