د.عوسمان عەلى: لێدوانەكانی مالیكی دژ بەهەبوونی سوپای توركیا لە عێراق، پەیوەندی بە ململانێی توركیا و ئێران هەیە
ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت
پرۆفیسۆر د.عوسمان عەلی، پسپۆڕ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، تیشک دەخاتەسەر دواین گۆڕانکارییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرییەکانى تورکیا و ئێران لەسەر بارودۆخى سیاسى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان.
سەبارەت بە هێرشکەى ئەم دواییەى ئێران بۆ سەر هەرێمى کوردستان، د. عوسمان عەلى، پێیوایە ئامانجەکە تەنیا ئیسرائیل نییە، بەڵکو پەیوەندى بە تورکیاوەش هەیە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هەرێمى كوردستان و توركيا پەيوەندييەكى زۆر بەهێزيان هەيە، ئێران وەك دوو دوژمنى سەرسەخت سەيرى هەردوولا دەكات، ئێران ناوێرێتە توركيا، چونكە توركيا وڵاتێكى زلهێزى ناوچەييە، بەڵام بەمجۆرە ئێران شەڕى توركيا دەكات لە باكوورى سووريا و هەرێمى كوردستان، وە پەيوەندييەكى راستەوخۆ لەنێوان ئەو هێرشانە هەيە بەتايبەت لە كێشەى شنگال، سوپاى پاسدارانى ئێرانى بە ئاشكرا لەناو عێراق وەك ميليشيا دەسوورێنەوە، (14) هەزار چەكداری هێناوەتە شنگال و دەوروپشتى، چونكە ئەو هێڵە لە هێڵەكانى ئێرانن كە بە باكوور و ناوەڕاستى سووريا دەبەسترێتەوە."
سەبارەت بە لێدوانەكانى نوورى ماليكى سەبارەت بە بنكەى سەربازیى توركيا لە باعشيقە، د.عوسمان عەلى دەشڵێت، "ماوەیەکە ماليكى و لايەنە شيعييەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بۆچى سوپاى توركيا لە باعشيقەيە؟ ئەو لێدوانەی مالیكی بەشێكی پەیوەستە بە ململانێكانی توركیا و ئێران، چونكە ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە سەروەری خاكی عێراق و نەبوونی هێزی وڵاتانی تر، ئەوا (160) هەزار چەكداری شیعەی عێراق سەر بە ويلايەتى فەقيهى ئێرانييە، ئێران هاوكاری لۆجستی و سەربازییان دەكات، بەڵام هەر ئەو هێزانەی بەرانبەر توركیا باس لە سەروەری عێراق دەكەن، ناتوانن بەرانبەر دەستوەردانەكان باسی سەروەرییەكانی عێراق بكەن."
دەقى دیمانەکەى د. عوسمان عەلى، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی:
نوچەنێت: لەسەرەتای ئەمساڵەوە پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل بەرەو ئاسایی بوونەوە چووە، سەرۆكی ئیسرائیل سەردانی ئەنقەرەی كرد، ئەو پەیوەندیيانە كاریگەری لەسەر ناوچەكە چی دەبێت؟
د.عوسمان عەلى: ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل زۆر گرنگە، توركیا لەگەڵ نۆ وڵات سنووری هەیە، سنوورەكانی توركیا پێگەی ستراتیژییان زۆر گرنگە، پەیوەنديەكانی توركيا لە بواری پیشەسازی چەك و ئابووریدا لەگەڵ وڵاتان لەگەشەدايە.
سەبارەت پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاكان، لە كاتی شەڕەكانی عەرەب و ئیسرائیل و پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاكپارتی توركیا بە حكومی ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو زیاتر لە رۆژئاوا نزیك بوو، بەڵام لەدوای هاتنی ئاكپارتی توركیا سیاسەتی گۆڕی و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ فەڵەستین پیشان دا، لە كۆنفراسی داڤۆس ئەردۆغان سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر فەڵەستییەكان كرد، لەگەڵ شیمۆن پێرز رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.
چالاكييەكانى ئێران لەناو توركيا پەيوەستە بە هێرشەكانى ئێران بۆ سەر هەرێمى كوردستان
لە ساڵانى رابردوو توركیا یارمەتی حەماس و گرووپە فەڵەستییەكانی ترى دەدا، بەڵام ئێستا كە لەگەڵ ئیسرائیل پەيوەندى ئاسايی دەبێتەوە، ئەو ئاساییبوونەوە كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی و هاوسەنگی سیاسی ئەو ناوچەيە دەبێت، پاشان لێكەوتەی زۆری دەبێت.
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا چەند رەهەندێكی هەیە، رەهەندێكی پەیوەستە بە خودی ئەردۆغانەوە، نزیكەی ساڵێكە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بەرەو سفركردنەوەی كێشەكان دەبات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی رۆژهەڵات، تەنانەت لەگەڵ وڵاتێكی وەك ئەرمینیا، كە دوژمنایەتی مێژووييان هەیە ئامادەیە پەيوەندييەكانى نێوانیان ئاسايى بكاتەوە، هەروەها هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ یۆنان و میسڕ و سعوودیە و ئیمارات ئاسایی بكاتەوە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسڕ بەشێكە لەو سیاسەتە نوێيەى دەرەوەی وڵاتەكەى.
بەشێك لە هۆكاری ئەو ئاساییبوونەوە پەیوەستە بە دۆخی ئابووریی توركیا، چونكە لەو قۆناغى ئێستا دۆخى ئابوورى باش نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ هەڵبژاردنێكی چارەنووساز، بۆ ئەوەش پێویستی بە پەیوەندییەكی باش هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بۆیە ئەو ئاساییكردنەوە كاریگەری لەسەر ئابووری توركیا دەبێت، بەهۆی ئاساييبوونەوە قەبارەی بازرگانیان لەگەڵ وڵاتە ناكۆكەكان بەرزدەبێتەوە، هەر لە چەند مانگی رابردوو كاتێك هەنگاوەكانی ئاساییبوونەوە لەگەڵ سعوودیە دەستی پێكرد، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانی نێوانیان هەبوو.
هۆكارێكی تریش ڤایرۆسی كۆڕۆنا دۆخی جیهانی گۆڕی، زۆبەى وڵاتانی ناوچەكەى ناچار كرد لێكنزیك ببنەوە، ئەوەش كاريگەرى لەسەر ئاسایبوونەوەی پەيوەنديى ئيسرائيل و توركيا هەبوو.
نوچە نێت: راگەیاندنەكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، چەند گرووپێكی سەر بە ئێران هەوڵدەدەن كاری تێكدەرانە لە توركیا ئەنجام بدەن، بۆچی ئەم كارانە لەم كاتە دەست پێدەكات؟
د.عوسمان عەلى: پسپۆڕانی بواری پەيوەندییە نێودوڵەتیەكانی ئێران پێيانوايە، ئيسرائيل دەيەوێت گۆڕەپانى ناكۆكى سياسى لەگەڵ ئێران فراوانتر بكات، ئەو ناكۆكييە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لە باكوورى سووريا هەيە، لە هەمانكاتدا ئيسرائيل پەيوەندييەكى باشى لەگەڵ ئيمارات و وڵاتانى عەرەبى هەيە، ئيمارات و سعووديە بەشێكن لەو شەڕەى كە لەگەڵ حوسييەكانى يەمەن هەیە، كە لە رووى سەربازى و ئايدۆلۆژى سەربە ئێرانن، فراوانكردنى ئەم شەڕەى ئێران و ئيسرائيل لە لوبنان و سووريا و يەمەنە، بەڵام ئەوە توركياش دەبێتە بەشێك لەم گۆڕەپانە، بۆچى ئەم گۆڕەپانە نوێیە لەم كاتەدا دەكرێتەوە؟ وەك لە راگەياندنەكان باس دەكرێت، توركيا بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بەهۆى ئەوەى حكومەتى ئاكپارتى توركیا بەرەو هێزێكى ناوچەيى دەبات، بۆيە كۆمارى ئيسلامى ئێران حەزدەكات ئەو حكومەتە نەمێنێت، چونكە ئێران پێيوايە ئەگەر ئەردۆغان لەسەر شانۆى سياسى نەمێنێت، توركيا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخى پێشووى، بەوەش دەبێتەوە وڵاتێك سەرقاڵ دەبێت بە كاروبارى ناوخۆييەوە، گۆڕەپانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئێران چۆڵ دەبێت، بۆ ئەوەى ببێتە هێزى يەكەم لەو ناوچەیەدا، جگەلەوەش ئێران پەيوەندیەكى باشى لەگەڵ ئۆپۆزيسيۆنى حكومەتى توركيا، بەتايبەت لەگەڵ پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە) كە عەلەوييەكان زۆربەی سەركردايەتى ئەو پارتە پێك دەهێنن، چونكە لە هەر شوێنێك شيعە لە دەسەڵات دا بێت بۆ كۆمارى ئيسلامى ئێران گرنگترە.
لەلایەكی ترەوە لەم رۆژانەى رابردوو چەند ژەنەڕاڵێك و زانايەكى ئەتۆمى ئێرانی كوژران، ئەو كەسانەش لە پێگەى بەرزى سوپاى پاسداران بوون، ئەوانەى تریش پسپۆڕى چەكى ئەتۆمى و فڕۆكەى بێفڕۆكەوان بوون، ئەوەش كارێكى ئاسايى نييە، ئێران بە پێويستى دەزانێت لە هەركوێ بێت گورزێك لە ئيسرائيل بدات، هەرچەندە وتەبێژێكى ئێران گوتى، "بەڵێ ئێمە تۆڵە لە ئيسرائيل دەكەينەوە، بەڵام لەناو خودى ئيسرائيل تۆڵە دەكەينەوە، چونكە ئێمە لە وڵاتى سێيەم شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناكەين." بەڵام لە راستيدا وانييە، چونكە ئێستا شەڕى ئێران و ئيسرائيل لە سووريا و يەمەنە، لەبەر ئەوەشە بە بۆچوونى من، هەوڵەكانى دەزگاى هەواڵگرى ئێرانى بۆ لێدانى ئيسرائييلييەكان لە توركيا شتێكى چاوەڕوانكراوە، لەوانەشە بەشێكى ئەو گەشتيارانە لە ناوەندەكانى حكومەتى ئيسرائيلى نزيك بن، هەروەها كارمەندى دەزگاى مۆساد و بازرگانى تێدا بێت، هەندێكیشی گەشتيارى ئاسايين، ئەوەش بۆ ئەوەيە ئێران لە ئاستى ناوەخۆ و دەرەوە بڵێت، "هەركات ئيسرائيل گورز لە ئێمە بدات، ئێمەش دەتوانين گورز لەو بدەينەوە."حكومەتى توركياش دەڵێت، "ئێمە پێنج كەسمان دەستگيركردووە."بەڵام ناڵێت ئێرانى، بەڵكو دەڵێت، پەيوەندييان لەگەڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران هەيە و ويستوويانە چەند گەشتيارێكى ئيسرائيلى بكەنە ئامانج.
خاڵێكى تريش لەبەر ئەوەيە توركيا لەو ناوچەيە ركابەرێكى گەورەى ئابوورى ئێرانە، سێكتەرى گەشتيارى بۆ توركيا سێكتەرێكى زۆر گرنگى ئابوورى ئەو وڵاتەيە، جگە لەوەش دەبێتە دواخستنى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى ئيسرائيل و توركيا، گورزێكى گەورەش دەبێت لە ئابوورى توركیا، كە ساڵانە (200) هەزار گەشتيارى ئيسرائيلى سەردانى توركيا دەكەن، ئەمەش لەو كاتەدا بۆ ئابوورى توركيا زۆر گرنگە، كاتێك كە گەشتيارانى ئيسرائيلى دەكرێنە ئامانج، خەڵكى وڵاتانى تريش دەترسن، چونكە ئەوكاتە وا دەردەكەوێت توركيا وڵاتێكى ئارام نييە، پرسيارەكە ئەوەيە ئێران چۆن ئەمە جێبەجێ دەكات؟ بەگوێرەى بۆچوونى عومەر ئۆرجەليك توێژەرى توركى، ئێران چوار رێگە بۆ ئەنجامدانى چالاكييانە لە ناو توركيا بەكار دەهێنێت، بەشێكى زۆرى ئەو ئێرانيانەى سەردانى توركيا دەكەن ئافرەتن لە توركيا كاردەكەن، كە بەم جۆرەى خوارەوە دابەش دەبن:
لە توركيا ئافرەتانى شيعە كار بۆ ئێران دەكەن
يەكەم: ئافرەتەكان زەواجى موتعە لەگەڵ توركەكان دەكەن، ئينجا بەشێك لەو ئافرەتانە بۆ هەواڵگرى ئێرانى كاردەكەن.
دووەم: جاليەكى بچووكى شيعە لە توركيا هەيە، ئێرانييەكان ئەوانەش بەكار دەهێنن.
سێيەم: بەهۆى ئەوەى دۆخى ئابوورى توركيا سەختە، ئێرانييەكان بە پارە خەڵك بۆ ئەو كارانە بەكاردەهێنن، چونكە پارەيەكى زۆر بۆ ئەو چالاكييانە تەرخان دەكەن.
چوارەم: ئێرانييەكان لە ساڵانەى رابردوو لە پلەى يەكەم دان لە ريزى ئەو كەسانەى ئيقامەيان لە توركيا وەرگرتووە، چونكە ساڵانە خەڵێكى زۆرى ئێرانى بۆ وەرگرتنى ئيقامە خانووبەرە لە توركيا دەكڕن، ئەمەش رێگەيەكە كە ئێرانييەكى زۆر روو لە توركيا دەكەن، حكومەتى ئێران هەوڵدەدات سوود لەوانە وەربگرێت.
بەكورتى ئێران هەوڵدەدات ئەم ئامانجانە بپێكێت، تۆڵە لە ئيسرائيل بكاتەوە، دۆخى ناوخۆى توركيا تێك بدات، لە بەرژەوەندى ئابوورى توركيا بدات، پەيوەندى ئيسرائيل و توركيا تێك بدات.
نوچەنێت: تا ئێستا پەيوەندى توركيا و ئيسرائيل بە پلەى يەكەم لەنێوان رەجب تەيب ئەردۆغان و ئيسحاق هێرزۆغە، سەرۆكى ئيسرائيلە، بۆچى پەيوەندييەكە نەگوازراوەتەوە بۆ سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل، كە كەسى يەكەمى ئيسرائيلە؟
د.عوسمان عەلى: بێگومان لە ئيسرائيل سەرۆك وەزيران خاوەن بڕيارە، سەرۆكى وڵات پۆستێكى تەشريفاتييە، بەڵام ئێمە دەبێت ئەوەمان لەبير بێت ئيسرائيل بەراورد بە وڵاتانى ناوچەكە وڵاتێكى ديموكراسييە، كە دەڵێم، ديموكراسيە ئەم ديموكراسيە بۆ جووەكانە، نەك بۆ هەموو ئيسرائيلييەكان، چونكە خەڵكى عەرەب و موسڵمانەكان بە هاووڵاتى پلە دوو حيساب دەكرێن، تەنانەت ئەو ئيسرائيلييانەى عەرەبیشن لە ناو ئيسرائيل بە پلە دوو حيساب دەكرێن، هەروەها ئيسرائيل وڵاتێكە دامودەزگاى ديموكراسى هەيە، لە وەزارەتى دەرەوە و مۆساد و وەزارەتى بەرگرى ئەوانە وەك رێكخراو كاردەكەن، هەر سەرۆك وەزيرانێك بێت و بڕوات كاريگەرى ناكاتە سەر هێڵە گشتييەكانى سياسەتى ئيسرائيل، بە تايبەتيش سياسەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، لەبەر ئەوە بە بۆچوونى من، سەرۆكى ئيسرائيل ئەو سەردانەى بۆ توركيا نەدەكرد، ئەگەر گڵوپى سەوزى دەوڵەتى ئيسرائيلى بۆ هەڵنەكرايە، بەتايبەتيش بنیامین ناتەنياهۆ، سەرۆك وەزيرانى پێشوو پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان باش نەبوو، چەند جارێكيش هێرشيان كردە سەر يەكترى، بەڵام سەرۆك وەزيرانى ئێستا تازە هاتۆتە سەر دەسەڵات، حكومەتەكەشى حكومەتێكى ئيتلافيە و زۆريش لاوازە، لەدواى هەڵبژاردنى داهاتوو كە ئەگەر هەيە لەو ماوەيە بكرێتەوە ئەگەرى لاچوونيشى هەيە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەرژەوەندييەكانى ئەو دوو وڵاتە زۆرن، بە بۆچوونى من ئەو پەيوەنديانە بەرەو پێش دەچن، بۆيە كەسايەتى تێيدا گرنگ نييە.
نوچەنێت: لە قۆناغى داهاتوو ئيسرائيل چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاساييكردنەوەى پەيوەنديەكانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى دەكات؟
عوسمان عەلى: لە (1948) كە ئيسرائيل دامەزاوە، ئەو هيوايەى هەبووە پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى ئاسايى بكاتەوە، كە ئەوەى لە ئابڵووقەى كۆمەڵايەتى و سياسى و دەروونى دەربچێت، چونكە ئيسرائيل خاوەنى تەكنەلۆژيا و سەرمايە، هەروەها قووڵايى ستراتيژيى لە رۆژئاوا بەتايبەت لە ئەمەريكا هەیە، لە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى بەتايبەت لەگەڵ ئيمارات و بەحرێن و ميسر و ئوردن، فاكتەرى ئەمەريكى كاريگيەكى هەيە، هەروەها فاكتەرى ئێرانى بۆ وڵاتانى عەرەبى كاریگەری زۆری هەیە، هەرچەندە ئيسرائيل سياسەتى بەرانبەر فەڵەستين نەگۆڕاوە، بەڵام بۆچى وڵاتانى عەرەبى ئامادەن پەيوەندى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكەنەوە، لەبەر ئەوەیە ئێران مەترسى سەرەكييە لەسەر وڵاتانى عەرەبى، ئەوانیش دەیانەوێت لە رێگەى پەيوەندييان لەگەڵ ئيسرائيل رێگری لە مەترسییەكانی ئێران بكەن.
نوچەنێت: بۆچی ئێران لە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێم بە ئاشكرا بەرپرسیارێتی رادەگەینێت، بەڵام كاتێك گرووپەكانی لە توركیا دەستگیر دەكرێت بێ دەنگ دەبێت؟
د.عوسمان عەلى: پێگەى هەرێم بەراورد بە پێگەى وڵاتێكى وەك توركيا كە خاوەنى سەروەرييە زۆر لاوازە، هەروەها پەيوەندى بەهێزى ئابوورى و ئەمنى لەنێوان توركيا و ئێران هەيە، بۆیە ئێران ناتوانێت توركيا تۆمەتبار بكات، وەك هەرێم بڵێت، "بۆتە لانەى سيخوڕى ئيسرائيلى." هەرچەندە ئەوەى هەرێمى كوردستانيش هيچ بنەمايەكى راستى نييە، وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێى كرد خەتيبزادە گوتى، "ئێمە لە وڵاتى سێيەم تۆڵە لە ئيسرائيل ناكەينەوە، ئێمە لەناو ئيسرائيل كارە دوژمنكارييەكانى ئيسرائيل وەڵام دەدەينەوە." بەڵام لە راستيدا ئەوكارەى لە توركيا كردوويانە ئيحراجييەكى زۆر گەورەيە بۆ ئێران، توركياش لە دوارۆژێكى نزيكدا بۆ ئەوە وەڵامدانەوەى دەبێت، چونكە ئەو هەوڵانەى ئێران بۆ كارى تێكدەرى كاريگەرى لەسەر پەيوەندى ئێران و توركيا دەبێت.
نوچەنێت: چ پەیوەندییەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەوڵی چالاكی ئێران لەناو توركیا و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەیە؟
د.عوسمان عەلى: بەڵێ پەيوەندى لەنێوان ئەو هێرشانە هەيە، رۆژنامەيەكى سەر بە سوپاى پاسداران بڵاويكردەوە، "گورزێكى گەورەمان لە باكوورى عێراق لە ئەردۆغان دا."ئەوەش لە بۆچوونى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانى ئەوە دەگەينێت، ئەمڕۆ هەرێمى كوردستان و توركيا پەيوەندييەكى زۆر بەهێزيان هەيە، ئێران وەك دوو دوژمنى سەرسەختى خۆى سەيرى هەردوولا دەكات، وەك گوتمان، ئێران ناوێرێتە توركيا، چونكە توركيا وڵاتێكى زلهێزى ناوچەييە، بەڵام بەمجۆرەى ئێستا ئێران لەناو باكوورى سووريا و هەرێمى كوردستان شەڕى توركيا دەكات، بەڵێ پەيوەندييەكى راستەوخۆ لەنێوان ئەو هێرشانە هەيە بەتايبەت لە كێشەى شنگال، سوپاى پاسدارانى ئێرانى بە ئاشكرا لەناو عێراق وەك ميليشيا دەسوورێنەوە، (14) هەزار چەكداری هێناوەتە شنگال و دەوروپشتى، چونكە ئەو هێڵە هێڵێکە لە هێڵەكانى ئێران كە بە باكوور و ناوەڕاستى سووريا دەبەسترێتەوە، لە هەمانكاتدا پەياميشە بۆ توركيا و هەرێم، كە ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئيسرائيل پەيوەندييەكانتان بەهێز بكەن ئەوە لاى ئێمە قبوڵكراو نييە.
نوچە نێت: ئەو هەوڵانەی ئێران دژ بە توركیا چەند كاریگەری لەسەر بەهێزكردنەوی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل دەبێت؟
د.عوسمان عەلى: ئێران لە پەيوەنديى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە، هەوڵدەدات باڵانسێكى خۆى هەبێت، لەگەڵ توركيا هەوڵدەدات نەگەيێنێتە هیچ دوژمنايەتى و ركابەریەك، بەڵام هەندێك جار دەگاتە ركابەريەتێكى زۆر بەهێز، چونكە ئێران و توركیا بەرژەوەندييەكى ئابوورى زۆر گەورە لەنێوانيان هەيە، هەروەها سنوورێكى زۆر و پرسى ئەمنى و كلتوورى لەنێوانیان هەيە، بۆيە هەردوو وڵات هەوڵدەدەن ئەو پەيوەندييەى خۆيان نەگاتە ئاستى دوژمنايەتى، بەڵام هەردوو وڵات ئەو كێشانەى لەنێوانيان هەيە لە دەرەوەى وڵات يەكلايى دەكەنەوە، ئێستا دەركەوتووە كە ئێران دەيەوێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بەرژەوەندييەكانى توركيا بدات، بەتايبەت توركيا دەيەوێت ببێتە وێزگەى ئەو گاز و نەوتەى لە ئازەبايجان و هەرێم و ئيسرائيل بەرەو ئەوروپا بڕوات، ئەو كارە دوژمنكارييانەى ئێران وادەكات توركيا زياتر هەست بە مەترسى بكات، ئەوەش پەيوەندييەكانى توركيا و ئيسرائيل بەهێزتر دەكات، بەڵام لەو كاتەوەى ئاكپارتى هاتۆتە سەر دەسەڵات، سياسەتێكى هەرێمى لەگەڵ هەموو وڵاتان راگرتووە، بۆ نموونە لەگەڵ ئەوە نەبوو ئابڵووقە بخرێتە سەر ئێران، لە پرسى چەكى ئەتۆمى ئێران هەڵوێستى لە وڵاتانى رۆژئاوا و ئەمەريكا و ئيسرائيل جياواز بوو، ئێرانيش تا رادەيەك دەيەوێت پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا بپارێزێت.
ئێران رازى نييە سوننەكانى عێراق لە توركيا كۆبنەوە
نوچە نێت: بۆچی ئەمەریكا تا ئەو چركە ساتە هیچ هەڵوێستێكی فەرمی بەرانبەر ئەو مەترسیانەی ئێران لەسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە توركیا نەبووە؟
د.عوسمان عەلى: ئەمەريكا زۆر لە نزيكەوە ئاگادارى ئەو بابەتەيە، من سوورم لەسەر ئەوەى دەزگاى هەواڵگرى ئەمەريكى و توركى و ئيسرائيلى لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ دەكەن و پێكەوە كاردەكەن، لەبەر ئەوەى ئەوانە هاووڵاتى ئەمەريكى نين، پێدەچێت بۆیە تاكو ئێستا بەشێوەيەكى فەرمى هەڵوێستى نەبووە، بەڵام ئەمەريكا لە زۆر بۆنە باس لەوە دەكات، "ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست يارمەتيدەرى تيرۆرە."ئەمەش وادەكات لە داهاتوو ئەمەریكا دۆسيەك لەسەر ئێران دەكاتەوە، دەيكات بە پاساو بۆ هاووڵاتيانى خۆى كە بۆچى دژى ئێرانن، بۆچى ئابڵووقە دەخەنە سەر ئێران، لەبەرانبەردا دەڵێ، "ئێمە بۆیە دژایەتی ئێران دەكەین ئيسرائيل كە هاوپەيمانێكى ستراتيژى ئێمەيە، بەڵام ئێران هەڵوێستى دوژمنكارانەى بەرانبەر هاووڵاتيانى ئەو وڵاتە هەيە، ئەوەش نەك تەنیا لەناو خودى ئيسرائيل، بەڵكو ئێرانييەكان لەناو توركياش هەوڵدەدەن زيان بە هاووڵاتيانى ئيسرائيلى بگەينن و لە بەرژەوەندى ئيسرائيل بدەن." ئەوەش لاى ئەمەریكاوە جێگەى قبووڵكردن نييە، چونكە ئيسرائيل هاوپەيمانێكى ستراتيژى وڵاتەكەمانە.
نوچە نێت: ئەو فشارانەی ئێران بۆ سەر توركیا تا چەند پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی توركیا لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات و يەكخستنى هێزە سوننيەكانى عێراق هەيە، كە لەلايەن ئەم وڵاتانەوەش پاڵپشتى دەكرێت؟
د.عوسمان عەلى: هيچ گومانى تێدانييە، ئێران زۆر نيگەرانە لەو بەرەيەى لەنێوان توركيا و ئيمارات و سعووديە و هەرێم، لەلایەكی تریشەوە ميسر و ئيسرائيليش بەرەو دامەزراندى بەرەيەك دەچن، جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا لە مانگى داهاتوو سەردانی ئەو ناوچەيە دەكات، رۆژنامەنووسان و توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن، يەكێك لە ئەنجامەكانى ئەو سەردانەى بايدن بەهێزكردنى پەيوەندى نێوان توركيایە لەگەڵ سعووديە و ئيمارات و بەحرێن و ئوردن و ئيسرائيل، ئەگەر هەيە ئەو بەرەيە فۆڕمێكى وەك ناتۆى عەرەبى وەربگرێت، ياخود دەتوانم بڵێم، ببێتە هاوپەيمانييەكى بەغدايى ئەم سەدەيە، كە لە ساڵى (1955) ئەمەريكا و بەريتانيا دژ بە سۆڤيەت سەرپەرشتيان دەكرد، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن ئەو هاوپەيمانيەى دژى ئێران سەرهەڵدەداتەوە، مانگى رابردوو ئيسرائيل مووشەك و هێزى دژە ئاسمانى لە ئيمارات جێگیر كرد، ئەمانە لە داهاتوو بۆ ئيسرائيل زۆر گرنگە، بەرلەوەى ئەگەر هێرش بكرێتەسەر ئيسرائيل، ئەم وڵاتە عەرەبيانە بۆ ئيسرائيل دەبنە سەنگەرى يەكەم، دەبنە شوێنێك ئێران هێرش دەكاتە سەر ئەو شوێنانە، بۆيە ئەمە لەبەرژەوەندى ئيسرائيلە. ئێران زۆر لەو هاوپەيمانييە سەغڵەت بووە، ئێستاش ئێران هەست بەوە دەكات عێراق بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت كە ببێت بە بەشێك لەو هاوپەيمانييەى كە دروست دەكرێت، ياساى بەتاوانناساندى پەيوەندى لەگەڵ ئيسرائيل كە لەلايەن سەدرەوە برايە پەرلەمان، هۆكارەكەى ئەوە بوو سەدر خۆى لەوە بباتە دەرەوە، چونكە دەزانێت شەقامى شيعەى عێراقى كە سەر بە ئێرانن زۆر سەغڵەت بوونە، سەدر دەيەوێت بە شەقامى خۆى و ئێرانييەكانيش بڵێت، كە ئەمە وانييە ئێمە پەيوەندى ئاسايى ناكەينەوە ئێمە ئاسانكارى بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانمان لەگەڵ ئيسرائيل ناكەين. لەلایەكی تریشەوە هێزە شيعەكانى سەر بە ئێران زۆر سەغڵەت بوونە لەچەند جووڵەيەكى مستەفا كازمى، سەرۆك وەزيرانى عێراق، بۆ نموونە كازمى لە ماوەى رابردوو لە ئوردن لەگەڵ ئيمارات و سعووديە و شاى ئوردن كۆبۆوە، لە چەند رۆژى رابردوو چوارچێوەى هەماهەنگى بانگێشتى كازميان كرد و هەڕەشەيان لێى كرد، كە ئەگەر بايدن هات تۆ مافت نييە بەناوى عێراقەوە بەشدارى ئەو كۆبوونەوانە بكەيت، كە بايدن لەگەڵ سەرۆكى وڵاتانى عەرەبى ئەنجامى دەدات.
لەدواى هەڵبژاردنەكانى مانگى تشرينى ساڵى رابردوو، ئەو مليشيانەى كە پارتى سياسيان هەيە، جەختيان لەسەر ئەوە دەكردەوە، "كە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان لە لايەن توركيا و ئيمارات و سعووديە و ئەمەريكا ساختە كراوە." بەبۆچوونى خۆيان ئەوە بۆ دوورخستنەوەى ئەو لايەنانەى لە عێراق سەر بە ئێرانن، ئەوەش بۆ لاوازكردنيان و كۆنتڕۆڵكردنى عێراقە لەلايەن بەرەيەكى دژ بە ئێران.
لەم دواییشە كە هەوڵی یەكخستنی سوننەكان درا ئێران زۆر سەغڵەت بوو، كاتێك دوو لايەنى سوننى سەردانى توركيايان كردوو و ئەردۆغانيان بينى، لە ئەنجامى ئەو دیدارە هاوپەيمانى سوننى لەنێوان خەميس خەنجەر و محەمەد حەلبووسى دروست بوو، چونكە ئێران ئەوە بە رەوا نازانێت سەركردەى سوننەكان بچن بۆ توركيا يا ئوردن يا ئيمارات لەنێوان خۆيان گفتوگۆ بكەن بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنن، بەڵام ئەوە بەڕەوا دەزانێت ئيسماعيل قائانى، بەرپرسى فەيلەقى قوددس لە سوپاى پاسداران و باڵيۆزى ئێران لە بەغدا بەردەوام بە بەردەوامی دەست لە ئەنجامى هەڵبژاردن و پرۆسەى پێكهێنانى حكومەت وەردەدەن.
ئێران بەرانبەر ئەو هاوپەيمانەى نێوان كورد و سووننە و رەوتی سەدر زۆر سەغڵەت بووە، ئەگەر هەیە لەداهاتوو تا رادەيەك پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و ئێران تێكبچێت، كاریگەری ئەو تێكچوونەش رەنگدانەوەی لەسەر شانۆى سياسى سوننى يا هەرێمی كوردستان دەبێت، لەم رۆژانەش ماليكى و لايەنە شيعييەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بۆچى سوپاى توركيا لە باعشيقەيە.؟ ئەو لێدوانەی مالیكی بەشێكی پەیوەستە بە ململانێكانی توركیا و ئێران، چونكە ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە سەروەری خاكی عێراق و نەبوونی هێزی وڵاتانی تر، ئەوا (160) هەزار چەكداری شیعەی عێراق سەر بە ويلايەتى فەقيهى ئێرانييە، ئێران هاوكاری لۆجستی و سەربازییان دەكات، شەقامەكانی خوارووی عێراق بە وێنەی ئايەتوڵڵاكانى ئێرانی رازاوەتەوە، بەڵام هەر ئەو هێزانەی بەرانبەر توركیا باس لە سەروەری عێراق دەكەن، ناتوانن بەرانبەر دەستوەردانەكان باسی سەروەرییەكانی عێراق بكەن.
لەكۆتایی جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، ئەگەر ئێران لەناو ئيسرائيل و توركيا نەتوانێت چالاكى ئەنجام بدات، ئەوا چالاكييەكانى بۆ هەرێمى كوردستان دەگوازێتەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment