هاوپه‌یمانێتى كورد و شیعه‌.. دواى كشانه‌وه‌ى سه‌در و كێشه‌كانى ناو یه‌كێتى ناوخۆیی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نوورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا گه‌یشته‌ هه‌ولێر، دۆسیه‌ى گرنگى سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقه‌، به‌رپرسێكى پارتى ده‌ڵێ هه‌ر دوولا ده‌یانه‌وێ چاو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بخشێننه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئاب نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ پێشتر سه‌رۆك وه‌زیران و ماوه‌یه‌كیش جێگرى سه‌رۆك كۆمار بووه‌، گه‌یشته‌ هه‌ولێر و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كۆبووه‌وه‌ و به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى باره‌گاى بارزانى، سه‌رۆك بارزانى و مالیكى دووپاتیان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق له‌واده‌ى خۆى كردووه‌ته‌وه‌.

پێشتر وه‌ك له‌ راگه‌یاندنه‌كان بڵاو ده‌كرایه‌وه‌ پارتى و ره‌وتى سه‌در له‌ یه‌كتر نزیك بوون و ته‌نانه‌ت ده‌نگۆى ئه‌وه‌یش هه‌بوو كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ هاوپه‌یمانیان پێكهێناوه‌. هه‌ر چه‌نده‌ به‌رپرسانى پارتى له‌ راگه‌یاندن نكۆڵیان له‌وه‌ ده‌كرد هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ سه‌در هه‌بێت، به‌ڵام له‌ برى هاوپه‌یمانى باسى ئه‌وه‌یان ده‌كرد لێكتێگه‌یشتن بۆ  قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌.

مالیكى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ناو یه‌كێتى
بێ ئومێد بووه‌

له‌به‌رانبه‌ر پارتى، یه‌كێتى هه‌وڵى ده‌دا له‌ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و هاوپه‌یمانى فه‌تح نزیك ببێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى ئه‌و سێ لایه‌نه‌ به‌ راشكاوى دووپاتیان له‌سه‌ر پێكهێنانى هاوپه‌یمانى ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام مانگى رابردوو دوو رووداوى گه‌وره‌ى سیاسى هاته‌پێشه‌وه‌ و ئه‌مه‌یش لایه‌نه‌كان ناچار ده‌كات چاو به‌ هاوپه‌یمانێتیان بخشێننه‌وه‌.

یه‌كه‌میان له‌ هه‌شتى ته‌مووزى رابردوو كێشه‌یه‌ك كه‌وته‌ نێوان بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى، كه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌. دووه‌میش له‌ 15ى مانگى رابردوو موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كشانه‌وه‌ى ره‌وته‌كه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ راگه‌یاند. ئه‌م دوو رووداوه‌ وا ده‌كات لایه‌نه‌كان له‌ پێكهاته‌ى كورد و شیعه‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتىیه‌كانیان بكه‌ن.

له‌ لایه‌ك پارتى كه‌ به‌ نیازى نزیكبوونه‌وه‌ بوو له‌ سه‌در، له‌ لایه‌كى تریش هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ خۆى به‌ هاوپه‌یمانى یه‌كێتى ده‌زانى.

 نوورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى رووداو باسى كێشه‌كانى یه‌كێت كردووه‌ و ده‌ریخستووه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. مالیكى ده‌ڵێ، "به‌ راشكاوى ده‌ڵێم هه‌وڵمدا، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ڵام نه‌متوانى شتێك بكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ كێشه‌كه‌ گه‌وره‌ و قووڵه‌. پێشوازیم له‌و برایانه‌ كرد كه‌ هاتبوون، هه‌ر لایه‌نێك قسه‌ له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات و مه‌سه‌له‌كه‌ روون ده‌كاته‌وه‌، ته‌نگژه‌كه‌یش هه‌یه‌. به‌ راشكاوى ده‌ڵێم نامه‌وێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نێك لایه‌نگرى لایه‌نێكى تر بكه‌م".

له‌و  حاڵه‌ته‌دا  وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر دوو لا "پارتى و ده‌وڵه‌تى یاسا" ده‌یانه‌وێ چاو  به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان بخشێننه‌وه‌. ڤیان سه‌برى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى حزبه‌كه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌ى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "سه‌ردانه‌كه‌ی نووری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌ كاتێكدایه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌داین و، نێوماڵی شیعی بوون به‌ دووبه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، سه‌درییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت ، ده‌وڵه‌تی یاسایش له‌گه‌ڵ ئه‌وەن‌، له ‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له ‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".

دواتر سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و ده‌وڵه‌تى یاسا ڤیان سه‌برى ده‌ڵێ، "سه‌ردانه‌كه‌ی مالیكی پەیوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژداردن و پەیوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌وڵه‌تی یاساوە‌ هه‌یه‌، هەروەها چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌ پەیوه‌ندییه‌كان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین