سەرۆک بارزانى: پێویستە قوتابیان و لاوان لەجاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی کوردایەتی بن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى بە بۆنەى (69)مین ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ھەر دوو ڕێکخراو، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە و ماندووبوونی زۆریان بینیوە."

ئەمڕۆ هەینى (18/شوبات/2022)، سەرۆک مسعود بارزانى ڕایگەیاند، "لە كاتی ئێستاشدا پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن و لە ھەڕەشە و تەحەدییاتەکان نائومێد نەبن."

 

دەقى پەیامی سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان:

بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بە بۆنەی یادی شەست و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە هەتا ئێستا لە قۆناغەكانی خەباتی گەلەکەماندا شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە و ماندووبوونی زۆریان بینیوە.

لە كاتی ئێستاشدا پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن و لە ھەڕەشە و تەحەدییاتەکان نائومێد نەبن. كار بۆ برەودانی فەرهەنگی پێكەوەژیان و فرەیی لە كوردستان بكەن. هاوكاتیش بە زانست و فێربوون و چالاكیی مەدەنیانە خۆیان پڕچەك بكەن و ببنە بەشێكی گرنگ لە كاروانی پێشكەوتن و پتەوتربوونی وڵاتەكەمان و دەوڵەمەندتری بكەن.

دووبارە ئەو بۆنەیە لە هەموو لاوان و قوتابیانی ئازیز پیرۆز بێت و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

18ـی شوباتی 2022

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین