ڕەنگدانەوەی کلتوور لە پەندە کوردییەکان کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

نووسینی: ئەحمەد زرار

دەروازەیەک بۆ کلتوور و ئەدەبی زارەکی 

 ئێدوارد تایلۆر لە کتێبی (کلتووری سەرەتایی)دا کە لە ساڵی ١٨٧١ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، دەربارەی پێناسەی کلتوور و شارستانییەت دەڵێ: کۆکردنەوەیەکە لە زانین، باوەڕ، هونەر، ئەخلاق، یاسا، داب و نەریت و هەر توانا و خوویەکی دیکە کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا بەدەستی هێناوە لەخۆدەگرێت[1] کەواتە کلتوور بریتییە لە کۆی بەرهەمی نەتەوەیەک کە تا ئێستا مابێتەوە، بەپێی ئەم پێناسەیەی تایلۆر بێت دەشێ بڵێین زمان بەشێکی گرنگی کلتووری نەتەوەیە، هەڵبەت زمان وەک بەرهەمی ئەدەبی، بەڵام سنووری ئەدەب فراوانە، بۆیە لە میانەی دابەشبوونی ئەدەب بەسەر هەردوو شێوەی (نووسراو و زارەکی)دا، پێویستی بابەت لێمان دەخوازێ ئەدەبی زارەکی هەڵبژێرین، عەبدولخاڵق یەعقووبی دەربارەی ئەدەبی زارەکی دەڵێ: ئەدەبی زارەکی بە سەرلەبەری ئەو دەقە ئەدەبییانە دەگوترێت کە لە ڕێگەی داهێنەرانی نەناسراوەوە بەرهەم هاتوون و لەسەر زمانی بەیتخوێن و بەیتبێژانەوە  نەوە لەدوای نەوە سنگاوسنگ گواستراوەتەوە.[2] دیارە ئەویش کۆمەڵێک شێوەی هەیە، وەک: حەقایەت، ئەفسانە، پەند، قسەی نەستەق، ئیدیەم و کۆمەڵێ شێوەی تر.

ڕەنگدانەوەی کلتوور لە پەندە کوردییەکان:

    ئەگەر کلتوور بە شێوەیەکی گشتی بە سامانی نەتەوە دابندرێ، بێگومان کاریگەری بەسەر هەموو بەشەکانەوە دەردەکەوێت، پەندیش وەک میراتێکی ئەو شارستانییەتە گەورەیە بە خاوەنی مێژووی نەتەوەکەی دادەندرێ، ئەگەرچی ساڵی نووسین و ناوی پەندبێژەکە بە نادیاری ماوەتەوە، بەلام گەر لە ڕوویەکی ترەوە لێی بڕوانین، واتای بەرز و گرنگی ئەم بەرهەمە زارەکییە لەناو بەشەکانی تری کلتووری نەتەوەدا دەسەلمێنێ. شێخ محەمەدی خاڵ دەربارەی پەندی پێشینان دەڵێت: فەلسەفەی ژیان و دەنگی تاقیکردنەوەی جیهان و بەری ڕەوانبێژی و ڕەوانبێژانە، کە باووباپیران لە هەزاران ساڵەوە بە کەلەپوورێکی وێژەیی، بۆیان بەجێهێشتووین، تا بیانکەین بە ئاوێنەی باڵانما بۆ خۆمان.[3]

پەندی کوردی بە چەند شێوەیەک لەناو میراتی زمانی کوردی ماوەتەوە، دەشێت بڕێجار وەک شیعر بێت: 

ئاوێ بڕوا بۆ ڕۆخانە

خۆیش بیخوا نەک بێگانە[4]

بڕێجاریش لە شێوەی پەخشان خۆی دەنوێنێ: کوێرە چت دەوێ؟ دوو چاوی ساغ. لێرەوە دەمانەوێت کاریگەری کلتووری کوردی بەسەر پەندەکانییەوە بخەینەڕوو. کە ئایا تاچەند بەشەکانی تری کلتوور لە ناوەڕۆکی پەندەکانەوە دیارە:

یەکەم: پەند وەک زانین: (ئەگەر خودا بدا، لە خەتە جۆیەکی دەدا)[5] دیوە شاراوەکەی ئەم پەندە زانینێک دەخاتەڕوو، واتا وەک زانیاری خۆی پیشان دەدات، دەگێڕنەوە ئیشنەکەرێک دەنێردرێتە سەر زەوییەکی بەیار، بۆ کێڵان و داچاندنی جۆ، گاسن دەخرێتە ناو خاک و لە گۆسکە زێڕێک گیر دەبێ، لەمێوە ئیشنەکەری گۆرین دەڵێ: (ئەگەر خودا بدا، لە خەتە جۆیەکی دەدا)، ئەمە زانینێکە، کە خودا بیەوێت بە کەسێک ببەخشێ، پێویست بە ماندووبوونی زۆر و کاری بەردەوام ناکات. بێگومان بنەچەی ئەم زانینە لە دڵنایی زۆرەوە لەمەڕ باوەڕ سەرچاوە دەگرێت. 

دووەم: پەند وەک باوەڕ و ئاین: (دوعای کەر قبووڵ ببوایە، جۆی بۆ ئەباری.)[6] یان (خوا لە سوڵتان مەحموود گەورەترە، خوا کڵاوی بۆ بەڕوو کردووە، خوا کە سەری دا کڵاویش ئەدا، خوا خۆی ئەمێنێ و موڵکی، بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە.[7] دەشێت کڕۆکی باس شتێکی تر بێ، بەڵام باوەڕی کوردان لەناو پەندەکانەوە دیارە، کورد پابەندی (ئاینی ئیسلام)ە و بە جۆرێک ئاوێتەی ژیاری نەتەوەیی بووە، لێی جیانابێتەوە. ڕەگی باوەڕ و ڕەگی نەتەوە لە هەڵسان و دانیشتنی ڕۆژانەوە بگرە تاوەکوو بابەتی گفتووگۆی زانستی و ئەکادیمیش لە زاری قسەپێکەری کوردەوە دیارە.

سێیەم: پەند وەک دابوونەریت: (ئاشە تەنوورە، بە نۆرە.)[8]مەبەست لێرەدا هەموو کارێک بە نۆرەیە، (ئاشە تەنوورە) یارییەکی فۆلکلۆریی کوردییە، تایبەتە بە کوڕانی هەرزەکار، یارییەکە بە دوو دەستەی پێنج شەش کەسی دەکرێ [9] یاری مناڵانە نەریتی نەتەوەیە و تایبەتە بە ژینگەی ناوچەیەک، هەروەها لە پەندەکانەوە هاتووە: (ئاشەوان لە خەیاڵێک، باراش هاڕ لە خەیاڵێک.)[10] ئاش نەریتی کۆنی کوردە کە گەنمی دووراوە بۆ ئاش براوە، هەرچەند ئەوە باسیک نییە بەسەرچووبێ، چونکە گەنم خوارنێکی بەردەوامە، بەڵام وەک جاران بە هەڕمێن نییە. هێنانەوەی بابەتی لەم چەشنە لەناو پەند و بەڕووی کەسێکا بدرێتەوە نیشانەی پاراستنی کلتوورە لەڕێی پەندەکانەوە. 

چوارەم: پەند وەک خواردن: (بە کفتە ئەڵێ: فڵتە، دۆشاو بۆ ڕیشی پاشا قات نییە، دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکا)[11] کلتووری میللەتان جگە لە زمان و باوەڕ و نشینگەی جوگرافی، خواردنیش دەگرێتەوە، دەبینین (کفتە، دۆ، دۆشاو) بوونەتە ناسنامە بۆ ناسینەوەی نەتەوەی کورد، هەڵبەت ئەم خواردنانەش لە ژینگەوە سەرچاوەی گرتووە، کورد بەوە ناسراوە خاوەن مەڕوماڵات و ڕەز و باخە بەرهەمی ئەم پیشانەش خوانی پێ دەڕازێتەوە.

پێنجەم: پەند وەک جلوبەرگ: (کەوای سپی و سابوون بە قەرز)، (کراسی کەتان شۆڕەی دێ، سکی لە برسا قۆڕەی دێ.)، (پشتێنی لێ بکەرەوە)[12] (دۆم بێ و کڵاش بۆ کوڕی خۆی دروست بکات)[13]

جلیش هۆیەکی ناسینەوەی گەلانە، ئەوەتا لەناو هیچ نەتەوەیەک (کەوا، پشتێن، کڵاش) ناپۆشرێ، نیشانەی ژنی کورد کەوا و نیشانەی ناسینەوەی پیاوی کوردیش لەپێکردنی کڵاش و بەستنی پشتێنە. ئەم پەندانەیش بە بۆنەی ئاوێتەبوونیان لەناو ژیاری کوردییەوە کەرەستەکانی لە کەلتوورەوە وەردەگرێ. 

سەرچاوەکان


[1] - TYLOR, EDWARD (1871) PRIMITIVE CULTURE, FIRST, JOHN MURRAY, LONDON.

https://abdulkhaliqyaqubi.com/%D8%A6%DB%95%D8%AF%DB%95%D8%A8%DB%8C-[2] - 

%D8%B2%D8%A7%D8%B1%DB%95%DA%A9%DB%8C-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95%D8%9F/ 

[3] - خاڵ، شێخ محەمەد، (٢٠٢١) پەندی پێشینان، چاپی دووەم، دەزگای خاڵ، سلێمانی.

[4] -  هەمان سەرچاەی پێشوو.

[5] - دەشتەکی، عومەر شێخەڵڵا (٢٠٠٦) پەندی کوردی و چیرۆکەکەی، چاپی یەکەم، چاپخانەی منارە، هەولێر.

[6] - هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[7] - خاڵ، شێخ محەمەد، (٢٠٢١) پەندی پێشینان، چاپی دووەم، دەزگای خاڵ، سلێمانی.

[8] - هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[9] - قادر، محەمەد مەلا (٢٠١٢) پەندنامەی ئاوارە، چاپی دووەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

[10] - خاڵ، شێخ محەمەد، (٢٠٢١) پەندی پێشینان، چاپی دووەم، دەزگای خاڵ، سلێمانی.

[11] -  هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[12] - هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[13] - قادر، محەمەد مەلا (٢٠١٢) پەندنامەی ئاوارە، چاپی دووەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین