كورد له‌ خاڵێكدا له‌گه‌ڵ سه‌در ناكۆكن و له‌ خاڵێكى تر له‌گه‌ڵى ته‌بان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ پێكهاته‌ى كورد له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در له‌ خاڵى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ناكۆكن، به‌ڵام له‌گه‌ڵى هاوڕان له‌وه‌ى جارێكى تر مسته‌فا كازمى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید بكرێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى كانوونى یه‌كه‌م له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ ستایشكردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراق له‌ لایه‌ن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، چانسى كازمى بۆ خوولێكى ترى سه‌رۆكایه‌تى به‌هێزتر ده‌بێت.

رۆژنامه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ جارێكى تر كازمى ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

له‌ به‌شێكى راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ چوارشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بوو هیچ یه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌كانى ئێستا بۆ پۆسته‌كانیان كاندید نه‌كرێنه‌وه‌.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات كورد مه‌یلى به‌ لای پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافووقییه‌، كه‌ ره‌وتى سه‌در ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ و له‌ به‌رانبه‌ردا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى داواى ده‌كات. جیا له‌مه‌ له‌ خاڵێكى تر كورد له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در ته‌باییه‌ له‌وه‌ى كازمى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران كاندید بكرێته‌وه‌.

له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كه‌چى تا ئێستا ئه‌نجامه‌كه‌ى یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵى په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین