سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌ سه‌ر رۆڵ و كاریگه‌رى یه‌كێتى ده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ له‌ هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى كۆبووه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تى و ڕۆڵ و پێگه‌ى دیار و كاریگه‌رى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوارى ئایار له‌ سلێمانى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى كۆبووه‌وه‌، له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردانیدا بۆ سلێمانى، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/4 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكان و مەكتەبی سیاسیی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پێویستى و گرنگیى كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ییى نێوان ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو مسۆگه‌ركردن و پاراستنى ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و ئێستا و قۆناغه‌كانى داهاتوودا، جه‌ختى له‌ به‌رپرسیاریه‌تى و ڕۆڵ و پێگه‌ى دیار و كاریگه‌رى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پرۆسه‌ى سیاسى و حوكمڕانیى هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراقدا كرده‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان وێڕأى ده‌ستخۆشى، هه‌موو پشتگیرییه‌كى یه‌كێتییان بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو نه‌هێشتنى ناكۆكییه‌كان و هێنانه‌دى یه‌كده‌نگى و هاوهه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزیى نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستاندا دووپات كرده‌وه‌ و هه‌موو هاوكارییه‌كیان بۆ سه‌رخستنى ئه‌و هه‌وڵانه‌ نیشان دا و هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ میكانیزم و چواچێوه‌یه‌كى هاوه‌به‌ش بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌بێت.

هه‌نگاوه‌كان بۆ ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین