حەرەمسەرای میری سۆران
ڕاز ئەسعەد
ئەم ڕەوتە فاکتەری بنیاتنانی تێڕوانینی ڕۆژئاوایە بۆ ڕۆژهەڵات و شیکەرەوەی پاشخانی هزری ئەو ململانێ شارستانییەی نێوانیانە، کەواتە ڕۆژهەڵاتناسیی زانستی ڕۆژهەڵاتە، یان زانستی جیهانی ڕۆژهەڵاتە، لە زمان، ئایین، کولتوور و شارستانیی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکۆڵێتەوە.
یەکەمجار چەمکی ڕۆژهەڵاتناسیی (Orientalist) لە سەرەتای ساڵی ١٧٦٦دا لە ئەنسکلۆپیدیای لاتینیدا دەرکەوت، بە پێی هەندێک سەرچاوەش ئەم گوزارەیە لە ئینگلتەرا لە ساڵی ١٧٧٩ یان ١٧٨٠دا دەرکەوت، لە ساڵی ١٨٣٨ لە فەرهەنگی ئەکادیمای فەرەنسیدا دەرکەوت، لە فەرهەنگی ئۆکسفۆردیشدا لە ساڵی ١٨١٢دا دانرا.
بێگومان کوردستانیش وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتناسانەوە، بووە ڕووگەیەکی گرنگ بۆ ناساندنی کولتووری ئەم ناوچانە، کە هەندێک لەو ڕۆژهەڵاتناسانە هێندە بە کولتوور و مێژووی کورددا شۆڕبوونەتەوە، لە ئێستا وای لێهاتووە زاراوەی کوردناس بخرێتە پاڵیان.
هەندێک لەو ڕۆژهەڵاتناسانە هێندە بە کولتوور و مێژووی کورددا شۆڕبوونەتەوە، لە ئێستا وای لێهاتووە زاراوەی کوردناس بخرێتە پاڵیان.
زۆربەی کات لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا، کە گوێبیستی زاراوەی ڕۆژهەڵاتناسە بیانییەکان دەبین، بە زۆری بە ناوی پیاوەکان ئاشناین و کەمتر و جاروبار گوێبیستی ناوی ژنێک دەبین، لە کاتێکدا لە هەردوو ڕەگەز بەشداری ئەم کارانە بوون و هەردوولایان باسیان لە سیما، وردەکاریی و شێوازەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، بەلایانەوە سەرنجڕاکێش بووە، ئەگەرچی بە ژمارە ڕێژەی ژنان بە بەراورد بە پیاوان کەمترە، بەڵام دواجار تۆمارێکی مێژووی گرنگیان بۆ ئەرشیف کردووین.
جێگەی سەرنج و تێڕامانە هەتا نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم سەرجەم ئەو ڕەوەند و ڕۆژهەڵاتناسانەی سەردانی کوردستانیان کردووە پیاو بوون، بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ یەکەمجار ژنێک سەردانی کوردستان دەکات و لە نیگای خامەی ژنێکەوە ئاشنای کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و سەرنجڕاکێش دەبین.
خاتوو (Cristina Triulzi-Belgiojoso) خاتوونێکی فەڕەنسی زمانە، بەڵام بەبنەچە ئیتاڵییە و لە ساڵی ١٨٠٨دا لە دایکبووە، وەک ژنێکی ئازا و بوێری سەردەمەکەی خۆی ناوزەد کراوە، کە وێڕای چالاکییە سیاسییەکانی، سەرقاڵی نووسینی ڕۆمان و چیرۆک بووە، هاوکات ڕۆژنامەنوسێکی کارا و لێهاتووش بووە.
مەرج نییە ڕۆژهەڵاتناسەکان بە ویژدانەوە هەرچییەکیان بینییوە بیگوازنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کارەکانیان بە سەرچاوە و تۆماری گرنگی مێژوویی دەزانرێت و سوودی زۆر دەبەخشن.
کریستینا وەک یەکەم ژنە گەشتیاری نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، لەساڵی (١٨٥٢) لەسەر ئەرکی گیرفانی خۆی، بە هاوەڵی کوڕەکەی و خزمەتکارێکی سەفەری ڕۆژهەڵات دەکات و نزیکەی سێ ساڵ دەمێنێتەوە. بەلای کریستیناوە شێوازی ژیانی ڕۆژانەی تاکی ڕۆژهەڵاتی سەرنجڕاکێش بووە، هەوڵی ئاشنا بوون بەو شێوازەی ژیان و دابونەریت و مێژووی کۆمەڵایەتی و کولتووری داوە. بەو پێیەی ئەم خاتوونە خولیای ناسینی ئەم کۆمەڵگایانە بووە بۆیە لە یاداشت و نووسینەکانیشی بێبەشی نەکردوون، دوای سێ ساڵ لە سەفەرەکەی کتێبێک بە ناونیشانی (شانۆی ژیانی تورکیا- بیرەوەری سەفەر) بڵاودەکاتەوە، لە بەشێکی دوور و درێژدا بە ناونیشانی (شازادەیەکی کورد) باسێکی تێروتەسەلی لایەنێکی شاردراوەی ژیانی کۆمەڵگای کوردی دەکات، بۆ یەکەمجار لەلایەن ژنێکەوە باسی چۆنێتی شێوازی ژیانی ناو حەرەمی پاشایەکی کورد دەکرێت، کە جێگەی سەرنج و تێرامانە، لە حەرەمسەرای پادشایەکی کوردا تیشک دەخاتە سەر ژیانی ناو کۆشک، بۆمان باسدەکات، کە محەمەد پاشای سۆران خاوەنی پێنج ژن بووە، تەنیا یەکێک لە ژنەکانی بە ناوی (فاتیمە) کورد بووە، ئەوانی دیکە سەر بە نەتەوە جیاوازەکانی چەرکەس، سەنیگالی، جۆرجی و کەنیزەکێکیشی هەبووە، ڕەنگە ئەمە یەکەم لێکۆڵینەوە بێت کە دەربارەی ژیانی ناو حەرەمی پاشایەکی کورد کرابێت.
هەر لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا باسی شاری کەرکووکی کردووە، دەڵێت'' سێ بەشی دانیشتوانەکەی کورد بوون'' هەروەها کەرکووک بە دەروازەی چوونە ناو کوردستان دادەنێت، لە هەمانکاتدا کریستیانا لە کتێبەکەیدا باس لە کۆمەڵێک ژنی جووتیار دەکات و سادەیی ژیانیان دەگێڕێتەوە، هەروەک باسی ژنە کۆچەرییەکانی ژێر دەوار و ڕەشماماڵەکان دەکات، بەڵام بە (پریمیتیڤ) باسیان دەکات بێزیان لێدەکاتەوە.
مەرج نییە ڕۆژهەڵاتناسەکان بە ویژدانەوە هەرچییەکیان بینییوە بیگوازنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کارەکانیان بە سەرچاوە و تۆماری گرنگی مێژوویی دەزانرێت و سوودی زۆر دەبەخشن.
سەرچاوەکان
١- د.نوال بن صالح محاضرات فی الاستشراق.
٢- د.اسحاق موسی الحسینی ،الاستشراق نشأته وتطوره وأهدافە، مطبعة الأزهر، ١٩٦٧
٣- ادوارد سعید ، الاستشراق المفاهیم الغربیة للشرق، ترجمة محمد عنانی، الناشر مؤسسة هنداوی ، ٢٠٢٤.
٤- د.محمد حسن زمانی ،الاستشراق تأریخه و مراحله، مجلة دراسات إستشراقیة، ع١/ جامعة مصطفی العالمیة.
٥- Filippi Editore Venezia, CRlSTNA TRlVULZlo DI BELGOJOSO
An ltalian Princess in the 19th c.Turkish Countryside, dell’Universita Ca’ Foscari di Venezia-Dip.di Studi Storici, 20210
٦-د.نەجاتی عەبدوڵا، گەشتنامە پوژولا بۆ کوردستان ساڵی ١٨٣٧، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠٠٩.
٧-ڕاز ئەسعەد، ڕانانێک بۆ سەفەرنامەکەی پوژولا، گۆڤاری زانکۆ، ژمارە٢٣و ٢٤ ، مهاباد.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment