ئۆپراسيۆنەكانى توركيا لە هەرێمى كوردستان لە نێوان جەنگى تيرۆر و  ئامانجەكانى تر شیکاری

نوچەنێت:

هەرچەندە عێراق بەردەوام ناڕەزايى دەردەبڕێت بەرانبەر بۆردوومانەكانى توركيا لە ناو خاكى عێراق، بەڵام توركيا بەردەوامە لە بۆردومانكردنى چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە عێراق، بە دياريكراويش بۆردوومانکردنى هەرێمى كوردستان، ئەمەیش بۆتە هۆكارى ئەوەى توركيا بەوە تۆمەتبار بكرێت، كە لەو ئۆپراسيۆنانە ئامانجى ترى هەيە، ئەو كارانەشى بەدەستوەردانى لە ئاسمانى عێراق دادەندرێت.

توركيا ماوەى (٢٥) ساڵە نزيكەى (١٠) بنكەى سەربازى لە هەرێمى كوردستان هەيە، بە بەرنامە شوێنەكانى پەكەكە لە ناوچە شاخاويیەكانى هەرێم بۆردوومان دەكات.

پارتى كرێكاران لە (١٩٨٤) دەستى بە شەڕكردن كردووە لەسەر خاكى توركيا، تا ئێستا نزيكەى (٤٠) هەزار كوژراوى لێكەوتۆتەوە.

لە (٢٣) مانگى ئايارى رابردوو توركيا ئۆپراسيۆنێكى سەربازى دەستپێكرد بۆ راوەدونانى چەكدارانى پەكەكە، لە ناوچەكانى قەنديلى نزيك سنوورى توركيا، كە بنكە و بارەگاى پەكەكەى لێيە، كە لەو شوێنانەوە هێرش دەكەنە سەر توركيا.

لە پێنجى ئەو مانگە توركيا كەمپى پەنابەرانى مەخموورى بۆردوومان كرد، كە (٢٥٠) كيلۆمەتر لە سنوورى نێوان توركيا عێراق دوورە، پێشتر رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆكى توركيا هۆشدارى پاكردنەوەى ئەو كەمپەى دابووە دەسەڵاتدارانى عێراقى، لەو هێرشە سێ كەس كوژران، بەقسەى ئەردۆغان، يەكێكيان بەرپرسێكى باڵاى پەكەكە بووە، لە بەرانبەردا بەرپرسانى كورد دەڵێن، "ئەو سێ كەسەى كوژران هاووڵاتى مەدەنى بوون".

تەها عۆدە ئۆغلۆ چاودێرى سياسى تورك بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەياند، "ئەنقەرە ئامانجى هێرشكردنە بۆ سەر چەكدارانى پەكەكەيە، لە هەرێمى كوردستان بێت، ياخود  لە باكوورى سووريا". 

بەڵام رۆستەم مەحموود نووسەر و چاودێرى سياسى ئاماژە بەوە دەكات،"دەستوردانى سەربازى توركيا لەژێر پاساوى (نەهێشتنى تيرۆر)، توركيا بەوە سياسەتى ستراتيژى فروانخوازى لە هەموو لايەكان دەست پێدەكردووە، كە دەيەوێت فراوانخوازى خۆى لەو ناوچەيە جێبەجێ بكات".

 

ئامانجەكانى تر

مەحموود لە درێژەى قسەكانيدا گوتى،" نزيكەى (٤٠) ساڵە توركيا رووبەڕووبوونەوەى چەكدارانى پەكەكە دەبێتەوە، بێگومان توركيا سێ ئامانجى سەرەكى هەيە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى روونيكردەوە" توركيا دەيەوێت رێگر بێت لە هەر بوونێكى نەتەوەى كورد لەو ناوچەيە، هەروەك دەيەوێت خاكى هەرێمى كوردستانى عێراق بەكاربهێنێت، لەو حاڵەتەدا فشارێك لەسەر هەرێمى كوردستان دروست دەكات، لە ناوچە شاخاوييەكان بێت، يا لە شنگال و ناوچەكانى ترى هەرێمى كوردستان".

ئامانجى دووەمى " توركيا لە چوارچێوەى ئۆپراسيۆنەكانى لە هەرێمى كوردستان بۆ قوڵكردنەوەى بيرى نەتەوەيى توركە لە ناوخۆى توركيا و بەهێزكردنى سيستەمەكەيەتى، بۆ ئەوەى بتوانێت زۆربەى بەربەستە ئابوورى و كۆمەڵايەتييەكانى ناوخۆى تێپەڕێنێت".

ئامانجى سێيەمى ئەو ئۆپراسيۆنانە ئەوەيە" توركيا دەيەوێت لەناو خاكى عێراق جۆرێك لە هاوسەنگى سەربازى لەگەڵ ئێران ڕابگرێت". ئاماژەى بەوەش كرد، "هەماهەنگى نێوان ئەنقەرە و تاران بۆ ئەو پرسە هەيە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "توركيا لە هەرێمى كوردستان بێت، يا لە مووسڵ، واتە هەژموونى سياسى هەيە، كە دواتر زۆر بە ئاسانى هەژموونى ئابوورى دەسەپێنێت، توركيا گرنگترين هاوبەشى بازرگانییە لە عێراق، جێبەجێكارى ناردنەدەرەوەى نەوتى عێراقە، كاريگەرى رۆشنبيرى هەيە لە عێراق، بەتايبەت لەسەر عەرەبى سووننە".

سەبارەت بە هەماهەنگى نێوان توركيا و ئێران لەناو خاكى عێراق، تەها ئۆغلۆ پێى وايە،" ئێران نيگەرانە لە دەستوەردانەكانى توركيا لە سنوورەكانى هەرێمى كوردستان لەگەڵ ئێران".

ئۆغلۆ لەبەشێكى ترى قسەكانى بە(حوڕە)ى رايگەياند" ئۆپراسيۆنەكانى سوپاى توركيا نزيكەى ساڵێكە بەردەوامە، لەو بڕوايەدام گەيشتۆتە قۆناغى كۆتايى، بەتايبەت ئامانجى گەورەى ئێستاى توركيا چياكانى قەنديلە، كە ناوەندى پەكەكە و سەركردەكانييەتى لەو شوێنانەيە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد" ئامانجى توركيا بريتييە لە دەستگيركردنى ئەندامانى ئەو رێكخراوە و بڕينى هاوكارييەكانيان، بەتايبەت لە شنگال بێت، يا لەقەنديل، گرنگتر لەوە لەو چەند مانگەى دوايى تێبينيمان كردييە لە هەرێمى كوردستان و ناوچەكانى ترى باكوورى سووريا، سوپاى توركيا دەيەوێت رێگەى هاوكارييەكانى نێوان سنوورەكانى هەرێمى كوردستان و بەشى باكوورى سووريا ببڕێت".

 

 

كۆتايى ئاڵۆزییەکان

ناتواندرێت پێشبنى داهاتووى ململانێى توركيا و پەكەكە و كۆتايى ئەو ململانێيە بكرێت، ئۆغلۆ ئاماژەى بە بوونى" لقى ئێرانى پەكەكە" كرد، وەک خۆى دەڵێت، "بەشێك لە چياكانى قەنديل دەكەوێتە خاكى ئێران، دەكرێت هەندێك لە ئەندامانى پەكەكە لە رێى چياكانى قەنديلەوە چوونەتە ناو خاكى ئێران، ئەو كارەش لە داهاتوو بۆ توركيا سەخت دەبێت". 

لە بەرانبەردا تەها ئۆغلۆ پێى وانييە، "ئامانجى وڵاتەكەى مانەوە و فراوانكردنى هەژموونى توركيا بێت، بەتايبەت پەيوەندیى عێراق و توركيا لە رووى سياسى و ئابوورى و بازرگانى گەيشتۆتە بەرزترين ئاست، بەڵام كێشەى سەرەكى توركيا بريتيە لە  كێشەى ئەمنى، كە خۆى لەكۆتايى هێنان بەپەكەكە لەو ناوچەيە دەبينێتەوە، كە لەو ماوەى دواييش بۆتە ساردبوونى پەيوەندى نێوان ئەو عێراق و توركيا".

بەغدا بەردەوام ناڕەزايى بەرانبەر بۆردومانەكانى توركيا دەردەبڕێت، بەڵام ئەنقەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئەگەر بەغدا تواناى دوورخستنەوەى پەكەكەى نييە لەو ناوچانە، ئەوا خۆى ئەو كارە دەگرێتە ئەستۆ".

 

 

 

كێشەى سياسى

رۆستەم مەحموود پێى وايە" بوونى چەكدارانى كورد لەو ناوچەيە، لە ئەنجامى كۆمەڵێك سياسەتى كەڵەكە بووە، كە توركيا پەيڕەوى كرد، ئەوەش بووە هۆى دروستبوونى پرسى كورد".

لە كاتێدا توركيا ئۆپراسيۆنەكانى لە عێراق لە ژێر ناونيشانى جەنگ دژى تيرۆر جێبەجێ دەكات، مەحموود دەڵێت،" بەڵام ئەنقەرە زياتر لە جارێك بە نێوەندگيرى لايەنە جۆراوجۆرەكان، دانووستانى لەگەڵ پەكەكە كردووە، توركيا چەند جارێك سازشى بۆ پەكەكە كردووە، زياتر لە هەلێكى پێداون، چۆن دەكرێت ئەوانە بە تيرۆرست وەسف بكرێن، كەواتە ئەوە بەڵگەيە کە كێشەيەكى سياسى هەيە، كە توركيا دان بەبوونى گەلى كورد داننانێت، بوونى پەكەكە بەرئەنجامى ئەو سياسەتانەيە".

لە بەرانبەردا ئۆغلۆ دەڵێت، "كێشەى لەگەڵ كورد نييە، تەنانەت (٢٠١٣) لە گفتوگۆى توركيا و كورد هەواڵگرى توركيا رێگەى بە عەبدوڵا ئۆجەلانى رێبەرى پەكەكە دا وتارێك بدات، كە بە مێژوويى وەسف كرا".

لە مانگى ئازارى (٢٠١٣) عەبدوڵا ئۆجەلان داواى لە چەكدارانى پەكەكە كرد، "چەك دابنێن و لە خاكى توركيا بكشێنەوە لە چوارچێوەى پرۆسەى سياسى، ئەوەش هيواى كۆتايى هێنانى بە ململانێى خوێناوى هەردوولا زيندووكردەوە".

لەو كاتەدا جەنگ وەستا، دواى دوو مانگ لە وتارەكەى عەبدوڵا ئۆجەلان پەكەكە دەستپێكى كشانەوەى چەكدارەكانى بۆ عێراق راگەياند، دواى ماوەيەكى كەم پەكەكە ئەو دەستپێشخەرييەى هەڵپەسارد، ئەنقەرە بە پابەند نەبوون بەڵێنەكەى خۆى تۆمەتباركرد.

لە مانگى ئازارى (٢٠١٥)ى سوپاى توركيا دەستى بە ئۆپراسيۆنێكى فراوان كرد لە باشوورى رۆژهەڵاتى توركيا لە دژى چەكدارانى پەكەكە، دواى سێ رۆژ لەو ئۆپراسيۆنە عەبدوڵا ئۆجەلان لە زيندانەوە پەيامێكى ئاڕاستەى چەكدارانى پەكەكە كرد، كە چەك دابنێن.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئۆغلۆ ئاماژەى بەوەكردووە، "هەندێ لە كوردەكان كە مەبەستم پەكەكەيە، هەوڵى سەراوژێركردنى دۆخەکەيان دەدا لە چوارچێوەى هێرشكردن لەناوخۆى توركيا، ئەو شێوازە سياسييە لە (٢٠١٣ و ٢٠١٤) بەردەوام بوو، هێرشەكان دەستيپێكردەوە، بۆيە پێموايە توركيا چاوپۆشيكرد و هەندێك هەلى خستنە بەردەم پەكەكە، بەڵام سووديان لێوەرنەگرت، تەنانەت ئەو پارتە كوردييانەى لە پەرلەمانى توركياش هەن سووديان لەو هەلانە وەرنەگرتووە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین