د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پارتی و هاوپه‌یمانی سیاده‌، دوای سه‌در نه‌كه‌وتوون دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق له‌ باره‌گای بارزانی، له‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات و به‌ دووری ده‌زانێت حكومه‌تی داهاتووی عێراق به‌بێ سه‌درییه‌كان، حكومه‌تێكی به‌هێز بێت. له‌ باره‌ی هاوپه‌یمانێتی حیزبه‌كه‌ی و ڕه‌وتی سه‌در و به‌شێك له‌ سووننه‌كان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ویستوویانه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ عێراق له‌و قه‌یرانانه‌ ڕزگار بكه‌ن کە تێیكه‌وتووه‌، به‌ڵام چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی شیعه‌، له‌ رێگه‌ی سێیه‌كی په‌كخره‌وه‌ رێگرییان له‌ به‌ره‌و پێشچوونی دۆخه‌كه‌ گرتووه‌، بۆیه‌ به‌ بڕوای ئه‌و، له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌دا، زیانمه‌ندی یه‌كه‌م، پارتی دیموكراتی كورستانه‌.

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی داهاتووی پارتیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: دۆخی عێراق ئاڵۆزه‌ و پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورده‌، له‌ داهاتوودا هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌بێت، له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراقیشه‌وه‌، دوپاتی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ تا ئێستا ئه‌و پۆسته‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆیان ده‌زانن، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "نابێت به‌رهه‌م ساڵح وا بیر بكاته‌وه‌، كه‌ سه‌درییه‌كان كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری كاندیدی خۆمان ببین، ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه‌ و ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌، كه‌ پۆستی سه‌رۆككۆمار ده‌بێت بۆ ئێمه‌ بێت".

 

نوچه‌نێت: عێراق به‌ پێشهاتی سیاسیی نوێدا تێده‌په‌ڕێت، خوێندنه‌وه‌تان بۆ بارودۆخی عێراق چییه‌؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: بەڕاستی بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە، دوای ئەوەی کە هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمانی هەوڵییدا حکومەتێک پێک بێنیت، كه‌  حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی بێت، بەڵام نەمانتوانی لەبەر ئەوەی سەرۆک کۆمار پێویستی بە (220) دەنگە، بە داخەوە چوارچێوەی هاوئاهه‌نگی بوو بە ئاستەنگێک له‌به‌رده‌م ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌ نه‌توانرێت سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێرین، بێگومان ئەگەر نه‌توانرێت سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێردرێت، ناتوانرێت كه‌سێك ده‌ستنیشان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت و ببێت به‌ سه‌رۆكوه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ی زۆرمان كرد، هه‌وڵماندا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگارمان ببێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ گه‌یشته‌ قۆناغێك كه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بوو.

نوچه‌نێت: له‌ بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانییان، ڕه‌وتی سه‌در تا چه‌ند هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌بووه‌؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: دەمەوێت وەک زانیارییەک ئەوە بڵێم، خەڵک وا بیر نەکاتەوە، هاوپەیمانی سیادە و پارتی بەدوای سەدر کەوتوون، نەخێر، به‌ڵام له‌ هەموو تویتێک و له‌ هەموو هەڵوێستێکی سەدر هاوئاهه‌نگی هەبوو لە نێوان پارتی و لەگەڵ سیادە كه‌ لە حەلبوسی و خەنجەر پێکدێت، سەدر كه‌ ئەو بڕیارەی دا، هاوئاهه‌نگی لەگەڵ پارتی و سیادە هه‌بوو، ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا هەموو په‌رله‌مانتاره‌كانی بانگهێشتی حەنانە کردبوون بۆ نەجەف، تا هه‌موویان كه‌ (75) كورسین، دەست له‌كاركێشانه‌وه‌یه‌كی به‌ كۆمه‌ڵ بنووسن، ئێستایش كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌ستییان له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ لایه‌نه‌كانی تر پڕ ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ پێده‌چێت به‌شی زۆرییان بۆ چوارچێوه‌یه‌ی هاوئاهه‌نگی بێت.

ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهه‌نگی بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، ده‌بێت بزانێت كه‌ تەمەنی ئەو حکومەتە (6) مانگ دەبێت.

نوچه‌نێت: لایەنەکانی تر، چۆن دەتوانن حکوومەت پێکبهێنن؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: هیچ لایەنەک ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، چونکە ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهه‌نگی بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، تەمەنی ئەو حکومەتە (6) مانگ دەبێت.

نوچه‌نێت: له‌ دوای ئەو بڕیارەوه‌ هه‌ڵوێستی سه‌در چۆن دەبێت؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: بە بۆچۆنی من، ڕاسته‌ سەدر له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی پاشەکشەی کردووە، به‌ڵام به‌ مانای ئەوە نایەت بێدەنگ بێت، بیرم دێت کاتی خۆی کە له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆن بووم، هێرشیان کردە سەر پەرلەمان، پەڕلەمانیان تێکدا، بۆیە به‌ ڕاستی نابێت چوارچێوەی هاوئاهه‌نگی بیر له‌وه‌ بکاتەوە كه‌ دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێز له‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌در ده‌گرین، ئه‌وه‌یش له‌ تویته‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكدا به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، ئێمه‌یش بڕیاری خۆمان ده‌بێت و خوێندنه‌وه‌ بۆ دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین.

نوچه‌نێت: پێتانوایه‌ به‌م نزیكانه‌ حكومه‌ت پێكبێت؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: به‌ بۆچوونی من په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، دووباره‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ سوننه‌كان و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ڕازی بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌س ناتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، هه‌ر حكومه‌تێك له‌ عێراق پێكبێت، ته‌مه‌نی شه‌ش مانگ ده‌بێت، چونكه‌ سه‌در قبوڵ ناكات ئه‌و حكومه‌ته‌ سه‌ر بگرێت، ده‌ڵێت: كه‌ بۆ من نه‌بوو با بۆ ئه‌وانیش نه‌بێت.

بڕیارێكی سیاسییه‌ و ده‌بێت پۆستی سه‌رۆككۆمار بۆ ئێمه‌ بێت

نوچه‌نێت: به‌ڵام لەو بارودۆخە كێ زیانمەند ده‌بێت؟ 

د. عه‌ره‌فات كه‌رەم: له‌ ڕاستییدا له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌، زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ئێمه‌ین وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، چونکە سەدر دوو یاسای گرنگی جێبەجێ کرد، حەلبوسی سەرۆک پەرلەمانە، یەکێتی سەرۆک کۆماریان هەیە، کازمیش زۆر شت دەکات بۆ سەدر و بۆ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیش، کەواتە زەرەرمەندی یه‌كه‌م پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ و به‌رده‌وامبوونی پرۆسەی سیاسی بەم شێوەیە، لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە.

نوچه‌نێت: كه‌واته‌ هەڵوێستی پارتی چی دەبێت؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: له‌وانه‌یه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ڵوێستمان هه‌بێت و بڕیاری خۆمان بده‌ین، به‌ دووری ده‌زانم په‌رله‌مانتارانی ئێمه‌ ده‌ست له‌ كار بكێشنه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئێمه‌ و هاوپه‌یمانی سیاده‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ دۆخه‌كه‌ بكه‌ین، ئێستا سه‌درییه‌كان له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ نه‌ماون، دوو هێز ماوین، پێویسته‌ پێكه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ین و بریارێكی یه‌كگرتوو ده‌ربكه‌ین كه‌ چی بكه‌ین، بۆیه‌ له‌ ڕاستییدا بارودۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌.

نوچه‌نێت: ئایا ئه‌م دۆخه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك درووست ده‌بێت؟

 د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: چەند مەترسیەک هەن پێویستە بیزانین، بۆ نموونه‌، ئەگەر بەیانی چوارچێوەی هاوئاهه‌نگی حکومەتێک پێکبێنێت، دەبێت سەرۆک وەزیرێک هەڵبژێرن كه‌ بتوانێت ڕووبەڕووی سەدرییەکان ببێتەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەیش ڕوویدا، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ درووست ببێت و ئه‌و شه‌ڕه‌یش هه‌رگیز كۆتایی نه‌یه‌ت، چونکە هەموو هێزەکان ناكۆكه‌كان، چەکدارن ئەمەش لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌بێت به‌ مه‌ترسی، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك.

له‌ لایه‌كی تریش ئەگەر پەرلەمان خۆی حه‌ل بكات، ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكرێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوو، خه‌ڵك زۆر به‌ كه‌می به‌شدار بوو، بۆیه‌ لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، ئایا له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا، ئه‌و ژماره‌یه‌ خه‌ڵك به‌شداری ده‌بێت، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك بێزار و ماندووه‌، بۆیه‌ گریمانه‌ ده‌كرێت، كه‌ خه‌ڵك زۆر به‌شداری نه‌كات و ئاستی به‌شداری لاواز بێت، ئه‌مه‌یش شه‌رعییه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ست ده‌دات.

نوچه‌نێت: ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار بكشێنێته‌وه‌، ئایا ئەم دەنگۆیە تا چەند ڕاستە. ئەگەر ڕاستە بۆچی و ئەگەر راستیش نیە پارتی چی کردوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ خۆی مسۆگەر بکات؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: تا ئێستا هەڵوێستی فەرمی ئێمە ئەوەیە، كه‌ كاندیدمان هه‌یه‌ و ده‌ستبه‌رداری كاندیدی خۆیشمان نه‌بووین و نه‌مانكشاندووه‌ته‌وه‌، نابێت به‌رهه‌م ساڵح وا بیر بكاته‌وه‌، كه‌ سه‌درییه‌كان كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری كاندیدی خۆمان ببین، ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه‌ و ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌، كه‌ پۆستی سه‌رۆككۆمار ده‌بێت بۆ ئێمه‌ بێت.

نوچه‌نێت: ئایا چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیی ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بیه‌وێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌درییه‌كان ده‌بنه‌ ئاسته‌نگ بۆی، ڕاسته‌ سه‌درییه‌كان به‌ ئێمه‌یان گوتووه‌ ئه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ و ئێمه‌یش ئازادین له‌ هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانمان، به‌ڵام ئێمه‌ فه‌لسه‌فه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك ده‌زانین چۆنه‌، كه‌ پابه‌ندبوونه‌ به‌ به‌ڵێن و هاوپه‌یمانێتییه‌كانمان تا دوایین سات.

وه‌ك گوتم چاوه‌ڕوانی ڕۆژانی داهاتوو ده‌كه‌ین، بزانین چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی چی ده‌كه‌ن، له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ فایلی په‌یوه‌ندییه‌كان لای منه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن و سه‌ردان ده‌كه‌ن، چاوییان له‌ جه‌نابی سه‌رۆكه‌، ده‌ڵێن تۆ كلیلی چاره‌سه‌رییه‌كانیت، به‌ڵام جه‌نابی سه‌رۆكی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان و به‌ تایبه‌ت لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بێئومێد بووه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی (2018)ه‌وه‌ به‌ڵێنی زۆر گه‌وره‌یان دا، به‌ڵێنییاندا پشتگیری كاندیدی ئێمه‌ بۆ سه‌رۆككۆمار بكه‌ن، كه‌چی به‌ داخه‌وه‌ به‌ به‌ڵێنه‌كانییان پابه‌ند نه‌بوون.

موشكیله‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ به‌ڵێن و قسه‌ی خۆیانه‌وه‌ پابه‌ند نین، ئێمه‌ له‌ درووستكردنی هاوپه‌یمانی ڕزگاریی نیشتیمانیی، باوه‌ڕمانوابوو عێراق له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییانه‌ ڕزگاربكه‌ین كه‌ به‌ ده‌ستییانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ناكرێت ده‌وڵه‌ت هه‌بێت و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی بچووك له‌ ناویدا بن و هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ڕێوه‌یان ببه‌ن و بۆردومانمان بكه‌ن، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێك له‌ عێراقدا بوونی نییه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ قۆناغی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماردا نه‌یتوانی سه‌ربكه‌وێت و نه‌یتوانی سه‌رۆكوه‌زیرانێك هه‌ڵبژێرێت.

نوچه‌نێت: هاتنی حەلبوسی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ چ مەبەستێک بوو؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: حەلبوسی زۆر سەردانی جەنابی سەرۆک دەکات، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانین و په‌یوەندیمان زۆر باشە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو کە ئیمە هەڵوێستمان چی بێت، هاتنەکە پێش قبوڵكردنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سەدرییەکان بوو، بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئێمه‌ و هاوپه‌یمانێتی سیاده‌ چی بكه‌ین.

به‌رده‌وامی دۆخی سیاسی عێراق به‌و شێوه‌یه‌ی پێشوو، زیانمه‌ندی یه‌كه‌م لێی، پارتی دیموكراتی كوردستانه‌

نوچه‌نێت: پێگەی ئێستای کورد لە عێراق چۆن دەبینیت، بە خوێندنەوەی ئێوە داهاتوی کورد لەعیراقدا بە کوێ دەگات؟

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: ئێمەی کورد لە کوردستان چەند یەک بین لە بەغدا بە هێزترین، پرسیارەکە ئەوەیە کێ هۆکارە کە کورد نابێتە یەک، من شتێکت بۆ باس دەکەم، کاتی خۆی کە له‌ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم، زۆر هەوڵمان دا هاوپەیمانیەکی کوردستانی دروست بکەین، بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم برا یەکێتییەکان نەهاتن، ئێستاش ئێمە ئامادەین، له‌م دواییانه‌یشدا كه‌ چووینه‌ ناو هاوپه‌یمانی ڕزگاریی نیشتیمانیی، پێمانخۆش بوو برایانی یه‌كێتیش بێت، سه‌ره‌تا هاتن به‌ڵام دوایی په‌شیمان بوونه‌وه‌، جا بۆیە بە بۆچونی من، پێگەی کورد بەداخەوە زۆر لاوازە بووە، له‌ ڕووی ئیداریشه‌وه‌ چه‌ندین پۆستی كورد هه‌ن كه‌ به‌تاڵن و پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌و ڕووه‌یشه‌وه‌ لاوازین، ڕاسته‌ هه‌ڵه‌ له‌ ئێمه‌یش هه‌یه‌، زۆرجار كه‌مته‌رخه‌مبووین و نه‌مانتوانیوه‌ به‌ خێرایی كه‌سانێك بۆ ئه‌و پۆستانه‌ ده‌سنیشان بكه‌ین و پرییان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ له‌ داموده‌زگه‌كانی عێراق پێگه‌مان لاواز بێت، ئێمه‌ له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ بڕیارماندابوو، كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا به‌شدار بین نه‌ك له‌ حكومه‌ت، واته‌ لە هەموو دامودەزگاکانی عێراق. لە وەزیرەوە تا دەگاتە بەردەست به‌شدار بین و پشكی خۆمان وه‌رگرینه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین