چین چوار بەرپرسی ئەمریکی سزا دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

چین سزا دەسەپێنێت بەسەر سەرۆک و سێ ئەندامی باڵای کۆمیسیۆنی ئەمریکا تایبەت بە ئازادییە ئایینییەکان، ئەویش لە تۆڵەی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر چەند کەس و دامەزراوەیەکی چینیدا سەپاندبوونی بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی شنگیانگی چینی.

 

 

بە گوێرەی هەواڵی تۆڕی (ئێن بی سی)، ئەو چوار ئەندامە باڵایەی کۆمیسیۆنە ئەمریکییەکە بۆیان نییە پێ بخەنە سەر خاکی چین، هۆنگ کۆنگ و ماکاو، ئەوەش بە وتەی چاو لیجیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین.

هەروەک سامانی ئەو چوار کەسە لە دامەزراوە چینییەکاندا بلۆک دەکرێ و هیچ هاووڵاتی و دەزگایەکی چینی بۆی نییە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

10ی ئەم مانگە ئەمریکا سزای بەسەر هەندێک کەس و دامەزراوەی چینیدا سەپاند، چونکە ئەمریکا دەڵێت ئەو کەس  و دەزگایانە پەیوەندییان هەیە بە پێشێلی مافی مرۆڤ لە شنگیانگ، کە وەکو ئەمریکا دەڵێت تێیدا ئیگۆر و کەمینە مسوڵمانەکانی دیکە ڕووبەڕووی گرتن و مامەڵەی نادروست و کارکردنی زۆرەملێ دەکرێنەوە، چین ڕەتی دەکاتەوە مافی مرۆڤی پێشێل کردبێت و دەڵێت ڕێوشوێنەکانی لە شنگیانگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییە.

کۆمیسیۆنی ئەمریکا تایبەت بە ئازادییە ئایینییەکان (USCIRF) دامەزراوەیەکی فیدراڵیی ئەمریکایە و خەمڵاندن بۆ ڕەوشی ئازادییە ئایینییەکان دەکات لە جیهاندا و پێشنیاز دەداتە حکومەتی ئەمریکا بۆ کاردانەوە بەرامبەر پێشلێکردنی ئازادییە ئایینییەکان لەلایەن وڵاتانەوە.

بە وتەی بەرپرس چینییەکە، چوار سزادراوەکە بریتین لە سەرۆک، جێگری سەرۆک و دوو کۆمیسیاری باڵای ئەو کۆمیسیۆنە ئەمریکییە.

شنگیانگ هەرێمێکی خۆڕێبەرە لە چین کە زۆربەی دانیشتووانەکەی مسوڵمانی ئیگۆرن لەگەڵ جەند کەمینەیەکی دیکەی مسوڵمان، چین بەوە تاوانبار دەکرێت کە ئیگۆر و مسوڵمانەکانی دیکە دەچەوسێنێتەوە و ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤ ناکات لە مامەڵەکردن لەگەڵیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین