بۆچی ئەمریکا لە بونیادنانەوەی دەوڵەت لە عێراق و ئەفغانستان شتکستى هێنان؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

لە وتاری کۆتایی خۆیدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفگانستان، بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە تەنیا تایبەت نییە بە ئەفغانستان، بەڵکو کۆتایی پێهێنانی سەردەمی جەنگە گەورەکانە کە بۆ داڕشتنەوەی دەوڵەتان ئەمریکا ئەنجامی دەدان. لە ئەفغانستان بۆ نموونە ئامانجەکانی جەنگ لە بەرگرتن بە تیرۆریستان و ڕێگری لە هێرشەکانیان گۆڕا بوو بۆ بونیاتنانی دەوڵەت و هەوڵی بەدیهێنانی دەوڵەتێکی دیموکراسیی یەکگرتوو.

بە بۆچوونى چاودێران، ئەو وتارەی بایدن سنووردانان بوو بۆ ستراتیجیەیتی "داڕشتنەوەی دەوڵەتان" کە ئەمریکا لە سەدەی رابردووەوە، بە تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردووی ئەم سەدەیە کاری لەسەر دەکرد و تێیدا دەستوەردانی سەربازی دەکرد لەو وڵاتانی ڕژێمی دژ بە ئەمریکا تێیاندا باڵادەست بوو، وەکو ئەوەی لە ئەفگانستان و عێراق ئەنجامی دا، ئەوە بوو ئەمریکا ویستی دوای ڕوخاندنی سەدام حسێن لە عێراق و تاڵیبان لە ئەفگانستان سیستمی سیاسی و ئابووری نوێیان تێدا بونیات بنێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ڕژێمی نوێی دژە ئەمریکا تێیاندا باڵادەست نابێت.

بەڵام کەوتنی "کابول" لە چەند ڕۆژێکی کەمدا لە بەردەم چەکدارانی تاڵیبان و و بڵاوبوونەوەی ئاڵا سپییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بەناو پایتەختی ئەفگانستاندا و چوونە ژوورەوەی سەرانی ئەو ڕێکخراوە بۆ ناو کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵات لەدوای هەڵاتنی ئەشرەف غەنیی سەر بە ئەمریکا، کۆتایی هێنا بە بیست ساڵ هەوڵ و کۆششی ئەمریکا لە ئەفگانستان و خەرجکردنی ١٣٣ ملیار ملیار دۆلار لەپێناو بونیاتنانی دەوڵەتی ئەفغان، ئەوەش وای لە شرۆڤەوانان کرد وەها ستراتیجیەتی "داڕشتنەوەی دەوڵەت" لە ئەفگانستان پێناسە بکەن کە شکستێکی بێ چەند و چونی هێناوە و بانگەوازی وازهێنان لەم ڕێبازە بکەن کە وای لە ئەمریکا کردووە بڕە پارەی زەبەلاح و هەوڵ و کۆششی بێسنوور بەکارببات بۆ بونیاتنانەوەی دەوڵەتگەلێک کە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا تێیاندا شکستدەهێنن!

بونیاتنانەوەی دەوڵەت...داڕشتنەوەی سیاسەت و کۆمەڵگەی دەوڵەتان بە دڵی ئەمریکا

سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤، ساڵێک دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و سێ ساڵ دوای داگیرکرانی ئەفگانستان لەلایەن ئەمریکاوە، بیرمەندی ئەمریکا فرانسیس فۆکۆیاما وتارێکی درێژی لە جۆرناڵی "زی ئەتلانتیک" دا بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ئەوەی کردبوو کە لەسەر ئەمریکایە هەوڵبدات لەو دوو وڵاتەدا هەوڵی بونیاتنانی دەوڵەت بدات کە هەڵگری بەهاکانی لیبراڵیزم بن، وەکو دیموکراسی و ئابووریی بازاڕی ئازاد، ئەویش لە ڕێگای بونیاتنانی داودەزگاکانی دەوڵەت وەکو سوپا و پۆلیس و دادوەری و بانکی ناوەندی و باج و دەزگاکانی تەندروستی و پەروەردە.

ئەم ئاراستەیە زیاتر دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و ئەو حەپەسانە هات کە کۆمەڵگەی ئەمریکی تێکەوت، پاڵنەری پشتیشی بە وتەی فۆکۆیاما ئەوە بوو کە مەترسییەکانی سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە وڵاتانی لاواز و ناساز و شکستخواردووی وەکو عێراق و ئەفگانستانەوە بوون، بۆیە دەبێت دوای دەستێوەردانی سەربازی پرۆسەی بونیاتنانی دام و دەزگاکان دەستپێبکات لەم وڵاتانەدا لەدوای داگیرکردنیان، پاشان سیستمی حوکمڕانی لەم دەزگایانەوە پێبگات، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە سەقامگیری و ئاساییشێکی بەردەوام لەم وڵاتانەدا و ببنە شوێنکەوتەی ئەمریکا؛ بەمجۆرە لەبری هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتانە بۆ ماوەی ناکۆتا، پرۆسەی بونیاتنانەوەی وڵاتان هەوڵبدات ڕژێمێک لەو وڵاتانە بەجێبهێڵێت کە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان بۆ خەڵکی دابنیبکات وەکو ئاساییش و خۆراک و تەندروستی و پەروەردە، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە رێگەی ئەم ڕژێمانەوە دڵنیایی وەربگرێت کە دوژمنانی ئەمریکا نەگەنە سەر کورسیی دەسەڵات.

بەڵام دوای دوو دەیە لە پرۆسەی "بونیاتنانەوەی دەوڵەت" کە فۆکۆیاما ترۆرییەکی دانا و کۆنزێرڤاتیڤە نوێیەکانی سەردەمی بووشی کوڕ سپۆنسەری بوون، دەرکەوت ئەو ئەنجامانەی ئەمریکا چاوی لێبوو لە عێراق و ئەفگانستان بەدەستیان بهێنێ، هێشتا دوورن لە بەرجەستە بوونەوە، بۆیە ئەمەش بووەهۆی پێکهاتنی ڕێککەوتنێکی دەگمەن لەنێوان ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی پێویستیی کۆتاییهێنان بەم ستراتیجیەتە.

ئەوەتا لە عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پۆڵ بریمەری کردە فەرمانڕەوای عێراق و ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی کاتیی عێراقی لە ٢٥ ئەندام و بە سەرۆکایەتی بریمەر دروستکرد تاوەکوو سەرپەرشتیی داڕشتنی سیستمی سیاسیی نوێ و بونیاتنانی دەوڵەتی عێراق بکەن لە قۆناغی دوای سەدام حسێن.

ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دا بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و حیزبی بەعس؛ هەرچەند لە سەرەتادا ئەمە وەکو بڕیارێکی لۆجیکی بوو دوای ڕوخاندنی رژێمی سەدام، بەڵام کاردانەوەکانی کارەساتبار بوون بۆ بوونی ئەمریکا لە عێراقدا، چونکە ڕاوەدوونانی سەربازانی سوپای عێراق بووە هۆی بەهێزکردنی "بەرگریی عێراقی" دژ بە ئەمریکییەکان لە ڕێگەی ئەو سەربازە عێراقییانەی پەیوەندییان بەو لایەنانە کردبوو کە دژ بە بوونی ئەمریکا بوون لە عێراقدا، هەرچی هەڵوەشاندنەوەی بەعسیش بە مانای دەرکردنی هەزاران پزیشک و ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ بوو لە ئەرکەکانیان؛ ئەوەش دەزگاکانی تەندروستی و پەروەردەی توشی ئیفلیجی کرد و وڵاتی خستە بێسەروبەرییەکی گەورەوە.

پرۆسەی بونیاتنانەوەی دەوڵەت کە ئەمریکییەکان لە عێراق سەرپەرشتییان کرد، نەبووە هۆی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی کۆکەرەوەی عێراقییەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە بووە هۆی سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی تایفەگەری و ئەمەش ململانێی تایفەگەریی خوێناوی لێکەوتەوە.

لە ئەفغانستانیش ئەمریکا دوو تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە کە ١٣٣ ملیاریان بۆ بونیاتنانی دەوڵەت بووە، ئەوە بوو کاتێک لە مانگی تەمووزی ٢٠٢١ لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا پرسیارکرا کە ئایا لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکادا لە ئەفگانستان تاڵیبان دەستناگرێت بەسەر ئەو وڵاتەدا؟ بایدن وتی ئەفگانستان سوپایەکی ٣٠٠ هەزار سەربازیی هەیە و خاوەن حکومەت و سەرۆکێکی هەڵبژێردراوە و ئەوەش ڕیگرە لە بەردەم ڕوودانی ئەوە، کەچی هەر لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفگانستان ئەو ملیاران دۆلارە بە با چوون کە لە پێناو بونیاتنانی دەوڵەت لە ئەفگانستان خەرجکرابوون، ئەوە جگە لەوەی تاوەکو ساڵی ٢٠٢١ ئەفگانستان لە پۆلێنە نێودەوڵەتییەکاندا یەکێک بوو لە دەوڵەتە شکستخواردووەکان و یەکێک بوو لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی لە هەژاریدا دەژیان!

لەسەر بنەمای ئەو داتایانە، سیاسەتی "بونیاتنانی دەوڵەت" کەوتە بەر ڕەخنەی فراوانی چەپەکانی ئەمریکا کە دژە شەڕن، ئەوان دەڵین ئەو پارە زۆرە کە لە گیرفانی باجدەرانی ئەمریکا وەردەگیرێت وا باشترە بۆ ناوخۆی ئەمریکا خەرجبکرێت بە تایبەت بۆ پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تەندروستی و پەروەردە و ئەوانی تر، هەروەها چەپەکان هۆشداری دەدەن لە باڵادەستبوونی کەرتی پیشەسازیی سەربازی و زیادبوونی ساڵانەی بودجەی کەرتی بەرگری لەسەر حیسابی کەرتەکانی دیکە.

هەروەها ڕەوتی راستڕەوی پۆپۆلیستیش لای خۆیەوە کەوتە دژایەتیکردنی سیاسەتی بونیاتنانی دەوڵەتان، و دۆناڵد ترەمپ لە دیارترین نوێنەرانی ئەم ڕەوتە بوو، کە لە گەورەترین بەرگریکاران بوو لە پێویستیی کشانەوە لە ئەفگانستان، ئیدارەکەشی ڕێککەوتننامەی دەوحەی واژووکرد لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لەبارەی ڕێوشوێنەکانی چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان.

 

بۆچی "بونیاتنانی دەوڵەتان" لە هەندێک دەوڵەت سەرکەوتن بەدەستدێنێ و لە هەندێک وڵاتی دیکە شکست دێنێ؟

لە توێژینەوەیەکی (ئەنستیتۆی ئاشتیی نێودەوڵەتیی کارنیجی) دا هاتووە کە تۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەتان" پڕ نییە لە چیرۆکی سەرکەوتن، بەڵکو بە دەگمەن دیموکراسیەت لەو دەوڵەتانەدا پێگەیشتووە کە ئەمریکا دەستوەردانی سەربازیی تێدا کردوون و ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ زاڵبوون بەسەر کارگێڕی و دەزگاکانی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتانە. 

لە میانەی توێژینەوەکەدا ئاماژە کراوە بە ١٢ نموونەی وڵاتان کە تێیاندا ئەمریکا لە ١٩٠٠ ەوە پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەت"ی ئەنجامداوە دوای دەستێوەردانی سەربازی، لەوانە پرۆسەکان لە وڵاتانی (ئەفغانستان، هاييتی، پەنەما، گرينادا، كەمبۆديا، ڤێتنامی باشوور، کۆماری دۆمينيكان، ژاپۆن، ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، كوبا، نيكاراگوا). توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو بەرەنجامەی کۆششەکانی ئەمریکا بۆ بونیاتنانی دیموکراسیی مۆدێلی ڕۆژئاوا تەنیا لە ژاپۆن و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا سەرکەوتوو بووە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی، هەروەها لە گرینادا کە دورگەیەکی بچووکە لە دوورگەکانی ڕۆژئاوای هیند لە دەریای کاریبی کە ژمارەی دانیشتووانی لە ١٠٠ هەزار کەس زیاتر نییە، هەروەها پەنەما کە ژمارەی دانیشتووانی لە سێ ملیۆن کەس تێناپەڕێ.

زۆرجار ئەو وڵاتانەی دەستێوەرادنی سەربازیی ئەمریکییان بەخۆوە بینیوە بۆ پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەت"، ئەنجامی پێچەوانەیان بەخۆوە بینیوە، ئەوە بوو هەریەک لە نیکاراگوا، هاییتی و کوبا ڕژێمی دیکتاتۆریی سەربازیی سەرکوتکەر و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژارییان بەخۆوە بینی دوای ئەو پرۆسە ئەمریکییانە، هەرچێ کەمبۆدیا بوو ئەوە لە ئەنجامدا سەرکەوتنی ڕژێمی خەمیری سووری دیکتاتۆریی بەخۆوە بینی کە بووبە هۆکاری کوشتارگەی بەکۆمەڵی فراوان.

لە نموونەکانی دیکەی شکستی ئەمریکا لە پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەت" (پێچەوانەی ئەوەی لە ژاپۆن و ئەڵمانیا ڕوویدا)، شکستی پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەت"ـە لە هەریەکە لە عێراق و ئەفغانستان. هۆکاری چی بوو لەم وڵاتانە پرۆسەکە شکستی هێنا؟ دارون ئەجەمئۆغڵو پسپۆڕی ئابووری، دانەری کتێبی "بۆچی وڵاتان شکستدێنن" ئاماژە بەوە دەکات هەڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەفگانستان لەوەدا خۆی حەشارداوە کە هەوڵی دا لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەوڵەت بونیات بنێ، و باوەڕی وەها بوو ملپێکەچکردنی ئەم دەوڵەتانە بە هێزی سەربازی وایان لێدەکات دەوڵەت و کۆمەڵگە دابڕێژنەوە بەگوێرەی ڕووانگەی ئەمریکا بەبێ بەرهەڵستکاریی وڵاتەکە.

کەچی وەکو ئەجەمئۆغڵو دەڵێ ئەمریکیەیکان لە ئەنفغانستان ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەیەک کە لە ناوەوە هەڵوەشابوو، فرەجۆر بوو لەڕووی نەتەوە و ئیتنیکەوە و مێژوویەک ئەزموونی نەبووە لەگەڵ داودەزگای کارا. هەروەها وایدەبینێ ئەمریکا لەبری کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆی ئەفگانستان و بونیاتنانی وردە وردە دەسەڵات لە ڕێگەی دروستکردنی متمانەی دوولایەنە لەنێوان پێکهاتە دژبەرەکان، لە بری هەموو ئەمانە ویلایەتە یەکگرتووەکان پارەیەکی زۆری ڕژاند لە پرۆسەی "بونیاتنانی دەوڵەت" لە شێوەی مووچەدانان بۆ سوپا و بەرپرسانی حکومیی "گەندەڵ" و پڕۆژەی دیکە و پشتیوانیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، کەچی ئەنجامەکە دروستبوونی ڕێژەیەکی بەرزی گەندەڵی بوو بێئەوەی سوودێکی بەردەوامی ئابووریی هەبێ بۆ خەڵکی ئەفگانستان.

ئەوە جگە لەوەی هەر وێنەیەکی باش بۆ ئەمریکا کە ئەم پڕۆژانە دروستیان کردبێ، لەگەڵ لێدوانی ئاسمانیی دواتردا نەدەما، کە تێیاندا کەسانی سڤیلی ئەفغان دەبوونە قوربانی  کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری منداڵیش هەبوون، لە ئەنجامی ئەمەشدا کۆمەڵگە وەکو تەنی نامۆ و نەخوازراو سەیرى هەبوونی ئەمریکایان دەکرد لە وڵاتەکەیان، بەمجۆرە بەشێکیان کۆچیان کرد و بەشێکیاشیان هاریکاریی ئەمریکایان نەدەکرد، یان وەکو لە نموونەی کۆمەڵگەی ئەفگانیدا توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی چەکدارییان هەڵبژارد و پشتیوانیی جەماوەریش زیادی کرد بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان.

لەبارەی سەرکەوتنی پرۆسەی "بونیاتنانەوەی دەوڵەت" لە ژاپۆن و ئاڵمانیای ڕۆژئاوا لەدوای جەنگی دوومى جیهانی، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم وڵاتانە نەریتی هەبوونی دامودەزگا پێشووتریش هەبووە، ژیان لە چوارچیوەی دەستووردا بووە، و دابەشکاریی نەتەوەیی و ئیتنیکی نەبووە.

بۆ نموونە لە ژاپۆن، لەکۆى دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتى کە لیپێچینەوەیان لێکرا لەبارەی پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشووەوە، تەنیا ٤٠ هەزار فەرمانبەر دەرکران، کە ئەمانەش زۆرینەیان دوای ڕۆیشتنی داگیرکاریی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان گەرانەوە سەر کار.

بەڵام بەشێک لە توێژەران لە شیکردنەوەی ئەم شکستەی ئەمریکادا لە دووبارە داڕشتنەوەی دەوڵەت لە ئەفگانستاندا، دوورتر دەڕۆن لە تەنها باسکردنی هۆکاری تەکنیکی، بەڵکو دەیگێڕنەوە بۆ لێکدانەوە کەلتوورییەکان کە لە بنەڕەتەوە پەیوەندییان بە ئایینەوە هەیە، ئەوەتا ڕۆبەرت نیکڵسن لە وتارێکیدا لە گۆڤاری "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەچێتەوە سەر تیۆریی "ململانێی شارستانییەکان"ی بیرمەندی ئەمریکی سامۆیل هەنتنگتن، کە وایدەبینێت کۆمەڵگە ئیسلامییەکان بەها و مێژووی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ناهێڵێت لە چوارچێوەی شارستانێتیی ڕۆژئاوادا بتوێنەوە، بۆیە لەکاتێکدا بیرمەندانی ڕۆژئاوایی وەها تەماشای لیبراڵیزم دەکەن کە دوا ئاسۆی مرۆڤایەتییە و لە هەموو گفتوگۆیەکی پەیوەست بە "بونیاتنانی دەوڵەتان" دا دەیهێننە بەر باس، شکستهێنانی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ملپێکەچکردنی جیهانی ئیسلامی یان داڕشتنەوەی دەوڵەتان، لەسەر ئەمریکییەکانی پێویست دەکات بابەتی ئیمان و باوەڕ بە هەند وەربگرن، بە تایبەت کە کاریگەریی مەسیحییەت لەسەر کەلتووری ئەمریکا دیارە و ناشاردرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین