سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغدا جه‌خت "له‌ گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق"، دەكەنەوە.

ڕۆژی دووشەممە (13/كانوونی دووەم/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەحموود ئه‌لمەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له‌ گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرایه‌وه‌. هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیى پەرەپێدانی هاریكاریى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتیی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵاتدا بدات."

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر "گرنگیی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تایبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا کردەوە."

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی "داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کرد له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی (2025) ڕۆڵی خۆیان ببینن، به‌ جۆرێک که‌ دادپه‌روه‌ری له‌ ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات،‌ به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک هه‌موو ‌عێراق".

ڕاگەیێندراوەكەش دەڵێت، له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانکارییه‌كانى سووریایان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان كرده‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین