مەسرور بارزانى: یەکێک لە بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول یەکڕیزی گەلی کوردستان بوو کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە یادى (61)مین ساڵیادى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول ڕایدەگەیێنێت، "یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو."

ئەمڕۆ یەکشەممە (11/ئەیلوول/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا لە بارەى شۆڕشى هەڵگیرسانى ئەیلوول دەڵێت، "گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان."

 

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادی شۆڕشی ئەیلوول:

 ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازییەکانەوە بە سەرکردایەتیی رابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر.

یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە رەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی یازدەی ئادار.

هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان.

ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە.

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە رێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین