گێڕانه‌وه‌ى پاره‌ى ئێران له‌ كۆریاى باشوور گومان دروست ده‌كات

نوچه‌نێت

سێ ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرێس لە نامەیەکدا داوایان لە ئه‌نتونی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد سەبارەت بە ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی ئەگەری ئازادکردنی یەک میلیار دۆلار پارەی ئێران کە لە کوریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە، ڕوونکردنەوە بدات.

بە پێی هەواڵێکی "رادیو فردا"، برایان ستایل، جیم بێنکس و گرگ ستوب سێ نوێنەری کۆماریخوازی ویلایەتەکانی ویسکانسین، ئیندیانا و فلۆریدا وێرای وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە سوپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی کوریای باشووردا گرتبوو داوایان کرد وەزیری دەرەوە دەربارەی ڕۆڵی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی ئەو یەک میلیار دۆلارەی کە ئێران داوای دەکات ڕوونکردنەوە بدات.

نووسەرانی ئەو نامەیه‌ وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە پێشتر ئه‌نتۆنی بلینکن، ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردبووەوە، نووسیویانە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژێک دوای لێدوانەکانی بلینکن لە تویتێکدا ڕایگەیاند ئەو یەک میلیار دۆلارە لە ڕێگای ئەو کەناڵەی سویسڕا کە بۆ کڕینی کاڵای مرۆڤدۆستانە دانراوە، کەڵکی لێوەرگیراوە.

پێشتر حسێن تەنهایی، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی ئێران، ڕۆژی هه‌ینى ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، لە وه‌ڵامی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئازادکردنی دارایییەکی ئێران لە کوریای باشوور وتبووی "بڕیارە تا یەک ملیار دۆلار لەو داراییانە ڕادەستی کەناڵی دارایی ئێران- سویسڕا بکرێ بۆ کڕینی دەرمان و خۆراک. سەبارەت بە دەرمانیش وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ بانکی ناوەندیی هاوکاریی دەکات".

ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو سەبارەت بە ئازادکردنی داراییەکانی خۆی لە کوریای باشوور، لەگەڵ سیئول ڕێککەوتووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی کوریای باشوور ڕایگەیاندبوو ئەو داراییانەی ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا ئازاد دەکرێن.

بڕی دارایی ئێران کە لە کوریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە ٧ میلیارد دۆلارە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە کێشەیەکی دیپلۆماتیک لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین