کتێبی (شێخ ئەحمەدی بارزان لە ئاوێنەی ئایین و عیرفان)  بڵاوكرایەوە کولتوور

چرا یاسین: نوچە نێت

کتێبی (شێخ ئەحمەدی بارزان لە ئاوێنەی ئایین و عیرفان) لە نووسینی ڕەشید مەلا عەلی کۆلەکی لە (368) لاپەڕە پێکهاتووە لە ڕێوڕەسمێكدا بڵاوكرایەوە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە، باس لە لایەنی ئایینی و عیرفانی شێخ ئەحمەد دەکات، کە تیایدا بە وردی باس لە چەمکی عیرفان  و عارف و تەسەوف و سۆفی و پەیوەندی نێوان عیرفان و تەسەوف، عیشق و قۆناغەکانی، پێگەی عەشق لە ژیانی شێخ ئەحمەدی بارزانیدا، هەروەها باس لە چلەی عیرفانی و خەڵوەت کردنی عیرفانی شێخ ئەحمەد دەکات لەگەڵ ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە تێڕوانینی شێخ ئەحمەدی بارزانیدا، پاشان دێتە سەر باسکردنی پەیوەندی کەسایەتیی کەلامی و عیرفانیی شێخ ئەحمەد بارزانی.

ڕەشید مەلا عەلی کۆڵەکی تایبەت بە نوچەنێتی ڕاگەیاند، "ڕەنگە پێشووتر زۆر کتێب و بابەت لەسەر کەسایەتی شێخ ئەحمەد نوسرا بێت، بەڵام زیاتر لەسەر لایەنی سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکەیەوە نووسرابێت، من هەستم کرد کە بۆشایەک یان با بڵێم کەمییەک هەیە لەڕووی تێڕوانین و بیریی شێخ ئەحمەد بارزانی بۆ ئایین و عیرفان"

هەروەها نووسەری كتێبەكە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم بابەتە ئاماژەی بەوەدا کە "لەم کتێبەدا زیاتر تیشکخراوەتە سەر بیریی شێخ ئەحمەدی بارزان و چی کردووە بۆ ئایین و بۆ شەریعەت، چونکە بەدەر لە ڕۆڵی وەک سەرکردەیەکی سیاسی هاوکات ڕۆڵێکی زۆر باشی هەبووە لە بواری ئایینیدا و شارەزا و زانایەکی باشی تەفسیرکردنی قورئانی پیرۆز بووە، شارەزاییەکی باشی لە زانستی فەرموودەدا هەبووە لە هەمان کاتیشدا عارفێکی گەورەی ڕێگەی عیرفان بووە، ئەم دوو ڕەهەندە کەمتر لەسەری نووسراوە و من مەبەستم زیاتر ئەو دوو لایەنە بەیەکەوە کۆ بکەمەوە و بەیەکەوە بەرجەستە بکەم".

هاوكات د. شوان خۆشناو سەرۆكی بەشی مێژوو لە كۆلێژی ئاداب لەبارەی كتێبی (شێخ ئەحمەدی بارزان لە ئاوێنەی ئایین و عیرفان) گوتی: " شێخ ئەحمەد بەدەر لە هەڵوێستە سیاسییەکانی وەک چاکسازی خوازێک چاکسازی گەورەی ئەنجامداوە لە بواری کۆمەڵایەتی، لەوانە گەڕاندنەوەی ماف و شکۆی ئافرەتان بە نەهێشتنی دیاردەکانی ژن بە ژنی و شیربایی و بەزۆر بەشوودانی ئافرەتان،  پێدانی ئافرەت لە بری خوێن، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پاراستنی ژینگە، بە نەهێشتنی بڕینەوەی دار و پاراستنی دارە بەردارەکان، و ڕێگریکردن لە دیاردەی ڕاوکردنی ئاژەڵ و کوشنتان، کە کاریگەری بەرچاوی ئەم بیر و ڕوانینە تاوەکو ئێستاش لەنێو خەڵکانی ناوچەی بارزان ماوەتەوە." 

ئاسۆ حاجی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دەڵێت، " مێژووی بنەماڵەی بارزان لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزان دەگاتە ترۆپک لەڕووی عەقیدە و فەلسەفەوە ڕۆشنگەریی سیاسی، ڕاستە کە ئەو کەسێکی زاهید بوو، بەڵام ئەو زاهیدییەی وای لێنەکردبوو کە گۆشەگیربێت و دەست لە دونیا هەڵگرێت، بەڵکو ئەم بیروباوەڕە ئاینییەی خستووەتە خزمەتی خەباتی سیاسی و خزمەتکردنی خاک و نیشتیمان" . 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین