سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: به‌ بایه‌خێكى زۆره‌وه‌ چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکه‌ین کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا دەربارەی دۆخی سووریا دەڵێت، "داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە بگرنە بەر، به‌ شێوه‌یه‌ك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات."

ئەمڕۆ یەكشەممە (هەشتی كانوونی یەكەم/2024) سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "له‌ كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، جەخت له‌ گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا."

 

دەقی پەیامەكەی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى سووریا:

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خێكى زۆره‌وه‌ چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکه‌ین. داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە بگرنە بەر، به‌ شێوه‌یه‌ك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، هه‌روه‌ها بەشداریی کارایان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا، مسۆگەر بکات.

هەرێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پابەندیی خۆی بە پاراستنی پەیوەندیی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی سووریا دووپات دەکاتەوە. هه‌موو ململانێیه‌ك كه‌ دۆخى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز بكات ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها جەخت له‌ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرى و بەرژەوەندیی هەموو گەلان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، جەخت له‌ گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا. بۆیه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین ڕۆڵى خۆیان بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتییانه‌ بگێڕن،‌ هه‌روه‌ها پشتگیریمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان

2024/12/8

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین