بەرگری شارستانی هەولێر: لە ئامادەباشیداین کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

بە پێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە بەردەوام دەبێت، لە هەندێک کاتدا خێرایی(با) دەگاتە سەرووی (40) کیلۆ مەتر. رۆژی رابردوو بەهۆی بارانبارین و رەشەبا، بەشێک لە شاروشارۆچکەکانی سنوری پارێزگای هەولێر زیانیان بەرکەوت، بەجۆرێک کە لە هەندێک ناوچە ماڵ و ئۆتۆمبیل بە تەواوی ژێر ئاوکەوتن.

ئەمڕۆ یەکشەممە(31/تشرینی یەکەم/2021) رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت گوتی" تەواوی ستاف و کارمەندانی ئێمە لە ئامادەباشیدان تاکو دەزگای کەشناسی ئاگادارمان دەکاتەوە، لە نزمبوونەوەی ئەو پاڵە پەستۆیەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە".

ناوچەکانی(پیرمام، کۆڕێ، شەقڵاوە تا دەروازەی شاری هەولێر) لەو ناوچانەن کە ئاوێکی زۆری تێدا کۆبووەوەو لافاو هەستا، بەهۆی ئەم لافاوە بەشێک لە رێگاکانی سنوری ئەم پارێزگایە گرفتیان بۆ دروستبووە، بۆیە پارێزگای هەولێر بڕیاریدا ئەمڕۆ لە سەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشوبێت.

سەبارەت بە ئامادەکاری بەرگری شارستانی بۆ ئەگەری روودانی دۆخی نەخوازراو، رائید سەرکەوت دەڵێت"ئێمە وەکو بەرگری شارستانی، لە دوێنێ بەیانییوەوە دەزگای کەشناسی ئێمەی لە مەترسییەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەر لە  (24) کاتژمێر پێشبینییەکان بۆ ئێمە دەنێرن، بۆیە وەکو یەکەم هێز بۆ ڕووبەروو بوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان وکارەساتە دەستکردەکان خۆمان ئامادە -دەکەین، لە دوێنێوە لە حاڵەتی ئامادەباشیداین و تیمەکانمان لە ناو شار و دەرەوەی شار ئامادەبوون، ئەو کارمەندانەی کە مۆڵەتیش بوون هەموویان گەرانەوە".

ئەو ناوچانەی کە لە سنوری پارێزگای هەولێر ژێر ئاوکەوتن، زیاتر قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری شاری هەولێر بوون، سەنتەری شاری نەگرتەوە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی مەنهۆڵەکانی ئەو شوێنانەی پاککردەوە کە جێگای مەترسین.

بەپێی دەزگای کەشناسی بارانبارین بەردەوام دەبێت، ئایا پلانی بەرگری شارستانی چییە بۆ حاڵەتی دووبارە بوونەوەی لافاو لەم ناوچانە؟ سەرکەوت کارەش جەختی لە ئامادەیی تیمەکانی بەرگری شارستانی کردەوە" لەدوێنێ بەیانییەوە هەموو ئەفسەرو کارمەندان لە بنکە و بارەگای خۆماندا لە ئامادە باشیداین، تا ئێستاش بەردەوامین هەتا ئەوکاتەی کەشناسی ئاگادارمان دەکاتەوە لە نزمبوونەوەی ئەم پاڵەپەستۆیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین