سکرتێرى حاجى مەسیفى: نەدەبوایە وتەبێژى پۆلیسى هەولێر پێش بڕیارى دادگا بکەوێت کوردستانی

نوچەنێت:

لەسەر تەقەکردن لە ماڵى حاجی مەسیفى، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیى نیشتیمانیى کوردستان، وتەبێژى پۆلیسى هەولێر دەڵێت، تەقەکردنەکە سیاسی نییە، و سکرتێرى حاجى مەسیفى-یش دەڵێت، نەدەبوایە پۆلیسى هەولێر پێش بڕیارى دادگا بکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (13/تەممووز/2022) سکرتێرى حاجی مەسیفی لەسەر کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى هۆگر عەزیز، وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "نیگەرانی  خۆمان لەو وتانەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر  دەردەبڕین کەوا بەرێزیان حەقنە بوو پێش بریاری دادگا کەوتبان تا دادگا بڕیاری ڕاستی خۆی دەدات".

سکرتێرى حاجى مەسیفى زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت، "دوابەدوای ئەوەی کەلەچەند ڕۆژی رابردو  تەقە لە ماڵی حاجی  مەسیفی کرا، پاش گەیشتنی هێزە ئەمنیەکان و دەست بە لێکۆلینەوە کرا، کەیسەکە گەیشتە دادگا، بەڵام بەداخەوە دوێنی  وتەبێژی  پۆلیسی هەولێر  لە کۆنگرەیەکی  ڕۆژنامەنووسیدا زۆر نا بەرپرسانە ڕایگەیاند کەیسەکە کەیسێکی سیاسی نییە و بەڵکو کەیسێکی شەخسیە."

دوێنێ هۆگر عەزیز، وتەبێژى پۆلیسى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو رووداوە ڕایگەیاند، "رووداوی تەقەکردن لە ماڵی ئەندامێکى سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر لە لێکۆڵینەوەدایە و کێشەکە سیاسی نەبووە، بەڵکو بۆ خودی کەسەکە دەگەڕێتەوە و تەقەکەرەکەش هەرکەسێک بێت، ئێمە رێڕەوی یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر".

ڕۆژى (11-7-2022) کاتژمێر دووى شەو تەقە لە ماڵى ئەو ئەندامەى سەرکردایەتیى یەکێتى کرا، کە بەو هۆیەوە یەکێک لە پاسەوانەکانى بە سووکى بریندار بوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین