نێچیرڤان بارزانى بۆ یەکێتى قوتابیان: کار و خەباتی مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنین کوردستانی

نوچەنێت:

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، بە بۆنەى (69)مین ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان لە پەیامێکدا ڕایدەگەیێنێت، "هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ برەودانی زیاتر بە خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو ماف و خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا."

ئەمڕۆ هەینى (18/شوبات/2022)، نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان بە بۆنەی شه‌ست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "گرنگە هه‌نگاوه‌كانتان هاوشانی پێشکەوتنی خێرا و گەورەی سەردەم بن لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا."

 

دەقى پەیامى نێچیرڤان بارزانى، لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان:

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و ته‌واوى هەڤاڵانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان 

بە بۆنەی شه‌ست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و قوتابیانی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ برەودانی زیاتر بە خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو ماف و خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، وێڕای بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان، لانکەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیى كوردستاندا بینیوە.

ڕێکخراوەکەتان به‌رپرسیاریه‌تى ئەرکی گرنگی نیشتمانی و پیشەیی لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنى مافه‌كانى قوتابیان و پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کادیری دڵسۆز و کارمەندی لێهاتوو بۆ خزمەتی نیشتمان و داهاتوویه‌كى باشتر، هه‌روه‌ها بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و یەکڕیزی و تەبایی.

گرنگە هه‌نگاوه‌كانتان هاوشانی پێشکەوتنی خێرا و گەورەی سەردەم بن لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا. پێشکەوتنی توانای زانستیی قوتابیان و پەرەپێدان بە بەهرەکانیان، زامنی داهاتوویەکی گەشە بۆ قوتابیان و کۆمەڵگه‌.

کار و خەباتی مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنین. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. دروود بۆ گیانی پاكى شەهیدانى یەکێتیی قوتابیان و ته‌واوى شه‌هیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانى

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

١٨/٢/٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین