بە ڕەزامەندى ئەردۆغان ڕێگە بە دەمیرتاش دراوە سەردانى باوکى بکات تورکیە

نوچەنێت:

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكى پێشووى هه‌ده‌په‌، ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر ده‌نگى كورد نه‌بێت هه‌مووان ئەوە دەزانن ئه‌كپارتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وتوو نابێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جووڵه‌ ده‌كات ئاساییه‌، ئه‌وه‌ى نائاساییه‌‌، هه‌ڵوێستى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ بوێرى ئه‌وه‌یان نییه‌ هیچ جووڵه‌یه‌ك بكه‌ن".

ڕۆژى هه‌ینى (18/تشرینى دووه‌م/2022) ماڵپه‌رى (بى بى سى) بڵاویكرده‌ووه‌، ده‌میرتاش سه‌باره‌ت به‌ ئازادكردنى و رێگه‌دانى بۆ‌ بینینى باوكى، پاش سه‌ردانه‌كه‌ى ئاكپارتى بۆ لاى هه‌ده‌په‌،  گوتى، "باوكم ئێستا جەڵتەى دڵ لێیداوە، سەردانیکردنى منیش بۆ لاى ئەو تەنها ڕێککەوت بوو، نە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنێک." 

ده‌میرتاش له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا ده‌ڵێت، "ئه‌م هه‌موو شتانەى ڕوویداوه‌ هێشتا له‌ مێشكماندا زیندووه‌، نادادپه‌روه‌رى و نایاسایى به‌رده‌وام له تورکیا‌ زیادبووندایه‌، من نه‌ك به ‌فڕۆكه‌ى تایبەت بمبه‌نه‌ دیاربه‌كر، به‌ڵكو به‌ کەشتى ئاسمانی بمبه‌نه‌ مه‌ریخیش هەڵوێستم ناگۆرێت".

هاوسەرۆکى پێشووى هەدەپە، سەبارەت بە ڕێگەپێدانەکەى حکومەتى تورکیا، تاوەکو سەردانى باوکى بکات دەڵێت، "دواى ئەوەى زانیم باوکم به‌هۆى نه‌خۆشى دڵى خه‌وێنراوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، داواى مۆڵه‌تى بینینى باوكم كردووه‌و، له‌ به‌ندیخانه‌ خۆم داواكاریم پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ندیخانه‌ كرد، راپۆرتى پزیشكى‌ تێدا بوو، کە ئاماژه‌ى بەوە دابوو دۆخى ته‌ندروستى باوكم خراپە، به‌ڵام ته‌ئكید نه‌بووم ئایا ڕێگه‌م ده‌ده‌ن یاخود نا". 

ده‌میرتاش ڕاشیگه‌یاند، "ساڵى ڕابردووش دووجار بۆ بینینى دایكم، هاوشێوه‌ى ئه‌مساڵ داواكاریم پێشكه‌ش كرد، بەڵام چونكه‌ ڕاپۆرتى پزیشكى له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، داواكارییه‌كه‌م ڕه‌تكرایه‌وه‌." 

ده‌میرتاش ئه‌مانه‌شى خسته‌ڕوو، "سه‌ردانیه‌كه‌م ته‌نیا 45 ده‌قیقه‌ى خایاند، له‌گه‌ڵ باوكم (30) خولەک قسه‌م كرد، (15) خولەکیش پزیشكه‌كان ڕوونكردنه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به‌ ته‌ندروستى باوكم پێدام".

هاوکات دەمیرتاش ئاشکراى دەکات، "هەروا بە ئاسانى ئەم جۆرە ڕێگەپێدانانە نادرێت بە هەموو کەسێک،  ئه‌م ڕێگه‌پێدانه‌ ته‌نیا به‌ ره‌زامه‌ندى سه‌رۆك كۆمارى تورکیا ده‌درێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین