سالار عوسمان: بە وردی دیراسەی ئەم زنجیرە درامایە دەکەین کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

زنجیرە درامایەک بەناوی( گورگی تەنیا) لە کەناڵی ( atv)تورکیا پەخش دەکرێت. هەر لەسەرەتای پەخشکردنییەوە بووەتە جێی ناڕەزایی زۆرێک لە رۆژنامەنوس و رۆشنبیران لە کوردستانی باشور و باکور و بەشێوازی جیاجیا وەڵامی دەدەنەوە. بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێمە بە نوسراو نیگەرانییەکانمان دەگەیەنینە حکومەتی تورکیا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5/حوزەیران/2022) دکتۆر سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئەو زنجیرە درامایەیی وڵاتی تورکیا کە دژی بە قەوارە و رەمزە نەتەوەییەکانی کوردستانی باشورە دەڵێت "ئەم کارە دوورە لە هونەرو ئاشتی، کە هونەری هەر گەلێک ئاشتی دروست دەکات، ئێمە وەک وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک  ئەمجۆرە کارە کە رقی سیاسی لە پشتە رەت دەکەینەوە، ئومێدەوارین حکومەتی تورکیا بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەم درامایە سیاسییە خراپە بکات، رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بنێت کە ئەو بەردەوامیەی  بۆتە ئاشتی دەرودراوسێ و ناوچەکە".

سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری دکتۆر سالار عوسمان گوتی" ئێمە وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە خوێندنەوەیەکی ورد-داین و بە فەرمی وەڵاممان دەبێت، بەتوندی دژ بەو کارانە دەبینەوە کە لە رێگەی هونەرەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئاشتی سیاسی دەر و دراوسێ بەرەو ئاقارێکی خراپ و نەرێنی دەبات، هەر هەنگاوێک بە نوسراو دەیکەین و بێگومان وەڵاممان دەبێت بێ وەڵام نابین چونکە ئەمە سوکایەتییە بە هەرێم و بە گەلێک کە خوێنی زۆری بەخشیوە بە دیموکراسی پێکەوە ژیان ".

زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا ،کە کۆمپانیایەکی نزیک لە حکومەتی تورکیایە، بەرهەم دەهێندرێت. لەو درامایەدا بێڕێزی بە دادگا و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەمجۆرە کارانە کاریگەری لەسەر پەیوەندی فەرمی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەبێت؟ سالار عوسمان جەخت لەوە دەکاتەوە "دەبێت ئێمە سەرەتا بزانین کێ ئەم زنجیرە درامایەی کردووە، ئایا کۆمەڵی هونەرمەندانن، گروپێکن، ئایا تەلەڤزیۆنێک) تا ئێستا قسەی فەرمی حکومەتی تورکیامان نەبیستووە لەمبارەیەوە، بۆیە جارێ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە زووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین