قوتابییەكی بەهرەمەند یەكەمین پێشانگای شێوەكاری دەكاتەوە کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

قوتابییەكی بەهرەمەندی تەمەمەن (15) پێشانگاییەكی تایبەت بە خۆی دەكات و لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە نێت دەڵێت، "بیرم نایاتەوە کەی بوو یەکەم تابلۆم کێشابێ، بەڵام لە باخچەی منداڵان بووم یەكەم وێنەم دەکێشا."

نورهان عەبدوڵلا، قوتابی پۆلی نۆیەم لە قوتابخانەی ناوەندییە، یەکەمین پێشانگای شێوەکاری تایبەت بە خۆی بە ئامادەبوونی چەند هونەرمەندێك، لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر کردەوە، کە تیایدا چەند تابلۆیەكی نمایش كرد.

نورهان عەبدوڵلا، كچێكی بەهرەمەند و لێهاتووە لە كێشانی وێنە، تایبەت نوچە نێتی ڕاگەیاند، تا ئێستا لە دوو پێشانگای هاوبەش بە تابلۆی پۆرتەرێت بەشداری کردووە و ئەمەش یەکەمین پێشانگای تایبەت بە کارەکانی خۆیەتی.

هەروەها گووتیشی: "بە دروستی بڵێم: بیرم نایاتەوە کەی بوو یەکەم تابلۆم کێشابێ، هەڵبەت دیارە لە تەمەنێکی زۆر زووەوە من وێنە دەکێشم بیرمە لە باخچەی منداڵان بووم وێنەم دەکێشا، بەڵام ناتوانم کاتێک دیاری بکەم چونکە پێموابێ بەهرەیەکە و لەگەڵ مندا هاتووەتە بوون. هەڵبەت لە خێزانەکەم دەتوانم بڵێم: دایکم و خوشکم، لە قوتابخانەش مامۆستاکەم پاڵپشتێکی سەرەکی و بەردەوامی من بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهرەی خوشکەکەشم هاوکارم بوو بۆ ئەوەی پەرە بەو خولیایەم بدەم، بیرمە وێنەی ئەنیمەیشنم دەکێشا".

سەبارەت بە تابلۆكانی نورهان عەبدوڵڵا دەڵێت: "بە بڕوای من خاڵی جیاکەرەوە بۆ تابلۆکانم لەگەڵ ئەوانی تر ئەوەیە تابلۆکانی من لە شێوەی پۆترەیت و پڕ وردەکارین، تایبەت وردەکارییەکانی وەک: سێبەر و تاریکی، کە من زیاتر گرنگی بە تاریکی دەدەم". 

هاوكات ئاشكرای دەكات، زیاتر لە کاتی تووڕەبووندا وێنەکانم دەکێشت، "چونکە لەوکاتەدا ناتوانیت بە گوتن باس لە هەستەکانت بکەی و ئەو هەستانەی کە مرۆڤەکان هەستی پێ دەکەن جیاوازن، بێگومان هونەریش بەشێکە لە دەربڕین". 

مامۆستا نەژاد، مامۆستای نورهان عەبدوڵڵا، لەكارەی كارە هونەرییەكانی ئەو قوتابیە بەهرەمەندە بە نووچەنێتی ڕاگەیاند: "تابلۆکانی نورهان بە شێوەی هێلکارین چونکە سەرەتای هەموو شێوەکارێک لە هێلکارییەوە بووە، هەڵبەت ئێمە بە شێوازێکی ئەکادیمی دەستمان پێکرد، سەرەتا بە (سلاید) دەستمان پێکرد، پاشان (پۆترەیت) و ئینجا (نیو مۆدێل)، هەڵبەتە شێوازی نورهان لە وردەکارییەکانییەتی، بە تایبەتی بۆ دووری و ڕووناکی، لەم تەمەنە بگاتە ئەم ئاستە مایەی خۆشحاڵی من و قوتابخانەکەیەتی".   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین