جێ نزرگەی مەنگوڕی، باڵاگەردانی ئازارەکانی ژنانە
ڕاز ئەسعەد
شاری پاریس، بەوە ناسراوە گۆڕی بەشێکی بەرچاوی کەسایەتی هونەری، ئەدەبی و زانایانی جیهان لە گۆڕستانەکانی دەوروبەر و ناوەندی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە. لەم بارەیەوە (غادە ئەلسەممان) وتارێکی جوانی هەیە بە ناونیشانی: (گەشتێک بۆ سەر گۆڕەکانتان دەکەم)، تیایدا باسێکی وردی گۆڕستانەکانی پاریس و گۆڕی ناوداران دەکات. لێرەدا بەجۆرێکی دیکە دەمەوێت باس لە گۆڕی یەکێک لە ناودارانی کورد بکەم، کە پێموایە لە هەڵبژاردنی شوێنەکەدا نهێنی و ئاماژەی زۆر هەیە، بەڵام گۆڕی ئەو لە گۆڕستانی ناودارانی شاری پاریس (پیرلاشییز و مۆنپارناس) نییە، بەڵکو لە کێوەڕەشی ڕانیەیە، کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە.
میرزا مەنگوڕی، ئەو کەسایەتییەی لە ساڵی (١٢-١- ١٩٨٨) لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش بە شێوەیەکی کاتی دەنێژرێت، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، پاش هەڵکەوتنی دەرفەت، لەسەر وەسێتی خۆی ڕوفاتی میرزا مەنگۆڕی، دەگوێزرێتەوە بۆ شاخی کێوەڕەشی پشتی شاری ڕانیە و لە گۆڕ مریەم دەنێژرێت.
هەر لەسەرەتاوە ناوی گۆڕ مریەم بەلامەوە پڕ نهێنی بوو، ڕەنگە مەنگوڕی سۆزی بۆ دەشتی بیتوێن و پشدەر هەبووبێت، کە بە زێدی خۆی زانیوە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆچی بە دیاریکراوی گۆڕ مریەمی هەڵبژاردووە؟ لەوەش سەیرتر ناوی گۆڕ مریەم هەر لە تەلیسم دەچێت، ناوی گرد و گۆڕستانەکان لە زۆری ناوچەکانی کوردستاندا بە ناوی پیاوچاک و شێخ و زاهیدانەوەیە، یان بەناوی شوێنەکەوەیە، بۆچی ئەم شوێنە بە ناوی ژنێکەوەیە، گۆڕی ژنێک بۆ لەو سەر شاخە ڕووتەن و چۆڵەوانییەیە؟ دەبێت مەنگوڕی ویستبێتی چیمان پێبڵێت لە هەڵبژاردنی ئەم شوێنەدا، ئەو ئاماژانە چیین لە پشت ناوی گۆڕ مریەم یان خودی مریەم خاتوونەوە؟
بۆئەوەی پەی بە بۆچوون و مەبەستی میرزا مەنگوڕی ببەین، پێویستە سەرەتا لە ناوی مریەم ڕابمێنین، مریەم کێیە و بۆ لەوێ نێژراوە؟
زۆر جار لە کاتی کارکردن لە بابەتێکدا، زانیاری ناوازەت لە لایەنێکی دیکەوە دەستدەکەوێت، کە هەرگیز بە بیرتدا نەهاتووە و پێشتریش کەس پەی پێنەبردووە، لە ماوەی کارکردنم لەسەر ژیان و کار و بیرکردنەوەکانی میرزا مەنگوڕیدا، ناوی گۆڕ مریەم کەمەندکێشی سەرنجی بردم، لە کاتی خۆیدا نەدەکرا بیخەمە نێو توێژینەوە و نووسینەکانم لە بارەی مەنگوڕییەوە، چونکە بە بۆچوونی من هەڵبژاردنی گۆڕ مریەم بێ مەغزا نییە و بەشێکی گرنگی بیرکردنەوەی مەنگوڕییە، بۆیە ئەم بابەتە کەرەستەی توێژینەوەیەکی فراوانە و کاری ڕژدی پێویستە، ئەرکی داهاتووی من یان هەر توێژەرێکی بابەتی مێژوویی ژنە زیاتر کاری لەسەر بکات.
لێرەدا دەکرێت بە کورتی هەندێک زانیاری باس بکرێت، کە لەو کاتانەدا بەردەستم کەوتن و دیسان دەبنە ڕایەڵەیەکی گرنگی مێژووی زارەکی، وەک بەڵگەی زیندوێتی مێژووی نەنووسراوە و بۆمان دەردەخات، مێژووی زارەکی ڕۆڵێکی گرنگ و بەهادار دەبینێت لە سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوودا، چونکە تا ئێستا ئەوەی هەیە دەربارەی ناوی مریەم، تەنیا گێڕانەوەیەکی سنوردارە لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا و بەربڵاونییە، هێشتا نەگەیشتووەتە خوێنەر و خوازیارانی مێژووی ڕاستەقینە.
لە یەکێک لە گێڕانەوەکاندا، لەژێر ناوی (م. م) و لەسەر زمانی خەڵکی ناوچەکەوە دەگوترێت: گوایە مەریەم کچێکی شۆخ و شەنگ بووە، هەر لە تافی منداڵییدا دایک و باوکی، بەهەر هۆکارێک بێت، لە ژیاندا نەماون. هەربۆیە یەکێک لە ئاغاکانی ئەو دەڤەرە ئەم کیژۆڵە بچووکەی لە خۆگرتووە و لە نێو خانەوادەی خۆیدا بە خێوی کردووە، ئەمەش کارێکی ئاساییە و لە زۆر لە دیوەخانەکاندا ڕوویداوە.
کاتێک ئەو منداڵە تەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی حەڤدە ساڵ، بەهۆی جوانییە بێوێنەکەیەوە، ئاغا زیاتر لە چەند جارێک هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتە سەر، مریەمی پارچەڵە لەترسی خۆی ناچار دەبێت لە تاریکە شەوێکی ئەنگوستە چاودا بە نهێنی لە ماڵی ئاغا هەڵبێت و پەنا بۆ ماڵێک ببات لە نزیک قولە، لەو ماڵەدا هەتا پێش خۆرهەڵاتن دەمێنێتەوە و پاشان ماڵەکە جێدەهێڵێت، چونکە ئەو سەردەمانە سەرپێچی فەرمانەکانی ئاغا مەترسی گەورەی بەدواوە بووە. هەربۆیە ماڵەکە لە ترسی جەبەڕووتی ئاغا ناوێرن لەوە زیاتر پەنای بدەن و لەگەڵ بولێڵدا مریەم بە ناچاری لە ماڵەکە وەدەردەنرێت، لەژێر ترس و هیوا بە ژیانێکی باشتر و لەبەرئەوەی شوێنێک نەبووە پەنای پێبەرێت، ناچار مریەم ڕێی چۆڵەوانی دەگرێت و بەسەر سنگی کێوەڕەشی سەر بڵنددا هەڵدەزنێت. لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری سپێدەیەکی نوێدا ئاغا و سوارەکانی ئاوزەنگی لێدەدەن و کێوماڵی دەڤەرەکە دەستپێدەکەن و ئەو ناوچەیە بە شوێن ئەو کیژۆڵە شۆخ و شەنگەدا سەروبن دەکەن.
مریەم غەدرلێکراوێکی نەریتی خێڵەکییە
بە هەر هۆکارێک بێت شوێن پێی هەڵدەگرن و ئەو ماڵە دەدۆزنەوە، کە لێی ماوەتەوە و بۆ چەند سەعاتێک لەوێ داڵدە دراوە، لە ژێر هەڕەشەی ئاغا و پیاوەکانی و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، ئەو ماڵە بە ناچاری ئاڕاستەی ڕۆیشتنی بۆ ئاغا ئاشکرا دەکەن و پێیدەڵێن، کە بەرەو کێوەڕەش سەری خۆی هەڵگرتووە تا ژیانی بێ بەهای لەدەست ئەوان بپارێزێت. دەڵێن سەختی هەڵزنان بە کێوەڕەشدا ئاغای ئارام نەکردووەتەوە، تەنانەت کاتێک ئەسپەکانی توانایان نەماوە، بە پیادە سەرکەوتوون و وڵاخەکانیان بە جێهێشتووە و کاتێکیش بە مریەم دەگات بێ سێودوو گولەیەکی پێوە دەنێت، کە دەگاتە سەر جەستەی لە خۆڵدا گەوزیوی هێشتا زیندووە و هەناسە دەدات، ڕاستەوخۆ دەیداتە بەر نەشتەری خەنجەرەکەی هەلاهەلای دەکات، هەر لەوێ لاشەی بێکەس و ساردکراوەی بەجێدەهێڵێت، تا بۆ قەلوداڵی ئاسمانی کێوەڕەشی بکاتە قاواڵتی، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دوای ڕۆیشتنی ئاغا، هەرچەندە ناوێرێن تەرمەکەی بۆ ئاوەدانی بەرنەوە، بەڵام بۆ هەتاهەتایی ئەسپەردەی ئامێزی کێوەڕەشی دەکەن و ئەو بەرزییە دەکەنە دوامەنزڵگەی مریەمی خێر لە خۆنەدیو.
لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا لەژێرناوی (پ.م) دەوترێت: مەریەم کچێکی گەنج بووە، لەگەڵ کوڕێکی هاوتەمەنی خۆیدا دڵدار بوون، بەڵام بەهۆی ڕازی نەبوونی خێزانی مریەمەوە نەیانتوانیوە بەیەکبگەن و هاوسەرگیری بکەن، ناچار وەک لەو ناوچەیەدا باو بووە، مریەم ڕەدووی دڵبەرەکەی دەکەوێت، کاتێک ئاشکرا دەبن کە بەرەو چیای کێوەڕەش هەڵهاتوون، ئیتر کەسوکاری کچە شوێنیان دەکەون، دەوترێت مریەم حەوت برای هەبووە و هەموویان بە دواییدا دەچن و لە کێوەڕەش بۆ سپیکردنەوەی شەرەف هەردووکیان دەکوژن و هەر لەوێدا دوور لە ئاوەدانی مریەم دەنێژرێت.
کۆی گێڕانەوەکان، سەرەنجام هەمان کۆتاییە و مریەم غەدرلێکراوێکی نەریتی خێڵەکییە، ئەوەی گرنگی بابەتەکە ڕووندەکاتەوە ئەوەیە لە هەموو بارەکاندا مەنگوڕی وەک شاعیر و ڕوناکبیرێکی سەردەمی خۆی زۆرباش لە بوونیەتی کۆمەڵگەی کوردی تێگەیشتووە، ئەو کاتەی مەنگوڕی لە زێدی خۆی بەردباران دەکرێت و شاربەدەر دەکرێت و فەتوای کوشتنی دەدرێت. هەر لەو کاتەدا درک بە ئاسۆی ڕۆژگارێکی نوێ دەکات و دەڵێت: ''ڕۆژێک دێت لێرە پەیکەرم بۆ دروستدەکرێت''. مەنگوڕی وەک پێشکەتووخواز و دژەباوێکی سەردەمەکەی، بەردەوام لەو ڕوناکبیرە سەرەتایی یان یەکەمانە بووە، کە ڕەخنەی لە خراپی ڕەوشی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا گرتووە.
مەنگوڕی وەک پێشکەوتووخواز و دژەباوێکی سەردەمەکەی، بەردەوام لە ڕوناکبیرە سەرەتایی یان یەکەمەکان بووە
مەنگۆڕی، بڕوای بەوە نەبووە کە لەپشت هەر پیاوێکی سەرکەوتووەوە ژنێک هەبێت، بەڵکو لەو بڕوایەدا بووە لە تەنیشت هەر پیاوێکی سەرکەوتوووە ژنێکی لەخۆبردووش هەیە. سەرتاپای نووسینەکانی ئاوێزانن بە گەورەیی و قارەمانێتی و کاریگەریی ژنان لەسەر کۆمەڵگا، باسی لە مێژووی ژن و ڕەوشی ژنان و کاریگەری نەریت لەسەر پێشکەوتنی ژنان کردووە، لە هەمانکاتیشدا ئاگاداری ڕەوش و مێژووی ژنان بووە لە کۆمەڵگەکانی دەرەوەدا و هەمیشە خەونی بەو پێشکەوتنە جڤاکیانەوە بینیوە.
ژن لە نووسینەکانی مەنگۆڕیدا، پاڵەوانی ئەفسانەکانە، بەدیهێنەری خەونەکانە، سەرکردەی دەوڵەتی کوردییە، خەباتگێڕە و قارەمانی شەڕەکانە.
نهێنی وەسێتکردنی (مەنگوڕی) تا لە چیای کێوەڕەش بنێژرێت، جوانترین تابلۆی نێو ژیانی مەنگوڕییە و بەرجەستەیەکی نمونەیی بیرکردنەوەکانییەتی، لە کاتی بەردبارانکردنی خۆی و ماڵ و منداڵەکانیدا، مەنگۆڕی، دڵنیابووە ڕۆژێک دادێت هەر لەو شوێنەدا پەیکەری بۆ دروستدەکرێت. کەواتە دڵنیاش بووە سەر گۆڕەکەی دەبێتە مەزارگە و شوێنی دیداری ئەوانەی لە نووسینەکانی تێدەگەن و خوازیاری بۆچوونەکانی دەبن.
بێگومان مەنگوڕی لە هەموو کەس زیاتر شارەزای ناوچەکە بووە. ئەم زانیاریانە و چەندین زانیاری دیکەی لە بارەی مریەم و گۆڕ مریەمەوە زانیوە، لەم ڕێیەوە ویستوویەتی ناو و ناوبانگ و چیرۆکی مریەمیش زیندوو بکاتەوە، تا نەوەکانی دواڕۆژ و عاشقان تا دنیا دنیایە ناوەکەی بە پیرۆزی ڕابگرن، تا هەموان بزانن بەری دواکەوتوویی تەنگە و ڕۆژی پێشکەوتن هەر دەبێت هەڵبێت.
مەنگوڕی لە ژیانی خۆیدا، کۆی نووسین و بۆچوونەکانی خستووەتە خزمەتی تایبەت بە ماف و ئازادییەکانی ژنان، بەم هەڵبژاردنە پێماندەسەلمێنێت کە ئەو لە مردنەکەشیدا ژن لە بیرناکات و لە خەمی خەمەکانیاندایە، بۆیە دێت شوێن و دوامەنزڵی لەگەڵ ژنێکی غەدرلێکراودا بەش دەکات، سیلەی گۆڕەکەی دوا هەواری مەنگۆڕی دەبیت، لە ناو هاوارێکی بەردەوامی نووسینەکانیدا بۆ دادی ژنان. نابێت لە بیریشمان بچێت مەنگوڕی لەشیعرەکانیدا و لە چەندین شوێنی جیاوازدا ناو مریەمی بەکارهێناوە، ئەمەش بۆ کەسێکە کە وەک حەزرەتی نالی دەڵێت: خۆی تاڵبی مانا دەکات.
سەرچاوەکان
١- غادة السمان، سأذهب للنزهة فوق قبورکم، جریدة القدس العربی، ٥ نوفمبر ۲٠۲۱.
٢- محمد عبدالرحمن، هل دفن مؤسس المغول فی مکان سری، مجلة الیوم السابع، قاهرة، ۱۸ اوگستس ۲٠۲۳.
٣- م.م پژدەری، هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن، چ٢، چاپخانەی پەنجەرە، سلێمانی، ٢٠١٦.
٤- میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی، دیوانی جیهانێکی ئازاد،چ٢،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی،٢٠٢٠.
٥- میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی، بەسەرهاتی مەنگوڕی، چاپخانەی یاد، سلێمانی، ٢٠٠٩.
٦- میرزامحەمەد ئەمین مەنگوڕی، دیوانی بەهەشتی دڵداری، چ٢، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٠.
٧- مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتیح عبدالکریم، دیوانی نالی ، چ٢، چاپخانەی سبهر، تهران، ١٣٦٤.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment