مالیكى ئابڵۆقه‌ى سه‌در ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ ماڵى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت و لایه‌نه‌ براوه‌كانى كورد و سوننه‌یش تێیدا به‌شدار بن، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت پێیوایه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكى ترى مالیكییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌یه‌كى نیشتیمانى ئابڵۆقه‌ى جوڵه‌كانى موقته‌دا سه‌در بدات.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" له‌ ماڵى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت، جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان، لایه‌نه‌ براوه‌كانى كورد و سوننه‌یش تێیدا به‌شدار بن.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ هه‌وڵێكى ترى نوورى مالیكيیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ “چوارچێوه‌یه‌كى نیشتیمانى” موقته‌دا سه‌در ئابڵۆقه‌ بدات. به‌ بڕواى راپۆته‌كه‌ پێشتر مالیكى هه‌وڵى ده‌دات له‌ رێى حزبه‌ دۆڕاوه‌كانى شیعه‌وه‌ له‌ "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" ئابڵوقه‌ى سه‌در بدات، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى نه‌یتوانى ئێستا چوارچێوه‌كه‌ فراوانتر ده‌كات.

سه‌باره‌ت هه‌ڵوێستى سه‌دریش رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسى له‌وه‌ كردووه‌ تا ئێستا سه‌در نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ژێر فشاره‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ئاراسته‌یه‌كى تر ده‌ڕوات، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "سه‌در نه‌كه‌وته‌ ژێر ئه‌و فشارانه‌ى كه‌ له‌ دژى ئه‌نجام ده‌درێن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ندێك كورسى نوێ به‌ده‌ست بهێنێ، جا له‌ سه‌درییه‌ كۆنه‌كان بێت كه‌ وه‌ك كاندیدى سه‌ربه‌خۆ براوەن، یانیش له‌ براوه‌ سه‌ربه‌خۆكان بێت".

له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق كه‌ له‌ 10ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ره‌وتى سه‌در زیاتر له‌ 70 كورسى به‌ده‌ستهێنا و یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو. هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ سه‌رووى 30 كورسى هێناوه‌، هه‌وڵ ده‌دات له‌ دژى ره‌وتى سه‌در گه‌وره‌ترین فراكسیۆن پێكبهێنێ.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین