ڕێكخراوی پەیامنێران: سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان باشترین مامەڵەی یەكسانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان كردووە کوردستانی

نوچە نێت

رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ڕایدەگەیێنێت سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان "بە رێژەی 43.6٪ لە پلەی یەکەم دێت" لەسەر هەردوو سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان، کەباشترین مامەڵەی تەندروست و یەکسانی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان کردووە.

 ئەمڕۆ شەممە (16/تشرینی دووەم/2024) رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، راپرسییەکی لەبارەی مامەڵەی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان لە ماوەی ساڵەکانی(2019-2024) بڵاوکردەوە.

 ڕێکخراوی پەیامنێران لە راپرسییەکەدا بۆچوونی (36) رۆژنامەڤان لە هەردوو رەگەز (72.2٪ نێر و 27.8٪ مێ) وەرگیراوە کە لەو ماوەیەدا رووماڵی کار و چالاکییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بەگوێرەی راپرسییەکە، "مامەڵەی تەندروست و یەکسانی سەرۆکایەتییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووسان"، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 43.6٪ لە پلەی یەکەم دێت، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش بە 23.1٪ لە پلەی سێیەم دێت. 

بەشێک لە ئامار و پرسیارەکانی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان:

 دەرفەتی پرسیارکردن بۆ رۆژنامەنووسان لە سەرۆکایەتییەکان: 

- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 41٪ لە پلەی یەکەم دێت

- سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم دێت

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە رێژەی 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت

هەروەها لە راپرسییەکەدا هاتووە،  (مامەڵەی پرۆتۆکۆڵ، پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سەرۆکایەتییەکان)ە و دەڵێت، لە پلەی یەکەمدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 41٪ دێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت. 

سەبارەت بە پرسیاری  (هاوکاریی سەرۆکایەتییەکان بۆ رۆژنامەنووسان لە پێدانی زانیاری) دەڵێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 38.5٪ لە پلەی یەکەم دێت و دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکە بە 30.8٪ لە پلەی دووەم دێن. 

هەروەها ئەوەش هاتووە، (هەستکردن بە ئازادیی کارکردن لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان هەیە)، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 46.2٪ لە پلەی یەکەم دێت، سەرۆکایەتیی حکومەت بە 30.8٪ لە پلەی دووەم دێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بە 23.1٪ دێت. 

 بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەژێر ناوی (پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە سەرۆکایەتییەکان)ـە و ئەنجامەکەی بەم جۆرەیە: 

- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 38.5٪ لە پلەی یەکەم دێت

- سەرۆکایەتیی حکومەت بە 33.3٪ لە پلەی دووەم دێت

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە 28.2٪ لە پلەی سێیەم دێت

لەبارەی (رۆڵی گوتەبێژ یان بەڕێوەبەری راگەیاندن لە سەرۆکایەتییەکان لە هاوکاریی رۆژنامەنووسان لە پێدانی زانیاری)یە، ڕاپرسییەکە دەڵێت ئەنجامەکە بەم جۆرەیە:

- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 38.5٪ لە پلەی یەکەم هاتووە

- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە 28.2٪ لە پلەی دووەم دێت

- سەرۆکایەتیی حکومەت بە 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت

 رێکخراوەکە رایدەگەیێنێت، "لەم راپرسییەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆی هەموو پرسیارەکان لە پلەی یەکەم بوو. ئەم ئەنجامە دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆکایەتیی هەرێم زۆرترین دەرفەتی بە رۆژنامەنووسان بێ جیاوازی داوە لە پێدانی مافی بەدەستهێنانی زانیاری و پابەندبوونی بە یاسای کاری رۆژنامەنووسی و ئازادیی رادەربڕین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین