سەرۆك بارزانی: بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكانی سووریا دەكەین کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن."

ئەمڕۆ شەممە (حەوتی كانونی یەكەم/2024) سەرۆك بارزانی پەیامێكی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قووڵ بکاتەوە."

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە.

هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قووڵ بکاتەوە. 

هەروەها ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت.

مسعود بارزانی

7ی کانوونی یەکەمی 2024

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین