کێ سیاسەتی دەرەوە کۆنتڕۆڵ دەکات؟ خامنەیی ڕاست دەکات یان زەریف؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

"سیاسەتی دەرەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لە وەزارەتی دەرەوە دیاری ناکرێ. بەڵکو لە لایەن بەرپرسانی باڵاتر لە وەزارەتی دەرەوە دیاری دەکرێ. واتە ئەو کارەی کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەنجام دەبێت، هەڵبەت وەزارەتی دەرەوەیش ڕۆڵی تێدا هەیە بەڵام بەو جۆرە نییە کە بڕیاردان لە دەستی وەزارەتی دەرەوەدا بێت. وەزارەتی دەرەوە جێبەجێکارە. سیاسەتەکانی دەرەوە لە لایەن هەموو بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دیاری دەکرێن و پێویستە وەزارەتی دەرەوە بە شێوازی تایبەت بە خۆی جێبەجێیان بکات و بەرەو پێشەوەیان ببات".

ئەوەی سەرەوە دوایین لێدوانەکانی ڕابەری ئێرانە کە وەک ڕەخنەیه‌کە لە قسەکانی محه‌مه‌د جەواد زەریف لە فایلە دەنگییەکەدا کە سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی سیاسەتی دەرەوە لە کۆماری ئیسلامی قسەی کردبوو.

سیاسەتی دەرەوە چۆن دادەڕێژرێت؟

لە بنەڕەتدا سیاسەتی دەرەوەی سیستەمێکی سیاسیی چ پێگەیەکی هەیە و ئەو ناوەند و دامەزراوانە کە دیاری دەکەن، کامانەن؟

بیرمەندانی زانستە سیاسییەکان دەڵێن سیاسەتی دەرەوە، درێژەی سیاسەتی ناوخۆیە. ئەوە بۆچوونێکی قەبووڵکراوە کە لەنێوان بیرمەندانی ئەو بوارەدا کۆدەنگی ڕێژەیی لە بارەیەوە هەیە.

قاسم سلێمانى به‌ به‌رپرسێكى ئه‌مریكا ده‌ڵى:
من سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران داده‌ڕێژم

 

ئەو بۆچوونە بەو واتایە دێت کە تێکەڵاویه‌ک لە فاکتەرە جۆراوجۆرەکان لە شانۆی ناوخۆیدا، سیاسەتی دەرەوەی سیستەمێکی سیاسیی ڕێکدەخەن. هەڵبەت ئەو فاکتەرە جیاوازانە، لە سیستەمە سیاسییە جیاوازەکاندا پشک و قەبارەی جیاوازیان هەیە. واتە لە ڕژێمە ملهۆڕ و تۆتالیتەرەکاندا ڕێژەی دەسەڵاتی بەرپرسانی باڵا، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو ئەو گرووپ و کەسایەتیانە کە لەو سیستەمەدا هەن و چالاکی دەکەن، زیاترە.

هەرچەندە بە شیوەیەکی کلاسیک سەبارەت بەو فاکتەرە کاریگەرانە کە لەسەر پرۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەدا بە شێوەیەکی تایبەت جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرکردەکان دەکرێتەوە، بەڵام لەو چەند دەیەی دواییدا و بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی دیموکراسی، ڕوانگە دامەزراوەییەکانیش بەوە زیاد کراون.

بەو جۆرەی گراهام ئالیسۆن بیرمەندی زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆی هارڤارد دەربارەی ڕوانگە دامەزراوەییەکان دەڵێت، ئەو بڕیارانەی کە دراون بە دەگمەن وەک بژاردەی سەرکردەکان لێکدەدرێنەوە.

ئەو دامەزراوانە لە دۆخێکی دووفاقە یان دوو ئاراستەیی، واتە هاوکاری بۆ پاراستنی سەروەری سیستەمی سیاسیی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی ئەرکە سرووشتییەکان و پێشبڕکێی و کێبرکێ بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆیان لە بەرانبەر دامەزراوەکانی تردان. بۆیە لە وڵاتانی دیموکراتدا جگە لە دامەزراوە حکومییەکان، ئورگانە ناحکومییە مودێرنەکان گرنگییان پێ دەدرێت. لە کاتێکدا کە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا ئەوە دامەزراوە نەریتییەکان کە ئەو ڕۆڵە دەگێڕن و لە بنەڕەتدا ڕێگا بە دامەزراندن و بە واتایەکی تر دەسەڵاتگرتنی یەکێتییە پیشەییەکان، ناوەندەکان و دامەزراوە خەڵکی و ناحکومییەکان نادرێت.
 

حکومەت وەک گەمەکەری سەرەکی


خامنه‌یى و زه‌ریف جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌
كه‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌ ده‌ست حكومه‌ت نییه‌

 

بەو حاڵەش و سەرەڕای هەبوونی گرووپە ناحکومییەکان لە شانۆی سیاسەتی دەرەوەدا، دەوڵەتی باراک ئۆباما و دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ مەودایەکی وەک زەوی و ئاسمانیان هەبووە. پاساوی ئەو جیاوازییە چییە؟

بەڵام سەرەڕای ئەوەی گرووپە ناحکومییەکان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت کاریگەری دادەنێن، هەم ڕیالیستەکان و هەم کانستراکتیڤیستەکان سەبارەت بەوە هاودەنگن کە ڕۆڵی سەرەکی لە پرۆسەی بڕیارداندا لە ئەستۆی حکومەتە. ئەو حکومەتە هەڵبەت دەتوانێ بکەوێتە ژێر کاریگەری فاکتەرە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی فۆرم بگرێت بەڵام دەبێ ئەوە قەبووڵ بکرێت ئەوە بابەتێکی ڕەها نییە.

بەڵام ئاشکرایە لە سیستەمە سیاسییە ملهۆڕەکان، دیکتاتۆرییەکان و توتالیتەرەکاندا تەنانەت ناوەندە ناوخۆییەکانیش بەشێک لە ناوەندەکانی سەر بە دەسەڵاتن و ئەگەری کاریگەریدانانی گرووپە ناحکومییەکان لە بەراورد لەگەڵ سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتدا ئێجگار کەمە.

سەرەڕای ئەوە هێشتا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خاڵێکی بنەڕەتی و بۆ جیاوازییەکانی نێوان سیستەمە سیاسییە جۆراوجۆرەکان. لە سیستەمێکی داخراو و ملهۆڕی وەک ڕووسیادا، کەسایەتیێک وەک سێرگێی لاڤرۆڤ هەرچەندە لە ڕیزی کەسانی نزیک لە سەرۆک کۆماری ڕووسیا پۆلێنبەندی دەکرێ بەڵام هاوکات لاڤرۆڤ بەو هەموو ئەزموونەوە لە شانۆی دیپلۆماسیدا تا جێگایەک دەستی کراوەیە کە سەرۆک کۆمار ڕێگای پێداوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە جۆری دەسەڵاتپێدان لە سیستەمە وڵاتانی دیموکراتدا (بۆ نموونە وڵاتانی ئەوروپا) جیاوازە، چونکە لەو وڵاتانەدا شانۆی سیاسەتی دەرەوە تەنیا گۆڕەپانی وەرگرتنی فەرمان لە سەرۆکی حکومەت نییە و دامەزراوە دەرەکییەکان و هەروەها ناوەندە ناوخۆییەکانی وڵات کە زۆربەیان لە بازنەی حکومەت و سەربە دەسەڵات نین دەتوانن بە گرتنەبەری میتۆدە باوەکان داواکاری و خواستەکانیان بەسەر سیستەمی سیاسیدا داسەپێنن.

ئایا وەزارەتی دەرەوە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا ڕۆڵ نابینێت؟

دوای ئەو پێشەکییە کە تا ڕادەیەکیش دوورودرێژ بوو، ئێستا با وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا لە ڕاستیدا وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە هەموو جیهان لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا هیچ ڕۆڵێک نابینێت؟

شەهیر شەهید سالس، نووسەری کتێبی "ئێران و ئەمریکا: ڕابردووی شکستخواردو و ڕێگای ئاشتی" لەو بارەوە بە ئاژانسی یورۆنیۆزی فارسی دەڵێت، "جۆری بیرکردنەوەی خامنەیی و ئەوەی بە کردەوە بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە ئەنجام دەدرێ ڕەخنەی جدی لەسەرە. بۆ نموونە لە ئەمریکای لاتین باڵاترین بەرپرس لە پێگەی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، وەزیری دەرەوەیە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا ئەوە میتۆدێکی باوە".

شەهیر سالس لە درێژەدا دەڵێت: "بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لەو ڕووەوە نائاساییە. عەلی ئەکبەر ولایەتی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕاوێژکاری خامنەییە. ولایەتی بە نوێنەرایەتی ڕابەری ئێران لەگەڵ پوتین دیدار دەکات و پەیامی پوتین لە لایەن باڵیۆزی ڕووسیاوە لەبری ئەوەی ڕادەستی وەزارەتی دەرەوە بکرێت، ڕادەستی ولایەتی دەکرێت. محەمەد باقر قالیباف پەیامی ڕابەری ئێران دەبات بۆ پوتین لە مۆسکۆ و عەلی لاریجانی بە نوێنەرایەتی ڕابەری ئێران (بۆ ئەوەی بەرپرسانی چین پرسەکە بە گرنگ وەربگرن!) لەگەڵ حکومەتی چین گفتوگۆ دەکات و دەگەنە ڕێککەوتن".

هەروەها مارک فیتز پاتریک سەرپه‌رشتی پێشووی بەشی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ قسەکانی خامنەیی هاوڕا نییە. فیتزپاتریک بە ئاژانسی هەواڵی یورونیۆز فارسی دەڵێت، "بێ گومان قسەکانی ڕابەری ئێران هەڵەن و ئەوە دەرخەری جۆری تێڕوانینی عەلی خامنەیی بۆ سیاسەتە. لە زۆربەی دەوڵەتەکاندا، چەندین ناوەندی جیاواز لە داڕشتن و ئامادەکردنی سیاسەتی دەرەوەدا ڕۆڵ دەبینن و وەزارەتی دەرەوە دەکرێ یەکێک لەو ناوەندانە بێت. بۆ نموونە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی لەو بوارەدا هەیە".

ئەو دیپلۆماتکارە بە ئەزموونە خانەنشینە ئەمریکییە لە درێژەدا دەڵێت، "بە گشتی حکومەتە ملهۆڕ و داخراوەکان هەموو دەسەڵاتێک بە سەرۆک دەدەن. لە کاتێکدا لە سیستەمە سیاسییە دیموکراتەکاندا ئەو مەیلە هەیە لە مودێلەکانی حوکمڕانی باش کەڵک وەربگیردرێت و لەو ئاراستەیەدا پرۆسەی بڕیاردان بە هاوئاهەنگی نێوان دامودەزگا جیاوازەکان ئەنجام دەدرێت".

راوێژكارى خامنه‌یى بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ 
پسپۆڕییه‌كه‌ى ته‌ندروستى منداڵانه‌ نه‌وه‌ك سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ 

 

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دەستی کێدایە؟

شەهیر شەهید سالس، شرۆڤەکاری پرسە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەوە بە یورۆنیوزی فارسی دەڵێت، لە وڵاتی ئێران قاسم سلێمانی بۆ جەنه‌راڵ دەڤید په‌تریۆس، فەرماندەی ئەو کاتی "سێنتکام" ئەو نامەیە نووسی: " پێویستە لەوە ئاگادار بن کە من، قاسم سلێمانی سیاسەتی ئێران سەبارەت بە عێراق، لوبنان، غەزە و ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ دەکەم". لە ڕاستیدا ئەوەی کە سلێمانی بە ئاشکرا خۆی وەک دیاریکەر و کۆنتڕۆڵکەری سیاسەتی دەرەوە لەو ناوچانە دەناسێنێت، هەمان ئەو خاڵانەن کە سەرچاوەی هەموو گرفتاری و دەرگیرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانن.

شەهیر سالس لە درێژەی دیمانەکەدا وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە ڕابەری ئێران یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمە دیموکراتییه‌کان پشتگوێ دەخات، بە یورۆنیۆز دەڵێت، "لە دیموکراسییەکاندا، ئەگەرهاتوو ئەو کەسەی کە لە وەک بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوە دانراوە، هەڵوێستێک بنوێنێت کە خەڵک تووشی گرفتاری و کێشە بکات، خەڵک دەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان و ئەو بڕیاردەرە یان ئەو حزبەی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکات لە دەسەڵات وەلا دەنێن. بۆیە جۆرج بۆش و کۆماریخوازەکان کە کارەساتی هێرش بۆ سەر عێراقیان خولقاند جێگای خۆیان دەدەن بە ئۆباما و حزبی دیموکرات، و ترەمپی تاکلایەنگەرا جێگای خۆی دەدات بە بایدنی فرەلایەنگرا. یان تۆنی بلێر، کە هاندەری تێوەگلانی بەریتانیا لە شەڕی عێراق بوو ناچار دەبێت دەست لەکار بکشێتەوە و لە کۆتاییدا حزبی کرێکار کە ئەو نوێنەرایەتی دەکرد جێگای خۆی دەدات بە محافیزەکاران بە ڕابەرایەتی دەیڤید کامرۆن".

ڕوانگە جیاوازەکان لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا

سەرەڕای ئەوەی باس کرا، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کابینە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سەرەتای ڕابەرایەتی  خامنەییەوە تا ئێستا، دەرخەری ئەوەیە کە لە پرۆسەی بڕیاردان لە کۆماری ئیسلامیدا چەندین ئاراستەی زۆر جیاواز دەبینرێن. ناکرێت کەسێک سیاسەتی حکومەتی سەید محەمەد خاتەمی لەگەڵ سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نژاد بە یەک سیاسەت بزانێت. هەروەها جیاوازی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی لەگەڵ حکومەتی پێش خۆی، جیاوازییێکە لە ئاسمانەوە تا زەوی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هەموو ئەو کابینانەدا ڕابەری ئێران خامنەیی بووە. ئایا ئەوە بەو واتایە دێت کە سیاسەتی دەرەوە لە کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی ڕابەری ئێراندا نییە؟

لە میانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٣، محەمەد باقر قاڵیباف، کە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و ئەو کات کاندیدی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە بوو، لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کەناڵی دووی دەنگ و ڕەنگی ئێران گوتی دەسەڵاتی حکومەت لە سیاسەتی دەرەوەدا نزیکەی سیفرە. ئەو ڕوانگەیەی قالیباف کە پێشتر فەرماندەی پۆلیس بووە، بووە هۆی باس و مشتومڕێکی زۆر لە ژینگەی سیاسیی ئێراندا. قاڵیباف لەو بڕوایەدا بوو ئەگەر کەسێک بەڵێن بدات کە دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی دەگۆڕێت، درۆ دەکات. چونکە لە ڕوانگەی قالیبافەوە کە ئەو کات شارەوانی شاری تاران بوو، شانۆی سیاسەتی دەرەوە لە ناوەندە باڵادەستەکانی سیستەمی سیاسیی ئێراندا پێناسە دەکرێت و دادەڕێژرێت. ئەوە ڕێک هاوچەشنی قسەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری ئێرانە کە لەم دواییانەدا لە لێدوانێکی خۆیدا باسى كردووه‌.

بەڵام بەو حاڵەش، هەر ئەو ساڵە حەسەن ڕۆحانی وەڵامێکی ئەو قسانەی دابووەوە کە دەتوانێ وێنەیەکی ڕوونتر لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بخاتەڕوو. ڕۆحانی گوتبووی: "ئێمە کابینەی زۆرمان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بینیون. لە کاتێکدا کە ڕابەر هەم ئەم ڕابەرە بوو، ئێمە بینیمان سیاسەتی دەرەوەی کابینەکانی بەڕێزان هاشمی، خاتەمی و ئەحمەدینژاد بە تەواوەتی لێک جیاواز بوون".

ئایا زەریف و خامنەیی یەک قسە دەکەن؟

کەوابوو ئایا لە بنەڕەتدا جیاوازیه‌ک لەنێوان قسەکانی خامنەیی و قسەکانی جەواد زەریفدا هەیە؟ ئایا هەر دووکیان سەبارەت بە مودێلێکی هاوشێوە قسە ناکەن کە تیایدا "وەزارەتی دەرەوە بەرپرسی داڕشتنی سیاسەت لە شانۆی دیپلۆماسیدا نییە؟"

عەلی واعز، بەرپرسی بەشی ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیران لەو بارەوە بە یورۆنیۆزی فارسی دەڵێت، "هەرچەندە ئەوە ڕاستە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا وەزارەتی دەرەوە ڕۆڵی جێبەجێکاری سیاسەتەکان (نەک بڕیاردان لەو بوارەدا) دەبینێ بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕابەری کۆماریی ئیسلامیی خۆی لە ڕەخنە سەرەکییەکەی زەریف دەربارەی ناهاوسەنگی نێوان مەیدان و دیپلۆماسی نەدا و باسی لێ نەکرد".

واعز لە درێژەى قسه‌كانیدا دەڵێت، "بێ گومان وەزارەتی دەرەوە لە زۆربەی وڵاتاندا لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی تر، گرنگی بە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان دەدات و ڕوانگەیێکی تایبەت دەگرێتەبەر و ناوەندە باڵادەستەکان ئەو ڕوانگەیە هاوتەریب لەگەڵ ڕوانگەکانی تر کە لە لایەن ئەکتەرەکانی تر و لەوانە هێزە چەکدارەکان، پێشنیار دەکرێن هەڵدەسەنگێنێت و بڕیاری کۆتایی دەدات. ئەوەی گرنگە هاوسەنگی و هاوئاهەنگی نێوان ناوەندەکانی بڕیاردان و جێبەجێکارە. ڕابەری کۆماری ئیسلامی بە کردەوە ڕەخنەکانی زەریف سەبارەت بە نەبوونی هاوسەنگی و هاوئاهەنگی پیویست لەنێوان ناوەندەکانی سەربازیی و دیپلۆماسی لە ئێراندا پشتڕاست دەکاتەوە".

ئایا وەزیری دەرەوە ڕۆڵێک زیاتر لە جێبەجێکردنی سیاسەتە پەسەندکراوەکان دەگێڕێت؟

سینا عزدی، لێکۆڵەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی ئەتلانتیک لەو بارەوە بە یورۆنیۆز دەڵێت، "وەزیری دەرەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بەرپرسی داڕشتنی سیاسەت نییە، بەڵکو ئەرکی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەتی لە ئەستۆیە".

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە درێژەدا دەڵێت: "لە مێژووی ئەمریکادا من تەنیا هێنری کسینجەر دەناسم کە لە شانۆی سیاسەتی دەرەوەدا سیاسەتی داڕشتبێت و هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە ڕوانگەی سیاسیی کسینجەر و سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا واتە ڕیچارد نیکسۆن یەک ئاراستەیان هەبوو".

عزدی لە درێژەدا دەڵێت: "وەزیری دەرەوە پێڕەوی لە سیاسەتە گشتییەکانی دەسەڵات دەکات. بۆیە ئەو کاتەی زەریف سەردانی ئەمریکای کرد، داواکاریی ئەمریکییەکانی بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕەت کردەوە چونکە [لە لایەن ناوەندە باڵادەستەکانی ئێرانەوە] ڕێگەی ئەو دیدارەی پێ نەدرابوو".

سەرەڕای ئەوە سەبارەت بە چۆنیەتی کاریگەریدانانی ستراکتۆر[سیستەم] و بکەر [وەزارەتی دەرەوە] لەسەر یەکتری، ئایا دەکرێ بڵێین لە کۆتاییدا بکەر هیچ ڕێگایێکی نییە جگە لە قەبووڵکردنی ئەو سیاسەتانەی کە ستراکتۆر پێی ڕادەگەیێنێت؟

شەهیر شەهید سالس لەو بارەوە دەڵێت: "خامنەیی لە پێگەی ڕابەرێکی هەتاهەتاییدا هەر جۆرە بڕیارێک کە خۆی پێی خۆشە بۆ سیاسەتی دەرەوە دەیدات و سەرەڕای ئەو گوشارە پڕووکێنەرە کە بە هۆی دەرگیری لەگەڵ ئەمریکا و پێداگری ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، کەوتووەتە سەر شانی بەشێکی زۆر لە خەڵک، بەڵام هیچ کەس توانای گۆڕینی خامنەیی وەک تاقە بڕیاردەری سیاسەتی دەرەکی نییە".

سەرەڕای هەموو ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، پێویستە ئەوە قەبووڵ بکرێت کە سەرەکیترین ئەکتەری دیاریکەری سیاسەتی دەرەوە لە سیستەمێکی سیاسیدا سەرۆکی حکومەتە. بۆیە ئەمریکا بە هەموو لۆبییە کاریگەرەکانییەوە لە ڕەوتی داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەدا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بڕیار دەدات تەنیا  ١٥ هەزار پەنابەر وەربگرێت، بەڵام تەنیا چەند مانگ دوای ئەوە، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە، ئەو سنوورانە دەسڕێتەوە و ئەو ڕێژەیە بەرز دەکاتەوە بۆ ٦٢ هەزار و ٥٠٠ کەس.

هەر لەو سیستەمە سیاسییەدا سەرۆک کۆمارێک بڕیار دەدات لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بگاتە ڕێککەوتن و سەرۆکی داهاتوو لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەرەوە بەڵام هاوکات، هەڵبژاردنێک بەڕێوە دەچێت کە سەرۆکی دژە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە شانۆی دەسەڵات وەلا دەنێت.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین