پسپۆڕێكى ئەمریكى: توركیا له‌ژێر كاریگه‌ریى ئه‌مریكا نه‌ماوه‌ تورکیە

نوچه‌نێت

ناكۆكیەكانى توركیا ــ ئەمریكا لە سەرەتاى جەنگەكانى سێ دەیەى رابردوو لەو ناوچەیە دەستى پێكرد، لەگەڵ هەر جەنگێك لەو ناوچەیە ناكۆكییەكانى نێوانیان زیاتر دەبێت، یەكەم ناكۆكیان لە جەنگى یەكەمى كەنداو دەستى پێكرد، لە جەنگى دووەم ناكۆكییەكان زیاتر بوو، لەگەڵ دەستپێكردنى جەنگى سووریا ناكۆكییەكانیان گەیشتە لوتكە، بەقسەى پسپۆڕێكى ئەمریكى ناكۆكیەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتۆتە ئەو ئاستەى توركیا بەتەواوى لەبن دەستى ئەمریكا دەرچێت.

ئاژانسى هەواڵى توركیا لە راپۆرتێكدا بڵاوى كردەوە ، عەلى دیمیداس مامۆستاى زانستە سیاسیەكان لە لێدەوانێكى بۆ گۆڤارى(ناشناڵ ئینتەریست) دەربارەى پەیوەندییەكانى نێوان توركیا ــ ئەمریكا دەڵێت: "بەهۆى سیاسەتى سەربەخۆى دەرەوەى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، كە بەرانبەر توركیا گرتییە بەر، ئەمریكا  لە لێوارى لە دەستدەرچوونى توركیایە".

سەبارەت بە هۆكارەكانیش دەڵێت، " هۆكارەكە تەنیا سیستەمى مووشەكى بەرگرى ئێس٤٠٠ ى رووسى نییە.

هەروەها لە بەشێكى ترى قسەكانى روونیكردۆتەوە" ئەو قەیرانە بەڵگەیە لەسەر دەرچوونى توركیا بەتەواوى لەبن دەستى ئەمریكا" لەماوەى رابردووش مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیرى دەرەوەى توركیا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە" گرێبەستى كڕینى سیستەمى بەرگرى كۆتایى هاتووە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى دیمیداس ئاماژەى بەوە كردووە لەگەڵ هاتنى پارتى دادوگەشەپێدان بۆ سەر دەسەڵات تەحەدییەكانى توركیا بەرانبەر ئەمریكا زیادى كردووە، لە (٢٠٠٣) كاتێك ئەمریكا جەنگى دژ بە عێراقى رایگەیاند توركیا رێگەى نەدا ئەمریكا بنكەى ئەنجەرلیك  بەكاربێنێت، ئەوەش بەهۆى لێكەوتە سیاسى و كۆمەڵایەتیەكانى جەنگى كەنداو بوو كە لە (١٩٩١) ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا سەرۆكایەتى دەكرد، بۆیە لە (٢٠٠٣) حكومەتى پارتى دادوگەشەپێدان رێگەى نەدا ئەمریكا لە خاكى توركیاى سەر سنوورى باكوورى عێراق بەرەى جەنگ بكاتەوە بۆ لادانى دەسەڵاتى.

ئەوەش بووە هۆى تووڕەبوونى ئیدارەى جۆرج ده‌بڵیو بۆش، كە ئەوكاتە سیاسەتى دەرەوەى زیاتر دووپاتى زیاترى لەسەر بوارى سەربازى بوو، ئەوەش تا ئەمڕۆ بۆتە شەقبوونى پێوەندیى دوولایەنەیان.

لە بەشێكى ترى قسەكانى دیمیداس پێى وایە" هەڵگیرسانى جەنگى(٢٠١١) لە سووریا ئەو دابەشبوونەى ئەو دوو دەوڵەتە هاوپەیمانەى زیاتركرد، كە ئەوەش بە روونى لێنەهاتووى واشنتنى لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە دەرخست.


هەر لە درێژەى قسەكانى دا دەڵێت: كشانەوەى سیستەمى مووشەكى بەرگرى پاتریۆت لە سنوورى توركیا لەگەڵ سووریا بووە هۆى ئەوەى كە توركیا رووبەڕى هێرش ببێتەوە، كاتێكیش توركیا داواى بەپەلەى ئاڕاستەى ئەمریكا كرد بۆ كڕینى مووشەكى پاتریۆت، ئەمریكا وەڵامى نەدایەوە، كاتێكیش رەزامەندى نیشاندا (١٧)مانگ بەسەر رەتكردنەوەى گواستنەوەى ئەو تەكنەلۆژیا سەربازیانە بۆ توركیا تێپەڕى بوو، كە دەویست بیانكڕێت.

لە كۆتایى قسەكانیدا دەڵێت: بێهیوابوونى ئێستاى واشنتن بەرامبەر توركیا، رەگێكى قووڵى هەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیەك، بەڵام دووركەوتنەكەى گرنگتر كردوە، داتەپینى خێراى نفوزى ئەمریكیە، ئەو رۆژانە تێپەڕیین كە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكى بتوانێت بیكات، وەك لە (١٩٩١) كۆدەنگى دروستبكات و سوپایەك كۆبكاتەوە (٥٠٠) هەزار سەربازى  لەخۆگرتبێت.

دیمیداس دەڵێت: هەڵەیە كڕینى سیستەمى بەرگرى ئێست٤٠٠ بە هۆى تێكچوونى ساردبوونى ئەمریكا ــ توركیا دابندرێت، چونكە بەرژەوەندیەكانى ئەمریكا و مەترسیە ئەمنیەكانى توركیا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبیندرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین