مەسرور بارزانى: چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر هێرشەکەى دوێنێ شەوى داعش بۆ سەر هێزەکانى هێزەکانى پێشمەرگە دەڵێت، "ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و  خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم."

ئەمڕۆ یەکشەممە (28)ى تشرینى دووەم (2021)، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لەسەر هێرشەکەى داعش بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش."

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان:

 هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان لە شه‌وی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆ، كه‌ لەکاتی بەهاناوەچوونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری كردم، هاوخه‌می خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و داواكارم له‌ خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و  خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.

 مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین