ئەمەریكا: رووسیا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئێران وەردەگرێت ئێران

نوچەنێت:

جیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رایگەیاند، "زانیاریمان لایە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەسازی دەكات بۆ پێدانی سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە رووسیا." لەبەرانبەردا ئێران دەڵێت، "پەیوەندی تەكنەلۆژیای نوێمان لەگەڵ رووسیا دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ئۆكراینا."

ئەمڕۆ سێشەممە (12ی تەمووزی 2022) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاویكردەوە جیك سۆلیڤان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی گوتی، "دوای ئەوەی رووسیا لە جەنگی ئۆكراینا شكستی هێنا رووبەڕووی كێشەی چەك بۆتەوە، ئێمە زانیاریمان دەستكەوتووە حكومەتی ئێران لەو نزبكانە سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەدات بە رووسیا."

لە بەشێكی تری قسەكانی سۆلیڤان ئاماژەی بەوە كرد، "سوپای رووسیا لەو مانگەوە دەست بە مەشقەكردن دەكات لەسەر بەكارهێنانی ئەو فڕۆكانە."

بەگوێرەی لێدوانەكانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، تایبەتمەندی ئەو فڕۆكانە ئەوەیە توانای هەڵگرتنی چەكیان هەیە. 

سەبارەت بەو لێدوانانەی كۆشكی سپی ئەمەریكا ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "مێژووی هەماهەنگی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیا لە بواری تەكنەلۆژیای نوێ دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ئۆكراینا، لەم دوایەش هیچ بەرەوپێشچوونێكی تایبەت لەم بوارە رووینەداوە."

لەبەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، "هەڵوێستی ئێران بەرانبەر جەنگی ئۆكراینا روونە، لە زیاتر لە بۆنەیەك بە فەرمی رامانگەیاندووە."

سەبارەت بە پێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش وتەبێژەكەی ئێران لێدوانەكانی جیك سۆلیڤانی بەبێ بانگەشە وەسف دەکات.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ سووپای رووسیا هێرشی سەربازی كردە ئۆكراینا، وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپا بەشێك لە وڵاتانی جیهان دژ بە هێرشەكانی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا وەستانەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین