كازمى شاندێكى باڵا ره‌وانه‌ى ناوچه‌ بۆردومانكراوه‌كه‌ى زاخۆ ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق رایگه‌یاند، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق بڕیارى دا فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و شاندێكى باڵاى ئه‌منى ره‌وانه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى زاخۆ بكات، كه‌ ئه‌مڕۆ بۆردومان كراوه‌ و قوربانییه‌كى زۆرى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/ ته‌مووز/2022 مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڕیارى داوه‌، شاندێكى باڵا كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و به‌رپرسانى ئه‌منى سه‌ردانى گوندى په‌ره‌خى زاخۆ بكەن، كه‌ به‌ هۆى بۆردومانكردنه‌وه‌ قوربانییه‌كى زۆرى له‌ گه‌شتیاران لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

سه‌عد معن سه‌رۆكى شانى ئه‌منى عێراق به‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاندووه‌، چه‌ندان به‌رپرسانى باڵا له‌وانه‌ جێگرى فه‌رمانده‌ ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق یاوه‌رى فوئاد حوسێن ده‌بن.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ بۆردومانى گوندى په‌ره‌خ كرا، كه‌ ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارییه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ 23 كه‌س بریندار بوون و هه‌شت كه‌سیش كوژران، تا ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتى له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌، به‌ڵام گومانى ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ له‌ توركیا ده‌كرێت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین