هێرشەكانى ئێران بۆ سەر ئيسرائيل و ئەگەرەكانى بەردەميان بیروڕا

نوچە نێت

ئيسماعيل تەها

شەوى رابردوو ئێران ژمارەيەك مووشەكى جۆراوجۆ و درۆنى ئاراستەى ئيسرائيل كرد، ئەو هەنگاوەى ئێران يەكەم هەنگاوى راستەوخۆى لەو جۆريە دژ بە ئيسرائيل، بەڵام ئەنجامى ئەو هێرشە چى بوو، ئايا ئێران جددى بوو لەم هێرشە؟

چەند ئامارێك

ئيسرائيل: لە 99% هێرشەكانى ئێرانمان تێكشاند.

ئاژانسەكان:

136 درۆن

36موشەكى كرۆز

110 مووشەكى بالستى.

ژمارەى چەكى بەكارهاتوو لە ئاژانسێك بۆ ئاژانسێكى ديكە جياوازە، ئيسرائيل ئەو ژمارەى سەرەوەى بڵاوكردۆتەوە.

سوپاى پاسداران نووسيوويەتى دەيان مووشەك و فڕۆكەى بێ فڕۆكەوان.

زيانەكان برينداربوونى منداڵێكى دە ساڵان.

شەوى رابردوو ئێران ئامانجى خۆى پێكا

هێرشەكەى شەوى رابردوو لە رووى مەعنەويەوە بۆ ئێران گرنگ بوو، بەتايبەت لەسەر ئاستى ناوخۆ، بەڵام لەسەر ئەرزى واقيع بەدوور دەزاندرێت هاوكێشەى نوێ درووست بكات، چونكە ساڵى (1991) سەدام حوسێنيش بەو جۆرە ئيسرائيلى بۆردوومان كرد.

ئەگەر سەيرى ئەنجامى كۆتايى هێرشەكانى ئێران بكەين ئەوەندەى درووشمێكى سياسى و سەربازييە، ئەوەندە ناچێتە خانەى گورزوەشاندن.

خاڵێك بۆ ئێران لێرە زۆر گرنگە، ئەويش چۆن جارێكى ديكە ئەو رووداوە بكاتەوە بە كارتێك بۆ فراوانكردنى هەژموونى خۆى، چونكە چۆن لە رابردوو هەموو ئاڵۆزييەكى بۆ بەرژەوەندى خۆى قۆستۆتەوە، ئێستاش هەموو ئاڵۆزييەكان دەقۆزێتەوە.

ئێران بەردەوام دەبێت لە فراوانكردن و بەهێزكردنى پێگەى لە لوبنان و سووريا و يەمەن و وڵاتانى ئەفريقيا.

لەدواى ئاڵۆزييەكانى سووريا ئەمەريكا و ئيسرائيل بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ كەوتنى بەشار ئەسەد نەبوون، خۆيان رێگەيان بە ئێران و رووسيا دا پارێزگارى لە رژێمى بەشار ئەسەد بكات.

بە درێژايى (15) ساڵى رابردوو ئيسرائيل دەيان هێرشى كردۆتە سەر بنكەكانى ئێران لە سووريا، بەڵام كاردانەوەكانى نەبيندراوە، لە عێراق ئەمەريكا قاسم سلێمانى كوشت، بەڵام ئێران كاردانەوەى نەبوو، دۆناڵد ترەمپيش گوتى، پێويستە قەبارەى كاردانەوەكانى ئێران لە كوشتنى قاسم سلێمانى گەورەتر نەبێت.

ئيهود يەعارى لێكۆڵەرى ئيسرائيلى لە راپۆرێكدا لە پەيمانگەى واشنتن دەڵێت، هەواڵگرى ئيسرائيليى پێى وايە لە (80 بۆ 90%) پێگەى سەربازى ئێران لە سووريا وێران كراوە، ئەو هەڵسەنگاندنە ورد بێت ياخود ورد نەبێت، هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن، كە سوپاى پاسداران لە پێناو بەهێزكردنى پێگەى بەردەوامى و بڵاوبوونەوەى لەسەرەخۆى سەربازى باجى گەورە بدات.

بۆيە چاوەڕوان ناكرێت كاردانەوەكانى ئێران هێڵەسوورەكانى ئيسرائيل ببەزێنێت، بە گەڕانەوە بۆ كاردانەوەكانى رابردوو ئاراستەى كاركردنى ئێران ديارە، كە بەردەوامبوونە لەسەر فراوانكردنى هەژموونى سياسى.

سەبارەت بە هێوێستى بەرانبەر هێرشەكانى شەوى رابردوو سوپاى پاسداران جەخت لەسەر سەركەوتنى هێرشەكان دەكاتەوە، هۆشداريش دەداتە ئەمەريكا.

لەسەر ئاستى ئەمەريكا لويد ئۆستن، وەزيرى بەرگرى ئەمەريكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، وڵاتەكەى هەوڵى ناكۆكى لەگەڵ ئێران نادات، داواى هێوركردنەوەى لێ دەكات.

ئێستا ئيسرائيل هەڕەشە دەكات، ئەگەريش هەيە ئەويش گورزێك لە ئێران بوەشێنێت، بەڵام ئێران سوودى زۆر لەو گورزە دەبينێت، جارێكى ديكە لەرووى سياسييەوە دەستى كراوەتر دەبێت، وەبەرهێنانى گەورەى سياسى لەسەر دەكات، ئەگەرێكى ديكەى بەهێز هەيە، ئەو هێرشانە دەرفەتێكى زۆر گرنگ بە ئيسرائيل بداتەوە، ئەو وڵاتانەى لە رابردوو هەندێك رەخنەيان لێى هەبوو، جارێكى ديكە بۆ پاڵپشتى بێنەوە سەر خەت، ئەو چەند وڵاتەى بەناوى فشار هاوكارى سەربازييان راگرتبوو بە پاساوى مەترسييەكانى سەر ئيسرائيل هاوكارى زياتر پێشكەش بكەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین