میدیای ئیسرائیل: هێزی ئاسمانی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران ئامادەکاری دەکەن ئێران

نوچەنێت

میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، کە حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری وەڵامدانەوەی ئێرانی داوە، بەڵام بە شێوەیەک نەبێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکە.

ڕۆژی سێشەممە (16/ نیسان/ 2024)، العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی فەرمییەوە بڵاویکردەوە، "سەرکردایەتی سیاسی و ئەمنی رۆژی دووشەممە بڕیاریانداوە کە بەشێوەی "یەکلاکەرەوە و روون" بەرامبەر بەو هێرشەی کە ئێوارەی شەممەی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرا بە شێوەیەک وەڵام بداتەوە، کە نەبێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە ئێران ئامادە دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا و بە پێی راگەیاندنی میدیای ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کابینەکەیدا لەگەڵ وەزیرەکانی پارتی لیکود، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئێران دەبێ هەمان دڵەڕاوکێی ئێمە ئەزموون بکات، کە ئێمە تووشی بووین، و گوتوویەتی، کە ئیسرائیل بەوریاییەوە وەڵامی هێرشی ئێران دەداتەوە.

هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئەنجومەنی جەنگی ئەم وڵاتە، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا زنجیرەیەک بژاردەی بە ئامانجی زیانگەیاندن بە ئێران دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، تاوتوێ کردووە.

لە ئێستادا کابینەکەی نەتانیاهۆ بیر لە وەڵامدانەوەی گونجاوی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە میدیای فەرمی ئێران رۆژی دووشەممە بە گێڕانەوە لە لێدوانەکەی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاویکردەوە، کە تاران نایەوێت گرژییەکان زیاتر بکات، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل بە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە وەڵام بداتەوە، ئەوا دەستبەجێ و بە بەهێزێکی زیاتر لەچاو ئەوەی پێشتر وەڵام دەداتەوە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین