ئەزموونی سەرۆکی کوردستان و میری قەتەر لە شکاندنی بەربەرستە ئابووری و دیپلۆماسیەکان شیکاری ئابوری

نوچەنێت

تێپەراندنی ئابلووقە دیپلۆماسی و ئابووریەکانی قەتەر و هەرێمی کوردستان، خاڵی هاوبەشی ستراتیژی سەرۆکی کوردستان و ئەمیری قەتەرن بۆ دیدگای ستراتیژیان لە پێناو ئاشتکردنەوەی هیزە هەرێمییەکان و گێرانی ڕۆلی کاریگەر لە سەقامگیرکردنی هاوکێشە ئابووریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قەتەر و لەلایەن میری قەتەرەوە پێشوازی لێکرا، ئەم سەردانەی سەرۆکی کوردستان لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی و پێگەی جوگرافیاوە کاریگەری هەرێمی ناودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت دوای رووداو و قەیرانەکانی ساڵی 2017 و کردنەوەی دەرگاییە ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسیەکانی هەریەکە لە قەتەر و هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی سیاسەتی دەرەوەیان، دوای ئەوەی لەلایان وڵاتانی هەرێمی، ئابلووقەی ئابووری  و سنووری خرایە سەر قەتەر و هەرێمی کوردستان.

لێكچواندنی پێگەی جوگرافیای قەتەر و کاریگەریەکەی لە وڵاتانی کەنداو  بە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمی ناعەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست  و هەروەها کوردستانێکی خاوەن سەرۆکێکی هاوشێوەی سەرۆک نێچیرڤان بازرانی لە ئاراستەکردنی جوڵە ستراتیژیەکان و بەکارهێنانی چەکی هێزی نەرم و دیپلۆماسی لە چەندین ڕووەوە گرنگی و لێچواندنی جیۆئیکۆنۆمی و سیاسی  لە نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

بە گوێرەی ڕاپۆتێکی World Bank، لەسەر ئاستی جیهان، قەتەڕ  پێنجەمین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی گاز و دووەم وڵاتی هەناردەکاری گازی سروشتی و یەکەم وڵاتە لە هەناردەکردنی گازی LNG.

لەهەمانکاتدا بە گوێرەی دواین راپۆرتی کۆمپانیای BPــی بەریتانی، لە رووی دەوڵەمەندی و خاوەنداریەتی یەدەگی گازی سروشتی، دوای رووسیا ئێران، قەتەر پێگەی سێیەمی لە یەدەگی گازی سروشتی داگیرکردووە.

هەروەها لە رووی سێکتەری خانوبەرە و وەبەرهێنان لەوکەرتە، قەتەر بە دەوڵەمەندترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان دەناسرێت و هەر تاکێکی قەتەری ساڵانە خاوەن 100 هەزار دۆلارە بە لایەنی کەمەوە. جگە لەوەی لەڕووی ئەکادیمیا و تەکنەلۆژیاو راگەیاندنەوە خاوەن پێگەیەکی جیهانییە و توانیویەتی بە سیاسەتی هێزی نەرم و دیپلۆماسی وەک وڵاتێکی قەبارە بچووک نازناو وکاریگەریەکی جیهانی بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات.

دیدگای بەهێزی ئەمیری قەتەر و سەرۆکی کوردستان، دەرگایی تازەی دیپلۆماسیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردنەوە

ئەگەر چی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نیە و لە رووی سیستەمی ئابووری جیاوازیەکی زۆر لە نێوان هاوکێشەکانی هەردوو ولات هەیە، بەڵام گۆرانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دوای ڕووداوەکانی (جەنگی ئەفگانستان و عێراق /بەهاری عەرەبی و جەنگی سووریا / جەنگی داعش )، بوونە هۆی گۆڕینی تەواوی هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماسی وئابووریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، تا ئاستێک بەرژەوەندیە ئابووریەکان بوونە هۆی دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان وڵاتە عەرەبیەرکان و سەپاندنی سزا و ئابولووقەی ئابووری.

 

قەتەڕ و هەرێمی کوردستان لە دوای بەهاری عەرەبی

قوڵبوونەوەی بەرژەوەندییە ئابووریەکان و هەژموونی هێزی سەربازی دوای ساڵی 2009، ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی بەستنەوە بە ڕکابەریە ناودەوڵەتی و هەرێمیەکانی پەیوەندیدار بە سێکتەری وزەوە، بە تایبەت گازی سروشتی. ئەمەیش بووە هۆی گرتنە بەری سیاسەتێکی فراوانی قەتەر بۆ گرنگیدان بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ بازارەکانی ئەورووپا، لەو رووەوە چەندین پرۆژە بۆ هەناردەکردنی بە سەرپەرشتی هێزە ناوەدەڵەوتیەکان بو هاوبەشی هێزە هەرێمیەکان، بە تایبەت تورکیا، ئێران، سووریا، بەڵام دەوڵەمەندی قەتەر و ئێران بە گازی سروشتی و گرنگی پێگەی جوگرافیایان تەواوی هاوکێشەکانی گۆری تا کاتی سەرهەڵدانی جەنگی داعش و دروستبوونی دووبەرەکی نێوان هێزە هەرێمیەکان، بە تایبەت دوای هەردوو پرۆژەی گازی قەتەر – تورکیا، هەروەها پرۆژەی ئێران- عێراق – سووریا.

پێگەی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ژیرانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو ساتەدا، توانی بۆ یەکەمین جار لە رێگەی دیپلۆماسیەتێکی بەهێزەوە، دەرگای پێوەندیەکانی کوردستان- کەنداو بکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بە هاوشانی پێوەندیەکانی کوردستان - تورکیا، هەروەها کوردستان -  ئێران،  و هاوکیشەکانی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئاستێک بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ژیارانە کار بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیای بیانی و برەودان بە کەرتی وزە بدات.

ئامانجی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەوساتەدا، جگە لە پتەوکردنی پێوەندیەکانی لەگەڵ ولاتانی کەنداو، هاوکات گرنگیدان و پەرەپیدان بوو بە ناوچە ستراتیژیەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا و هەروەها خۆ گونجاندی سیاسەتی هەرێم بوو لە گەڵ هەر گۆرانکارییەکی نیوان ولاتانی عەرەبی لە میسرەوە تا سنوورەکانی تورکیا.

قەتەر وەک وڵاتێکی عەرەبی بە پاراستنی پیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا لە هەمانکاتدا، بووە هۆی پاراستنی بەرەوەندیەکانی و هاوکات ڕێگریکردنی لە بێبەشکردنی قەتەر لە هەر پرۆژەیەکی ناوچەکە. هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی ئەو کاتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەت، توانی هەموو ئامادەکاریەک بکات بۆ ڕێککەوتن لەگەل تورکیا وڵاتانی تری ناودەوڵەتی لە کاتێ بێ بەشکردنی کوردستان لەهەر گۆرانکاریەکی ناوچەکە. ئەوە بوو دوای بێ باکی ئەمریکا وعێراق، هەرێمی کوردستان بڕیاری هەناردەکردنی نەوتی دا بێ ئەوەی بگەڕیتەوە بۆ بەغدا.

قەتەر و هەرێمی کوردستان دوای ڕووداوەکانی 2017

ساڵی 2017 بۆ قەتەر و هەرێمی کوردستان بە ساڵێکی پڕ ئاڵنگاری و لە هەمانکاتیشدا بە ساتێکی پڕ دەرفەت و گۆڕنکاریش ئەژمار دەکرێت. تێکچوونی پێوەندیەکانی قەتەر و وڵاتانی کەنداو، بووە هۆی سەپاندنی ئابلووقەی ئابووری و دیپلۆماسی بۆسەر قەتەر لە لایەن سعوودیە، ئیمارات و میسر و داخستنی سنوورەکان و راگرتنی هەناردەکردنی کاڵا و تێکدانی پێوەندیە بازرگانییەکان، بەڵام سەپاندنی ئەو سزایانە بۆسەر قەتەر هاوکیشەکانی پێچەوانە کردەوە و لە جیاتی قەتەر بێ هێز بکەن، ئەوا پێگەی حکوومەتی دەوحە بەهێز تربوو، بە جۆرێک ئەو سزایانە بوونە هۆی پشت بەستنی قەتەر بە بەرهەمی ناوخۆیی، بە تایبەت ئەو کاڵایانەی کە لە میسر و سعوودیە و ئیماڕات هاوردەی دەکردن، هاوکات، توانی لە ڕێگەی پتەوکردنی پێوەدنیەکانی لەگەڵ تورکیا وابکات خواستی ناوخۆیی دابین بکات و لە ڕێگەی ئێرانەوە ئابلووقە ئاسمانییەکان وەلا بنێت. قەتەر بەوەیش نەوەستا لەماوەی سەپاندنی سزایە ئابووریەکان، میری قەتەر پێوەندیە ئابووری و سەربازیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، بە تایبەت ئەڵمانیا بەهێزتر کردن و تا ئاستێک لەسەردەمی ئابلووقەی دیپلۆماسی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی قەتەری کرد. ئەنجام سەرنەگرتنی هاوکێشەکانی ناوچەکە بێ بەشداری قەتەر و بوونی دەوحە بە سەنتەری دیپلۆماسیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی، وڵاتانی تری ناچار کرد، پێوەندیەکانیان لەگەڵ قەتەر ئاسایی بکەنەوە. هەروەها قەتەر دوای ئەو رووداوانە لە ئێستادا ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێرێت بۆ ئاشتکردنەوەی وڵاتانی هەرێمی ناوچەکەو چونکە لەیەک کاتدا، پیوەدنیەکانی لەگەڵ تورکیا و سعوودیە، ئێران و تەنانەت ئیمارات و ئیسرائیلیش لە ئاستێکی باشدان و  هاوکات ڕۆلێكی سەرەکیشی هەیە لە رووداوەکانی ئەفگانستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و جوڵە ستراتیژیەکانی لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2017، هاوشێوەیەکی بەهێزیان پێوە دیارە بە تایبەت لە ئاراستەکردنی جوڵەی دیپلۆماسی و پێرەوکردنی هێزی نەرم و دووبارە گەڕاندنەوەی هێزەکان،  بۆ هاوکێشەکانی ناوچەکە و بەشداری کارایی پێگەی هەرێمی کوردستان لە هەر گۆرانکاریەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش بە ڕوونی لە ڕوانگە و جوڵە بەهێزەکانی سەرۆکی کوردستان لەو ماوەیدا بەدی دەکرێت.

دوای ئەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە هۆی داخستنی سنوورەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، لەلایەن هیزە هەرێمیەکان بە بەغداشەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی توانی ڕێککەوتن لە گەڵ رووسیا واژوو بکات، لە پێ‌ناو پاراستنی ئابووریەکەی، هەروەها وێڕای داخستنی سنوورەکان و قەتیسکردنی پێوەندیە دیپلۆماسیەکان، سەرۆکی کوردستان توانی فەرەنسا بهێنێتەوە ناوهاوکێشەکان.

سیاسەتی بەهێزی دیپلۆماسی سەرۆک و دیدگایە ستراتیژیەکانی بوونە هۆی دووبارە کرانەوەی دەرگایە دیپلۆماسیەکان و هاوکات گەڕانەوەی هیوای سیاسی و ئابووری بۆ بەهێزکردنەوەی پێگە هەرێمی کوردستان.

سیاسەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نەک پیوەندیەکانی ئاسایی کردنەوە، بەڵکو توانی لە رووی پێرەوکردنی دیپلۆماسیەتی ئابووری، سەرنجی زلهێزە جیهیانیەکان وەک فەرەنسا وبەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشیت و هەوڵیر بکات بە مەحەکی ئاراستەکردنی جولەکانیان، سەرۆک بەوەیش نەوەستا، بەهێزکردنی پیوەندیەکانی لەگەڵ ولاتانی کەنداو هەورەها پتەوی پێوەدنیەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا لەیەک کاتدا، بوونە هۆی ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببێت بە کلیلی ئاشتکردنەوەی هیزە هەرێمییەکان و کردنەوەی دەرگاییە دیپلۆماسیەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەولێری کردە مەحەکی پێوەندیە تازەکانی عێراق و ئاراستەکردنی جولەکانی داهاتووی ناوچەکە

ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمیری قەتەر و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە،  هەردوو لایەن جگە لە جەخکردنەوە لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر، لەسەر کەرتى ئابوورى، باسیان لە "ده‌رفه‌تى سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوى عیراق كرد وه‌ك بازاڕیكى گه‌و‌ره‌‌ به‌تایبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق پێویستن"، ئەمە بە واتای سەرکەوتنی هەردوو سەرۆک دێت لە کردنەوەی دەرگای تازەی دیپۆماسی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و بارودۆخی عێراق بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنەکان.

دیدگای وزەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی فاکتەرێکی گرنگ دەبێت لە ناوەزەند کردنی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکەی دەولەمەند بە وزە و گازی سروستی بۆ پێشڤەبردنی ئابووری کوردستان

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین